رۆژی ٢١ی بەفرانبار لە شارەدێی تورجانی سەقز بە ئامادەبوونی بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و قەڵەمبەدەستانی کورد، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.
“ئەنجومەنی فەرهەنگی هیوای زانستی سەقز” لە درێژەی چالاکییەکانی خۆی بە کردنەوەی کتێبخانەیەک لە تورجان، هاوکات ڕێوڕەسمێکی فەرهەنگی بەڕێوەبرد کە بریتی بوو لە خوێندنەوەی وتار و بابەت و شیعر و چەندین تابلۆی دیکە.
لەو ڕێوڕەسمەدا دوای کرانەوەی کتێبخانەیەک، وتاری زانستی سەربارەت بە جێگەو پێگەی کتێبخانە خوێندرایەوە.
دوای پێشکەش کردنی سروود و شێعر لە لایەن منداڵانی ئاوایی تورجان چەکەس لە شاعیران و نووسەرانی بەشداربوو بەرهەمەکانی خۆیانیان پێشکەش بەو کۆڕە فەرهەنگییە کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا لە لایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی هیوای زانستی سەقز ڕێزلە شاعیری بەهەڵوێست کەریم دافعی ناسراو بە “ک.د.ئازاد” گیرا و خەڵاتێکی پێبخشرا.
شیاوی باسە لەو کۆڕە فەرهەنگییەدا بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی و ژینگەپارێزیی شارەکانی سەقز و بۆکان و بانە تێدا بەشدار بوون.