ڕۆژنامەوان و چالاکێکی مافی مرۆیی لە شاری مەهاباد گوتی، وەزارەتی ئیتلاعات لە هەوڵی ئەوە دایە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ جووڵەیەک نەکرێ و تەنانەت هەواڵ و زانیاریش بە خەڵک نگا.
مەسعوود کوردپوور، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ لە شاری مەهاباد لە وتووێژێکدا لەگەڵ “دویچەوێلە” پرسی قەدەغەی ڕووماڵ کردنی هەواڵی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، لە کاناڵی تێلگرامی”ئاژانسی موکرایان” بۆ بڕیارێکی وەزارەتی ئیتلاعات گەڕاندەوە.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: کرماشان لە یەکەمین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە لە ناڕەزایەتییەکان بەشداری چالاکانەی هەبووە و ڕاپۆرتەکان باس لە زۆرترین دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی سنە، کرماشان و ئیلام دەکەن.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە، دروشمگەلێک کە لە شارەکانی کوردستان دەدەرێ لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئێران جیاوازییەکی ئەوتۆیان نیە.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: هێشتا لە قوڵایی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی بە شێوەی بەربڵاو ڕووی نەداوە و سەرەڕای ئەوە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هێزە ئەمنیەتییەکان بەرچاو دەکەون پێش لە هەر جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێک گیراوە و بە گشتی میلیتاریزە کراوە.
شایانی باسە ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، خوسرەو کوردپوور، بەرێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی ئاژانسی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە شاری مەهاباد، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕێگەی تەلەفۆن “هەڕەشەی ئەمنییەتیی” لێ کرا و پێێان ڕاگەیاندبوو ئەو نارەزایەتییانە نایاسایین و هیچ ڕەواییەکییان نیە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار لەو بارەوە قەدەغەیە.
جێی وەبیر هێنانەوەی دوای گشتگیربوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بەرانبەر بە دەسەڵات، بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دامەزراندی کەمپینی ڕابوونی زاگرۆس لە خەڵکی ئیلام و کرماشان پشتیوانیان کرد و داواکارن کە بە درێژەدان بە خۆپێشاندانەکان بە خۆڕاگریی مەدەنیانەوە رووبەرووی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.