کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
تازەترین قوربانیی سیاسەتی قەڵاچۆی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد “پشتیوان موعین”ی ناوە و ٢٣ ساڵی تەمەنە. هەواڵەکان لە سەردەشت باس لەوە دەکەن کە دوای کوژرانی ئەم کاسبکارە کوردە، بنەماڵەی موعین تەرمی کوڕەکەیان بردووەتە بەر دەرکی فەرمانداریی شاری سەردەشت و داوای سزادانی تاوانباران و بکوژی کوڕەکەیان کردووە.
کوژرانی پشتیوان موعین لە حاڵێک دایە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٢٠ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی “فەرهاد دەستوور” خەڵکی شاری مەریوان، بە هۆی بەربوونەوە لە ملەی “تەتە” بە سەختی بریندار بوو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە ناوەندی دەرمانی کرا.
ئەو کۆڵبەرە کوردە تەمەن ٣١ ساڵە، خێزندار و خاوەنی دوو منداڵە و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی، ڕووی لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی “سلێمان خزری”، تەمەن ٣٧ ساڵ، کوڕی حوسێن، خەڵکی گوندی “کانی مام سەیدە”ی سەر بە شاری نەغەدە، بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا.
بە گیان لەدەست دانی ئەم کۆڵبەرە کوردە، ئەمە سێیەمین کۆڵبەری کوردە، لە ئەم ساڵدا، بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانیان لە دەست داوە.