سارۆ قارەمانی، تازەلاوی سنەیی کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە دەسبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لەشی بێ گیانی سارۆ دوای ١١ ڕۆژ لە گیران و بەندکرانی دراوەتەوە دەست دایک و باوکی و لە ژێر چاوەدێری ئەمنیەتیدا و بێ ئەوەی کەسی دیکەی لێ ئاگادار بکرێتەوە بە خاکیان سپاردوە.
شەوی بەر لە ناشتنی سارۆ تەلەفون بۆ دایکی دەکرێ و پێی دەڵێن بۆ وەرگرتنی تەرمی کوڕەکەی سەردانی پزیشکی قانوونی بکا، بەڵام لەوێ هێزە ئەمنیەتییەکان سارۆیان پێ نادەنەوە و لەوێڕا یەکسەر دەچنە گۆڕستان و تەرمەکە دەنێژن.
سارۆ قارەمانی تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو و پێشتریش بەهۆی لایەنگری لە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیرابوو.
ناوبراو لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە لە سنە دەسبەسەر کرا و دوای ١١ ڕۆژ بێ ئەوەی کەس بە سۆراغی بزانێ، پێوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە گرت و هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان پێدان.
هەر لەو پێوەندییەدا کەسێک بە ناوی موحسین عادڵی لە شاری دێزفووڵ و عەلی پولادی لە شاری چالووس لە گرتووخانەدا گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان تا ئێستا زیاتر لە ٢٧٠٠ کەس بەهۆی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە گیراون و تا ئێستا هەوڵی گیانلەدەستدانی ٥ کەس لەو گیراوانە لە ژێر ئەشکەنجەدا پشتڕاست کراوەتەوە.