ئاگادار کراینەوە کە شەوی چوارشەممەی ڕابردوو ، ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار ، کەسێکی کوردپەروەر و ئەمەگناسی حیزبی دێموکرات بە ناوی “کەریم زێوەیی” خەڵکی ناوچەی پیرانشار دوای تەمەنێکی سەرفەرازانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو مرۆڤێکی نیشتماندۆست و جێی متمانەی تێکۆشەرانی دێموکرات بووەو هەر لەو پێناوەشدا چەندین کەڕەت لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمەوە دەسبەسەر و ئازار وئەشکەنجە کراوە.
شیاوی باسە کاک کەریم زێوەیی سەرەڕای گوشار و ئازار وئەزیەتەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، تا سەر بە خۆڕاگرییەوە لە خزمەت کردن بە تێکۆشەرانی دێموکرات بەردەوام مایەوە.
جێیئاماژەیە خەوالێخۆشبوو باوکی یەکێک لە پێشمەرگەکانی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان ،هاوڕێ محەممەد زێوەییە کە ئێستا وەکوو ئەندامی ئەو حیزبە لە دەرەوەی کوردستان دەژێت.
بەم بۆنەوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی بە سەرجەم کەسوکارو بنەماڵەی کاک کەریم زێوەیی، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.