Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 19/12/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە گرینگەکانی لە ئیران (٣٥)

06/01/2018 | 14:08:58
+A
-A
حەسەن حاتەمی

پەسندکردنی ویلاتی فەقیهـ لە مەجلیسی خیبرەگاندا

لە دوای ئاکامی ڕاپرسیی یەکەم هەتا یەکەمین هەڵبژادن لە ڕێژیمی نوێدا_مەجلیسی خیبرەگانی یاسای بنەڕەتی_ کە ٤ مانگیان نێوان بوو( ١٢ی خاکەلێوە هەتا ١٢ی گەلاوێژ) دوو کەسی زۆر گرینگ بە تێڕۆڕ لەنێو بران. یەکەم، سەرلەشکر محەممەد وەلیی قەرەنی، یەکەم سەرۆکی ستادی ئەرتەش لە ٣ی گوڵانی ١٣٥٨ و دوویەم؛ ئایەتوڵڵا مورتەزا موتەهەری، یەکەم سەرۆکی شووڕای شۆڕش لە ١١ ی  ئەومانگەدا،  یانی لە ماوەی ٨ ڕۆژدا.

گوترا کە ئەوان بە دەستی گرووپی فورقان کوژران و چەند کەسی ئەو گرووپە گیران و بەناو دادگایی و ئیعدام کران، بەڵام پرسیار و گومان لەسەر ئەو قەتڵانە هەیە. چونکی ئاغای موتەهەری لە باسی ویلایەتی فەقیهـ‌دا، دەڵێ: ویلایەتی فەقیهـ ئەوە نییە کە فەقیهـ بۆ خۆی کەسی یەکەمی دەوڵەت بێ و بیهەوێ حکومەت بکا و بەڕێوەبەر بێ. نەقشی فەقیهـ لە وڵاتانی ئیسلامی کە ئیسلامیان وەک ئیدئۆلۆژی‌ قبووڵ کردوە، نەخشی ئیدئۆلۆگی هەیە، نە نەخشی حاکم…. ئەو چاوەدیر دەبێ… فەقیهـ دەبێ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێ. ئەوە دێمۆکڕاسییە، ئەگەر فەقیهی پێشوو ئەوی دوای خۆی هەڵبژێرێ، ئەوە موخالیفی ئوسولی دێموكراسییەو… (١)

مورتەزا موتەهەری لە پێش ڕاپەڕین لەگەڵ ئەنجومەنی حوججەتییە کاری کردبوو و زۆربەی بەرهەم و نووسینەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بۆی چاپ کردبوو. ئەو دژی دامەزرانی حیزب بە هۆی ڕووحانییەکان بوو. ئەندامەتیی لە حیزبی جمهوری ئیسلامیدا قبووڵ نەکرد. ڕەخنەی لە کۆمیتەکانی شۆڕشی ئیسلامیش هەبوو و ئەو ئاکارانە جێی پەسندی بەشی توندئاژۆی دەسەڵاتی نوێ نەبوون.

لەسەر تێڕۆڕی تیمسار قەرەنیش پرسیار ئەوەیە، کە گویا کوشتنی ئەو وەک لابردنی کۆسپێک لەبەردەم سپای پاسداران بووە. بەنی سەدر دەڵێ: ئەو لەنێو ئەرتەشدا خۆشەویست بوو. سرووشتییە ڕێژێمێکی کە لە ئەرتەش دەترسێ و گومانی کودێتای لێی هەیە و گەرەکیە سپای  دامەزرێنی، قەرەنی جێی پەسندی نیە. هەرچەند ئەو دەسەڵاتە گوتی کە قەرەنی و موتەهەری گرووپی فورقان کوشتوویانن؛ بەڵام خۆ قەرەنی لە توێژی ڕووحانی نەبوو کە ئەو گرووپە بە مزاحیمی بزانێ (٢)

جیا لەوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حیزبی جمهوری ئیسلامیدا، کە وشەی موئەسیسانی بە خیبرەگان یا خوبرەگان گوڕێبوو بەس نەبوو. ئەو ئاکارە نادروستە بیرۆکەیەکی لە پشت بوو، کە خیبرگانی یاسای بنەڕەتی مەبەست ڕووحانییە مەرجەعەکانی قوم و نوێنەرانی ئا. خومەینی و زۆربەی پێشنوێژە هەینییەکانن. بەو پێیە ئەوانا جگە لە نێهزەتی ئازادی، حیزبی خەڵقی موسڵمان و لەنێو نوێنەرانی ئەو حیزبەشدا ڕەحمەتوڵڵای موقەددەم مەراغەیی تێدابوو کە ڕووحانی نەبوو. کۆسپی گەورەی دیکەش لە ئازەربایجانی ڕۆژاوادا، سەرکەوتنی بەهێزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، کە سکرتێرەکەی شەهید دکتور قاسملووی بە ئەندامەتیی ئەو مەجلیسە هەڵبژێرابوو. عەلی ئەکبەری قوڕەیشی_ نوێنەری خومەینی_ کە دەنگی نەهێنابۆوە، شکستێکی گەورەی حیزبی جمهووری و توندڕەوانی ڕێژیم بوو. هەروەها، د. قاسملوو و موقەددەم مەراغەیی دەیانتوانی لەگەڵ کەسانی دیکە لە تاران و شارە گەورەکان، کاریگەریی زۆر باشیان لەسەر پەسندی ڕەشنووسەکە و ئاڵوگۆڕی ئەرێنی بە قازانجی گەلانی ئێران هەبێ. چونکە هەردووکیان سکولار و حیزبیان هەبوو و ئاتوڵڵاکان شەریعەتمداری و تاڵەقانیش لە زۆر بواردا، پشتیوانیان دەبوون. ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتیش نە تەنیا ویلایەتیی فەقیهی تێدا نەبوو، بەڵکوو فرەگەلی لە ئێراندا، سەلماندبوو. شووڕای شۆڕشی دوویەم پەسندی کردبوو، ئا. خومەینیش واژۆی کردبوو. مەرجە شیعەکانی قومیش تێبینییان لەسەری نەبوو.

