فەرماندەی ئینتزامیی پارێزگای سنە هەموو ئۆرگانە ئەمنیەتی و ئیدارەییەکانی رێژیمی لە ئەگەری سەرهەڵدانی خەڵکی ئەم پارێزگایە ئاگادار دەکاتەوە.
لە نامەیەکی تەواو نهێنیدا کە نوسخەیەکی بەدەست کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، فەرماندەی ئینتزامیی پارێزگای سنە، هەموو دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئەم پارێزگایە کە هەموو شارەکان و بەشی زۆری دام و دەزگا ئیدارییەکانی رێژیم و تەنانەت، بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆ، قوتابخانەکانیش، لە ئەگەری سەرهەڵدانی نارەزایەتیی دژ بە رێژیم لەم پارێزگایە ئاگادار دەکاتەوە.
لەم نامەیەدا کە زیاتر لە ١٠ لاپەڕەیە، “ڕاسپاردەی تایبەتی” بە هەموو دەزگا ئەمنییەتییەکان و ئیداراتی دەوڵەتی و ناوەندەکانی فێرکاری ناردووە کە بە هوشیارییەوە جموجۆڵی خەڵکی ئەم پارێزگایە بخەنە ژێر چاودێرییەوە و، لە ئەگەری هەر سەرهەڵدانێکدا بە توندی بەرخورد بە “ئاژاوەگێڕان” بکەن.
لە پێشەکیی ئەو نامە نهێنییەدا وێڕای ئاماژەدا بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران دژ بە دەسەڵات کە لەم نامەیەدا زیاتر هۆکاری ئابووری زەق کراوەتەوە، بە ئاشکرا باس لەوە کراوە کە یەکێک لەو پارێزگایانەی کە دەبێ زۆری لێ ئاگادار بن، پارێزگای سنەیە.
لەو نامەیەدا داوا لە هێزە ئەمنییەتییەکان کراوە کە بە توندی جموجۆڵی خەڵک لەو پارێزگایە بخەنە ژێر چاوەدێرییەوە، هەروەها داواش لە هێزە لیباس شەخسییەکان کراوە کە لە ئەگەری هەر سەرهەڵدان و نارەزایەتییەکدا، بە شێوەی جۆراوجۆر و بە جلوبەرگی ئاساییەوە خۆیان بخزێننە نێو خۆپێشاندەران و، وێڕای فیلم هەڵگرتنەوە، کەسانی سەر بە دەستوپێوەندیی دەرەکی و “ضدانقلاب” شناسایی بکەن.
لەنامە نهێنییەیەکی فرماندەی ئینتزامیی پارێزگای سنەدا ،شێوە و قوناخی چۆنیەتی بەرخورد و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەتییە سەرکوتکەرەکان ریزبەندی کراوە و، داوایان لێ کراوە کە دەبێ بە هەرشێوەیەک بووە سەرەتا ئیزن نەدەن هیچ جۆرە حەرەکەت و نارەزاییەتییەک سەرهەڵبدات.
دواتر شناسایی و دۆزینەوەی کەسانێک کە رێبەریی نارەزایەتییەکانیان لە ئەستۆدایە ئەرکی سەرەکیی هێزەئەمنییەکانەو، دەبێ ئەو کەسانە دەسبەسەر بکرێن.