کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی سلێمان خزری، تەمەن ٣٧ ساڵ، کوڕی حوسێن، خەڵکی گوندی “کانی مام سەیدە”ی سەر بە شاری نەغەدە، بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا.
بە پێی هەواڵدەریی موکریان ئەو کۆڵبەرە کوردە، دوو ڕۆژ پێش بە هۆی سەرما و سۆڵە لە بەرزاییەکانی شاخی پیرانشار گیانی لەدەست دابوو، دۆینێ شەممە ٢٣ی بەفرانبار، تەرمی ناوبراو لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە دۆزرایەوە.
لە ماوەی ئەم ساڵدا، دوو کۆڵبەری دیکە کورد، بە ناوەکانی “هیوا مستەفەوی” و “ئیدریس بایزیدی” بە هۆی سەرما و سۆڵەوە، گیانیان لەدەستداوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە زستانی ساڵی ڕابردوو، لانیکەم ٨ کۆڵبەری کورد، لە سنوورەکانی کوردستان بەتایبەتی شارەکانی سەردەشت، پیرانشار و ورمێ بە هۆی سەرمای زۆرەوە گیانیان لە دەستدا و، ئەو کارەساتە مرۆییە لە ئاستی ئێران و کوردستاندا دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.