ڕێژیمی ئێران، به بەردەوامی له هەمبەر ئاسەوارە مێژووییەکان کەمتەرخەم بووە و کەمترین چاوەدێری و پاراستنی لەسەر ئاسەوارە مێژووییەکان بەتایبەت ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان، هەبووە.
بۆ تۆمار کردنی ئاسەوارە مێژووییەکان دەبێت، دەوروبەری ئەو ئاسەوارە و خودی ئاسەوارەکه، شوێن پەنجەی سازکردنی نوێی پێوە دیار نەبێت، هەر بۆیەش ڕێکخراوی ئاسەوارە مێژووییەکانی ڕێژیم له کرماشان دەستی به لەنێوبردنی بیناکانی دەوروبەری تاقوەسان کرد، ئەم کردەوەیە له ئەسڵدا بۆ تۆمارکردنی جیهانی پێویست بوو، بەڵام بە شێوەی ناکارناسانە و ناشارەزایانە کردوویانە.
لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێگەی ئاوی کانی تاقوەسانیان گۆڕی و هێنایانە بەردەم تاقی تاقوەسان، کە بە وتەی کارناسان، ئەو ئاوە لە داهاتوودا خەساری قەرەبوونەکراو بەو ئاسەواره دەگەینێت.
سەرەرای قسەکانی کارناسان و وەدەنگ هاتنی خەڵکی کرماشان، کارناسانی ڕێژیم هەر بەو شێوەیە درێژەیان به کارەکانیان داوە.
یەکەم کێشەی کە بۆ تاقوەسان دوای ئەو نۆژەنکردنەوە پێش هات، چوونی ئاو بۆ نێو قەڵشی بەردەکانی تاقەکانی تاقوەسانە که دوای ساڵێک کەڕوویان هێناوە؛ دیسان بەناو کارناسانی ڕێژیم بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە، به شێوەێکی زۆر ناکارناسانه دەستیان به لەنێوبردنی کەڕووەکان لەسەر ئەو ئاسەوارە کردووە، نە تەنیا بۆیان چارەسەر نەکرا، خەسارێکی دیکەیان بەو ئاسەوارە گەیاند
ئەم شێوە نۆژەنکردنەوە و پاراستن و چاوەدێری کارناسانی ڕێژیم، بووەتە هۆی ئەوەی که یەکێک له تاقەکانی تاقوەسان قەڵەشیوە، که به هیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێت، بەڵکوو ڕوو له زیادبوون و گەورەتر بوونیش دەکات.