بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی ، شەمسەخانم ڕەحیمی کچی شۆڕشگێڕی ناسراوی ناوچەی بانەو پێشمەرگەی کۆماری کوردستان ،خەڵیفە حەمە ساڵح ڕەحیمی بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شەمسە خانم کچی بنەماڵەیەکی ناسراو و نیشتمانپەروەرە لە شاری بانە، کە بنەماڵەیان بە هۆی باوکییەوە لە گەڵ تەمەنی حیزبی دێموکرات و خەبات و تێکۆشانی تێکەڵ بووە.
شیاوی باسە باوکی شەمسەخانم لە ژیانی پێشمەرگایەتی و، لە دەربەدەریدا کۆچی دوایی کردو، دووبرای هەردەم زیندووی بە ناوەکانی: شەهید عومەر ڕەحیمی و عوسمان ڕەحیمی، لە ریزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری نەتەوەکەیاندا تا دوایین هەناسەی ژیانیان لە سەنگەری تێکۆشان بەردەوام مانەوە.
هەروەها برایەکی دیکەی شەمسە خانم بەناوی حەسەن ڕەحیمی ناسراو بە مام حەسەن یەکێک لە کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە.
بەم بۆنەوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی بەداخبوونی بۆ کۆچیدوایی خوالێخۆشبوو شەمسە خانم ڕەحیمی، پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی سەرجەم خەڵکی بانەو، بەتایبەتی بنەماڵی ڕەحیمی و حوسینی دەکاو، خۆی لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.