سەرەڕای دانی پارە ٤ مانگی کرێکارانی شارەداریی شاری سەردەشت، هێشتا قەرزداری ٣ مانگی پاییزی ئەمساڵ نەدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان، ڕۆژی دووشەممە، ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەداریی شاری سەردەشت، پاش نزیک بە ٨ مانگ نیوەی مووچەیان پێ درا بەڵام قەزی کۆنی ئەو ئیدارەیە هەر لە جێی خۆی ماوەتەوە و نەدراوە.
یەکێک لەو کرێکارانی ناڕازیی لەو بارودۆخە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ ڕایگەیاند، شارەداریی شاری سەردەشت، نزیک بە ٨ مانگ نیوەی پارەی کرێکارانی پێیان داوە و هێشتا حەقدەستی ٣ مانگی پاییزی ئەمساڵی نەداوە و دەڵێ، بەهۆی نەبوونی بوودجە و قەیرانی ئابووری ئەو ئیدارەیە توانای دانەوەی قەرزەکانی نیە.
هەروەها لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە شارەداریی شاری سەردەشت وەبن قەرز کەوتووە و توانای دانی پارەی تەنانەت کرێکارەکانی ئەو ناوەندە خەدەماتییەی نیە و هەر جارێ بە بیانوویک مووچەکانیان دوا دەخا. بەشێک لە بەرپرسانی شارەداری لەبەر دزی و گەندەڵی ڕوون نیە پارە عەواریزی چی بەسەر دێ ، هەروەها دورستکردنی خانووبەرەش لەو شارە وەستاوە.