Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۷ | 19/09/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

یادی یەلدا و کڵاشێکی خوێناوی

06/01/2018 | 14:54:55
+A
-A
ڕزگار ئەمین نژاد

ساڵەکان دێن و دەچن و ئەمساڵانەش وەک گشت دیاردە زەمانییەکان، لە دووردەستی بیرەوەریماندا وێنای هەورێکی دوور لە چاوماندا دەنەخشێنن کە دەمێ ڕەش و گاه سوورن، دەمێ گەش و جاری واشە لێڵن. بەڵام ئەو شتەی کە لەو ساڵانە بەجێ دەمێنن، بیرەوەری و یادەکانن. بیرەوەرییەکان بە تاڵی و شیرینیانەوە، بیرەوەریی خۆش بن یاخۆ ناخۆش، بیرەوەریی لێڵ بن یاخۆ گەش، وێکڕا دەبن بە بەشێک لە ناسنامەی ئێمە. دەیڤید هیوم (١٧١١-١٧٧٦) فیلسوفی سکاتلاندی ئاخێزگەی ناسنامەی کەسێتی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆبەندی بیرەوەرییەکانی تاک و دەڵێ: ئەگەر بیرەورییەکمان نەبوایە قەت نەماندەتوانی وێنای عیلییەت لەلامان چێ ببێ و لە ئەنجامدا قەت نەماندەتوانی زەنجیرەی “عیلەت/ مەعلوولیی” ڕووداوەکان و شتەکانی دەوروبەری خۆمان دەرک پێبکەین کە نەفس یاخۆ زاتی بوونی ئێمە پێک دێنن.

بەڵام یەکێک لە کارکردەکانی بیرەوەری ئەوەیە کە لە هەناوی تێتزاوی ئێمەدا دەبن بە چێرۆک. وەک گشت چیرۆکەکانی دیکە لە شەوانی بەر ئاگردان یاخۆ لە ئەنگوستەچاوی سەختەرێگای ژیانماندا دەیانڵێنەوە. دووپاتەکردنەوەی ئەم چێرۆکانە لە ڕاستیدا زیندووکردنەوەی ئەو ناسنامەیە کە هیومی فیلسوف ئاماژەی پێداوە، واتە ناسنامەیەکی بەردەوام کە بەناو ژیانی ڕۆتینی و ویژدانی کۆمەڵایەتیماندا ڕۆدچن و لەو نیهانخانەیەدا دەبن بە توخمێکی ئەبەدی بۆ بەرهەمهێنانەوە و شین بوونی ناسنامەی نەوەکانی دوای خۆمان.

فەزای چیرۆک، ئەگەر قارەمانی تێدا نەبوو، لە راستیدا لە چێژی گێرانەوە بەتاڵ دەبێ. قارەمان و چیرۆک هەمیشە تەواوکەری یەکترن. ئەگەر چیرۆک نەبوایە کێ دەیزانی قارەمانەکان چ ڕەنگ و بۆنێکیان هەیە و، ئەگەر قارەمان لە ئارادا نەبوایە تۆ بڵێی چیرۆک بیانوویەکی دەبوو بۆ گێڕانەوە؟ دیاریکردنی قارەمان لە چیرۆکی ڕێئالیستیدا کەسێکی دیاریکراو و نائاسایی، یاخۆ سەیروسەمەرە نیە کە جیاوازییەکی فانتازیکی لەگەڵ کەسانی ئاسایدا هەبێ. چیرۆکی ڕێئالیستی قارەمانەکانی خۆی لە نێوان خەڵک، لە هەر فەزایەکدا کە قابلی دەرک بێ، هەڵدەبژێرێ و ئەم کەسە لە ڕاستیدا نموونەی گشت هاوچەشنەکانی خۆیەتی و وابەستە بە کۆمەڵگەیەکە کە لەودا دەژی. ئەم کەسە ڕەنگە نموونەیەکی بەرجەستە و کارامە بێ لە نێو هاوچەشنەکانی خۆیدا، بەڵام کەسێکی دیاریکراو و نائاسایی نیە. چونکە ناسنامەی کەسێتی لەم گۆشەنیگایەوە، بریتییە لە ناسنامەی زەمیری وشیاریی کە بە پێی زەمان لە وجودی تاکدا نیهادینە دەبێ و شکل دەگرێ. بە واتایەکی دیکە تاک لە ڕێگای ئەو بیرەوەرییانەی کە لە هزر و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانیدا ڕەگی داکوتاوە، پێوەندیی لەگەڵ ناسنامەی بەردەوامی خۆیدا دروست دەکا.

