بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی ئێناخی هەورامانەوە بە دەستمان گەشتووە، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، دایە خانزاد، دایکی شەهیدێکی سەربەرزی حیزب و گەلەکەمان شەهید مەنسوور حوسێنی، لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو خانزاد و هاوژینەکەی واتە فەتحوڵا حوسێنی، خاوەنی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست بوون ، لە ناوچەی ئێناخی هەورامان.
پاش فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان و هێرشی سپای پاسداران بۆ ناوچەی هەورامان، ئەو بنەماڵەیەش وەک زۆربەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە پەڕیوەی باشوور کوردستان دەبن.
دایە خانزاد وەکوو ژنێکی خۆراگر و لێهاتوو بە هۆی ماندووبوونەکانییەوە لە لایەن کومیتەی شارستانی هەورامانەوە ڕێز لە هەوڵ و زەحمەتەکانی گیرا.
پاش شەهید بوونی کورەکەیان، ئەو ژن و پیاوە خاوەن هەڵوێستە، ماوەیەک لە شاری حەڵەبچە ژیانیان بەسەر بردو بەڵام سەرئەنجام بە ناچاری گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دایە خانزاد ژنێکی ئازا، چاونەترس و یار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە و حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو.
ئەو دایکە جگەرسووتاوە پاشان ژیانێکی پڕ چەرمەسەری و دەربەدەری رۆژی ٢٢ی بەفرانبار بۆ هەتا هەتایە سەری نایەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە شەهید مەنسوور حوسێنی ساڵی ٦٠ی هەتاوی شەهید کرا.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچیدوایی ئەو دایکە ئازیزە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسو کاری خواڵێخۆشبوو، دایە خانزاد دەکا و، خۆی لە خەمیان بە شەریک و، بەشدار دەزانێ.