کۆی ئەو شتانە بۆ هیزە شەریعەتخوازەکانی شیعە زۆر قورس بوو. بۆیە بەشێوەیەکی گوماناوی و پیلانگێڕی دەمودەست شەڕی پاوەیان ساز کرد. د. مستەفا چەمڕان_کە لە دامەزرێنەرانی نێهزەتی ئازادی و نوێنەری ئا. خومەینی لە وەزارەتی بەرگری بوو_ پیلانی حیزبی جمهوری ئیسلامی و سوپای پاسدارانی بەڕێوە دەبرد. ئەو لە ڕەزبەری ٥٨ بوو بە وەزیری بەرگری و لە ئاکامدا، بە جێی ئەوەی وەزعەکە ئارام ڕاگرن و ئیزن بدەن نوێنەرانی هەڵبژێراوی خەڵکانی ئێران، دوور لە کێشە و ناخۆشییەکان، چارەنووسی یاسای بنەڕەتی و چۆنیەتیی ژیانی پتر لە ٣٠ میلیون کەسی ئەوکات دیاری بکەن، لە ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٥٨ دا، ئا. خومەینی شەڕی جیها ئاسای بە دژی میللەتی کورد راگەیاند، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی بە هەڵوەشاوە ناو برد، سکرتێرەکەی کە نوێنەری پتر لە ٥٠٠ هەزار کەسی کورد و تورکی ئازەری بوو و زیاتر لە ١٠٠ هەزار دەنگی هێنابۆوە بە وشەگەلی ناحەزی دوور لە یاسایی وەک «مفسد فی‌الارض» ناو برد. بەمجۆرە  شەڕێکی خوێناوی، داسەپاو و نەخوازراو، لە زەوی و ئاسمان بە دژی نەتەوەی ژێر ستەم و مافخوازی کورد دەستی پێکرد.

ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی، لە میدیاکاندا بڵاوکرابۆوە. دەنگە دەنگی داسەپانی ویلایەتی فەقیهـ دەستی پێکردبوو. حیزبی جمهووری ئیسلامی کە زۆرینەی کورسییەکانی مەجلیسی خیبرەگانی بە فێڵ وەدەست هێنابوو، لە نێو باسەکانی مەجلیسدا، هەوڵی گوڕینی زۆربەی ماددە و خاڵە ئەرێنییە نائیسلامییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ نووسرابوون، دەدا. لەنێو خەڵکیشدا، بە تایبەتی لە ڕۆژانی هەینی و خوتەبەکان و ڕێپێوانەکانی دوای نوێژەکان، بڕیارنامە نووسینەکان، بە تایبەتی لە شارە گەورەکان، ئاڵۆزیی گەورەیان دروست دەکرد. ئا. تاڵەقانی کە یەکێک لە دژبەرانی توندی ویلایەتی فەقیهـ بوو، ١٩ ی خەرمانان بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا. دوو ڕۆژ دواتر لە ٢١ خەرماناندا ویلایەتی فەقیهـ لەنێو مەجلیسی خیبرەگاندا پەسند کرا.

لەبارەی بەشێک لەو ڕووداوانە  دەتوانین قسەکانی ئەسغەرزادە وەک فاکت بێنینەوە. ئەو دەڵێ: پێمان وابوو، ئەمریکا پشتی شا بەرنادا. لە مانگی ڕەزبەر کە زانکۆکان کرانەوە، باسێکی گرینگ ئەوە بوو کە کڵاوێکی گەرورە، بەهۆی نووسەران، ڕووناکبیران و هونەرمەندان لەسەر میللەت نراوە. چاوەڕوانی ڕووداو گەلێکی گرینگ دەکرا. لەوانەبوو چوارچێوەی وڵات لێک بترازێ. نائەمنی لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتدا هەبوو. داخوازی بۆ خودموختاری لەئارا دا بوو. لەنێو یاسای بنەڕەتیی یەکەمدا، باسێک لە ویلایەتی فەقیهـ نەکرابوو. ئەسڵەن لە قامووسی شۆڕشدا، نەبوو.(٣)

 

سەرچاوەکان

1) یوتیوب، علی پایا، مصاحبەی مرتضی مطهری پیرامون جمهوری اسلامی، فروردین ١٣٥٨- ١.

2) یوتیوب، مهدی فلاحتی، صفحەی آخر، تیمسار قرنی را بهتر بشناسیم.

3) یوتیوب، آپارات، خشت خام، گفتگوی حسین دهباشی با ابراهیم اصغرزادە.

( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)