ئێستا ساڵێک بەسەررووداوەکەی شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٩٥دا تێدەپەڕێ و، منیش بەدیار چیرۆکێکەوە دانیشتووم. چیرۆکێک کە لە بیرەوەریی مندا قوڵاییەکی سادەی جێ هێشتووە. قوڵایی سادەی زەمەنە تیژتێپەڕەکانی ژیان کە لەچەند چرکەدا مەعنا پەیدا دەکەن و بە خێراییش لەبیر دەچنەوە. وەک گشت ئەو وێنانەی کە بە چاوخشاندنێک بە پەنایاندا تێپەڕدەبین و هەستێکی کاتی لەلامان چێ دەکەن. ئەو زەمەنانەی کە ڕوانینە عەینییەکانی ئێمە تەنیا کۆپییەکی کەمڕەنگیان لێ هەڵدەگرنەوە و زۆرجار بەبێ ئەوەی هەستێکمان تێدا چێ بکەن، بەپەنایاندا تێدەپەڕین. بەڵام ئەم بیرەوەرییە کاتییە ئێستا لە هەناوی مندا بووە بە ناسنامە و رەنگە بۆ وێناکردنی ئەو قوڵاییە سادەیە هەر هونەر و بەرهەمێکی ئەدەبی بتوانێ باشاری بکا.

گرینگی بەرهەمی ئەدەبی و هوونەری لێرەدا بەرجەستە دەبێتەوە کە مانا بەم قووڵاییە سادەیە دەبەخشێ. ئەم ساتە تیژتێپەر و لە هەمان حاڵدا پڕ لە مانایانە، بە پێی زەمەن لە نیهادی ناوشیاری هوونەرمەند و نووسەردا دەبن بە زەمینەسازکەری بەرهەمێکی هونەری و، لەوەها دۆخێکدایە کە خوێنەر پێوەندیان لەگەڵدا دروست دەکا و بە سووڕمانەوە لەم ساتە تیژ تێپەڕیوانە رادەمێنێ کە ڕەنگە بە دەیانجار بە پەنایاندا تێپەڕ بووبێ، بەڵام دەرکی پێ نەکردبێ.

زۆرجار وێنەیەک، وێنەیەکی سادە کە هیچ مەبەستێکی هونەری تیدا نەبووبێ، وێنەیەک کە رەنگە ویستبێتی تەعبیر لە ڕێپۆرتاژێک بکا، لە چاوی کامێرایەکەوە دەردەپەرێ کە دواجار دەبێ بە میتافۆری هاوارێکی خنکاو. کڵاشە خوێناوییەکی شەوی یەڵدا و دووکەڵ و بۆکرۆز و وێرانییەکانی بەردرگای قەڵای دێمۆکرات، تەعبیر لە قوڵاییەکی سادە دەکەن کە زۆر جار بە چاوخشاندنێک بە پەنایاندا تێپەڕ دەبین و هەستێکی کاتی بەلامانەوە جێ دەهێڵن و، روانینە عەینییەکانی ئێمە تەنیا کۆپییەکی کەمڕەنگی لێ هەڵدەگرێتەوە. بەڵام نوسخەی ئورجیناڵی ئەم وێنەیە لە ویژادانی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کەسێتی ئێمەدا دەمێنێتەوە و لەم نیهانخانەیەدا دەبێ بە چرۆی سەرهەڵدانی هاوارێکی نوێ بۆ ئازادی و دادپەروەری.

ئێستە بە دیار ئەم وێنەیە و لە قوژبنێکی ئەم جیهانە سڕ و بێدەنگ و بێ بەزەییەوە، بیر لەم قوڵاییە سادەیە دەکەمەوە. ئەم قوڵاییە سادەیە دەبێت بە بیرەوەری و لە چیرۆکێکی دیکەدا ئەژیتەوە و قارەمانەکانیشی وێنا و تەوسیفێکی رێئالیستن لە هاواری کورد. نازانم بۆ چی لەم ساتە وەختەدا پڕ بە دڵ حەز دەکەم عەلی قۆیتاسی لەلام بوایە بڵێ: رزگار! فەندەکت پێیە سیگارێکیشم پێ بدەی؟ بە دڵنیاییەوە هیچیانم پێ نەدەدا بۆ ئەوەی بەهانەیەک بێ تاکوو عەلی هەموو ڕۆژێ ئەم پرسیارەم لێ بکا و منیش قەت نەیدەمێ.

( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)