بە پێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئیلام، شنۆ و پیرانشار چوار کەسی دیکەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێ نادیاریان ڕاگواست. ئەو کەسانە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون.
لە ئیلام ئیدارەی ئیتلاعات کەسێکی خەڵکی ئەو شارەی بەناوی غوڵامرەزا قەنبەرپوور دەسبەسەر کردوە بۆ شوێنێکی نادیاری گواستۆتەوە. ناوبراو 5 ساڵ لەوە پێشیش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیرابوو و ئەمجارەش هەر لەو سۆنگەیە گیراوە.
لە پیرانشاریش هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بەفرانبار کارمەندێکی نەخۆشخانەی ئەو شارە بە ناوی ناسح خالیدی دەسبەسەر و بۆ زیندانی ئیتلاعات بردراوە.
چەند ڕۆژ پێش ئەوە و لە ڕۆژی ١٣ی بەفرانباریشدا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کەسێکی تەمەن سەرو ٥٠ ساڵی خەڵکی کۆنەلاجان بە ناوی “محەممەد ئیبراهیمی”یان دەسبەسەر کردبوو. ئەو دوو کەسەش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی گیراون.
ڕۆژی پێش ئەو ڕووداوە، واتە ڕۆژی سێشەممە 12ی بەفرانباریش لە شنۆ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کەسێکی خەڵکی ورمێیان بە ناوی مەنووچێهر حەمیدزادە دەسبەسەر کرد. ناوبراو کە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراوە، لە کاتی سەردانی بۆ شنۆ لە ماڵە خزمێکی دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧دا لانیکەم ٧٧٩ کەس لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و، کە ٢٤٦ کەسیان بە بڕیاری دادگا حوکم دراون.