فەرمانداری شاری سنە، لە ترسی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شاری سنە بەهۆی کوژرانی لاوێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی “سارۆ قارەمانی”، بە شێوەیەکی قێزەون، ، دەستی کردووە بە پڕوپاگەندە و تۆمەتی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خستۆتە ئەستۆی هێزە دژبەرەکانی ڕێژیم.
لێدوانەکانی فەرمانداری شاری سنە لە حاڵێکدایە، کە سارۆ قارەمانی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری سنەدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا و پاش ١١ ڕۆژ بێسەروشوێن بوون، بنەماڵەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە تەرمی کوڕەکەیان لە سارخانەدایە و تەنانەت ئیزنی سەرخۆشیشیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ترسی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شاری سنە لەمەڕ کوژرانی ئەو لاوە تەمەن ٢٤ ساڵە، بەزۆرەملی گرتە ڤیدیۆییەکیان لە “محەممەد قارەمانی” باوکی سارۆ تۆمار و بڵاو کردووتەوە کە تێیدا دەڵێ: کوڕەکەی ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم بووە و لە شەڕ و تێکهەڵچووندا کوژراوە.
ئەم لێدوان وەرگرتنە زۆرەملییە لە باوکی سارۆ قارەمانی لە کاتێکدایە کە کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لەمبارەوە بۆ هەمووان ئاشکرایە و پێشتریش حالەتی لەم چەشنە لە ڕەشچاڵەکانی ڕێژیمدا بیندراوە؛ لە ١٦ی بەفرانباری ساڵی ٨٦ی هەتاوی، خوێندکاری کورد، ئیبراهیم لوتفوڵاهی پاش ئەوەیکە لە زانکۆی پەیامی نووری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، دوای چەند ڕۆژ ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیتلاعات، شەهید کرا؛ یان لە پووشپەڕی ساڵی ٨٤ی هەتاویدا لە ئیتلاعاتی مەهاباد لاوێکی دیکە بە ناوی “شوانە سەید قادرییان” لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم ٤ گیراوی دیکە بەناوەکانی سینا قەنبەری لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران، وەحید حەیدەری لە گرتووخانەی شاری ئەراک، عەلی پوولادی لە چالووسو موحسین عادڵی لە شاری دێزفوڵ و ئاریا ڕۆزبێهی بابادی لە پاڕیزگای خۆزستان لە دوای دەسبەسەرکرانیان گیانیان لە دەست داوە.