پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات و یەکیک لە خەمخۆرانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە ناوی کەریم خدرنەسەب ناسراو بە “سۆفی حەمە” لە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بەدەستمان گەیشتووە، رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو کەریم خدرنەسەب خەڵکی ناوچەی خوڕخوڕە، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لە سەرەتای شۆڕشی گەلی کورد بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەکی بەرگری هەڵدەگرێ و بۆ ماوەیەکی بەرچاو لە ریزەکانی حیزبدا وەک پێشمەرگەیەکی لێهاتوو خزمەت بە خاک و نیشتمان دەکا.
ئەو خۆشەویستەمان دواتر بە هۆی گرفت و کێشەی بنەماڵەیی دەگەڕێتەوە نێو خۆی وڵات و، لەویش تا دوایین هەناسەی ژیان دڵی بۆ ئازادی نیشتمانەکەی لێداوەو وەکوو کوردپەروەرێک جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بووە.
سۆفی حەمە لە ماوەی ژیانیدا لە هیچ خزمەتێک بۆ سەرخستنی گەلەکەی دەریغی نەکردوە.
بەم بۆنەوە کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیشکەش کردنی پرسە و سەرەخۆشی لە سەرجەم خەڵکی ناوچەی خوڕخوڕە، بەتایبەتی بنەماڵە و سەرجەم کەسوکاری خوالێخۆشبوو کەریم خدرنەسەب ، خۆی لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.