بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی سەردەشتەوە بە دەستمان گەیشووە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی خاتوو خەدیجە مەلکاڕی هاوسەری فەرماندەی شەهید عەبدوڵڵا هەمزەنەژاد ناسراو بە عەبدوڵڵا مام ئاغای بە هۆی نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ئەو خاتوونە خۆشەویستە کە زوو لە سۆز و خۆشەویستی هاوسەرەکەی بێبەش دەبێ ، بەڵام وەکوو زۆربەی بنەماڵە و کوسوکاری سەرفەرازی شەهیدان بە شەڕافەتەوە شان دەتاتە ژێر ئەرکی دایکانەوە ، رۆڵەکانی پەرەردە دەکا.
خۆڕاگریی و نیشتمانپەروەری خاتوو خەدیجە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە ناوچەی ژیانی واتە گوندی بنیوخەڵەفی سەردەشت وەکوو نموونەی ژنێکی ئازا و نیشتماندۆست جێگای ریزو حورمەت بێ.
ئەو خاتوونە خۆشەویستمان جیا لەوە هاوسەری وەفاداریی شەهید عەبدوڵڵا هەمزە نەژادە، دایکی دوو تێکۆشەری دیکەی ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوەکانی خدری هەمزەنەژاد و بەهار هەمزەنەژاد”ە کە نیشان لە نیشتمانپەروەری و دێموکراتدۆستی ئەو خاتوونە ئازیزەیە.
شیاوی باسە خاتوو خەدیجە مەلکاڕی تا دوایین هەناسەی ژیانی لە ئەوپەڕی خەمخۆرییەوە خزمەتی بە تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی دێموکرات کرد و، بە ئاواتی سەرکەوتن و وەدی هاتنی بەرهەمی خوێنی شەهیدان سەری نایەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای سپاس و پێزانین لە خزمەتەکانی ئەو خاتوونە ئازاو بوێرە، پرسەو سەرەخۆسی خۆی پێشکەش بە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو خەدیجە مەلکاری دەکا و خۆی بە لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.