بەرپرسی لەشکری “فاتیمیون”ی شیعەی ئەفغانی كە لەلایەن ئێرانەوە كرابوون بە سەرباز، ئاشكرای دەكا لەو شەڕانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە سووریە و عێراق پێی كردوون، هەزاران چەكداریان كوژراون و دەیان هەزاریشیان بریندار بوون.
حوجەتولئیسلام زوهەیر موجاهید یەكێک لە بەرپرسەكانی لەشکری ئەفغانیەكان ئاشكرای دەكا كە تەنیا لە شەڕی ئێراندا لە سووریە، بۆ بەرگریكردن لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد و پاراستنی “حەرەم”، ٢ هەزار چەكداری لەشکری فاتیمیون كوژراون، ٨ هەزاریش بریندار بوون.
لەشکری فاتیمیون تەنها لە چەكدارانی شیعەی ئەفغانی پێكهاتووە و لەلایەن ئەفسەرانی ئێرانیەوە راهێنانیان پێدەكرێ و بۆ شەڕەكانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و لە ناوچەكەدا ئامادە كراون.
بەشێكی سەرەكی لەشکری فاتیمیون، ئەفغانە شیعەكانی سەر بە كەمینەکانی ئەفغانستانن، كە پێشتر شەڕی بزوتنەوەی تاڵیبانیان كردووە، هەروەها بەشداری شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراقیشیان كردووە، كە بە پێی رۆژنامەی “شەرق”ی ئێرانی، ٣ هەزار سەربازی ئەفغانی لە شەڕی نێوان ئێران وعێراق كوژراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەرجی بەشداریکردن لە شەڕەکانی دەرەوەی ئێران رەگەزنامەی وڵاتەكە بە خێزانی ئەو چەكدارە شیعە ئەفغانیانە دەدا، كە لە شەڕەكانی سووریە و عێراقدا دەكوژرێن.
هەر لەو پێوەندییەدا شاەحسێن مورتەزەوی وتەبێژی سەرۆککۆماری ئەفغانستان ڕایگەیاند کە ئێران پێویستە واز لە هەڵخەڵەتاندنی پەنابەرانی ئەفغانی بهێنێ و لەشکەری فاتمیون هەڵوەشێنێتەوە و چیتر پەنابەرە ئەفغانییەکان لە وڵاتانی سووریەو عێراق بە کوشتن نەدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان رۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار نیگەرانی وڵاتەکەی خۆی لەوبارەوە بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند.
شیاوی باسە بە وتەی یەکێک لە فەرماندەکانی سپاە قودس تەنیا لە شەڕی سووریە، دووهەزار هاووڵاتی ئەفغانستانی لە نێو لق وپۆپەکانی سپای پاسداران و لەشکەری فاتمیون کوژراون.