Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۷ | 19/09/2018 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

دنیای مەجازی، کەرەستەی ڕزگاریخوازی یان لاهێزی سەرەڕۆیی

06/01/2018 | 14:03:08
+A
-A
شێخە بهێشتی

مێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەم دەتوانن تێکنۆلۆژیی ڕزگاریخوازی بن هەمیش دەتوانن تێکنۆلۆژییەکی کاریگەر بن بۆ سیستم و دەسەڵاتە پاوانخواز و سەرەڕۆکان، کەواتە دەتوانن لە سەرکوت و دەمکوتی ناڕەزایەتییەکاندا خزمەت بە دەسەڵات بکەن و بۆ ئەو کەسانەی دەشیانەوێ دۆخی ئارایی بگۆڕن بەکەڵک بن.

 

تێکنۆلۆژییە ڕزگاریخوازەکان

مێدیا کۆمەڵایەتییەکان شێوازی پێوەندی، هەڵسوکەوت و چۆنیەتیی بەکارهێنانی زانیارییان، بەتایبەت زانیاریی سیاسییان گۆڕیوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمەڵێک نەرمئامێری هەڵسوکەوتکردن دروست دەکەن کە ئافراندن و بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی ویست و بیری بەکارهێنەران چرکە بە چرکە لە تۆڕی  بەرینی بەکارهێنەراندا مەیسەر دەکا. بەپێچەوانەی تێکنۆلۆژییەکانی پێشوو، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو هەلە بۆ بەکارهێنەر دەڕەخسێنن بەرهەمهێنەرێکی چالاکی نێو تۆڕەکان بێ و هاوکات دەگەڵ کەسانی دی کە بەردەنگی ئەوانن، پێوەندی دامەزرێنێ و پێوەندییەکەش ئاشکرا بکەن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتێکن بۆ چالاکە سیاسییەکان کە زانیاریی زۆرتر بڵاو بکەنەوە و بەم شێوازە سترەکتۆر و پێکهاتەی زانیاری بگۆڕن. ئەو ڕووداوە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی پێوەندی (زۆر زۆر ئاڵۆز و چڕ و پڕ) ساز دەکا کە جیاوازییەکی زۆری دەگەڵ پێکهاتەی پێوەندیی کۆن هەیە. ئەو پێکهاتەیە هاوئاهەنگیی نێوان تاکەکان ئاسان دەکا و پەیام و نێوەڕۆکی ئەو پلاتفۆرمانە دەبن بە ڤایرۆسێک، واتە زۆر بە خێرایی هەر کەسە و لای خۆی بڵاوی دەکاتەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە تازەیەوەیە، ئامرازێکی سیاسیی بەهێزن کە یەک لەسەر چواری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی لێک گرێداوە و بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی زانیاریی خەڵک.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن خەڵک وشیارتر بکەنەوە و ئاستی تێگەیشتن لە ڕوانینە جیاوازە سیاسییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بکەنەوە. کاتێک ڕابوون و ڕاپەڕین ڕێژیمە نادیموکراتیکەکان دەهەژێنێ، توانا و هێزی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گەیاندنی زانیارییەکاندا دەردەکەوێ، بۆ وێنە خۆپێشاندانەکانی مەریوان، گیروگرفت و کوشتنی کۆڵبەران، ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی شپرزەی ڕێگەوبان، کێشەی بێ ئاوی و کارەساتی بوومەلەرزە لە کرماشان دەتوانن وێنەگەلێکی بەرچاوی توانایی ئەو تۆڕانە بن.

بەو حاڵەشەوە هەر چەند کەڵک و سوودی لەڕادەبەدەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دیموکراسیخوازان و پاشەکشەی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی تۆتالێتر دیار و بەرچاوە، خاڵە نەرێنییەکانیشی هەن. ئەگەرچی ئەو تۆڕانە ڕاشکاوانە ئەم دەرفەتە بۆ خەڵکی دوور لە یەک و کۆمەڵگە لێک دابڕاوەکان دەخوڵقێنێ کە لەپڕ ناڕەزایەتی ڕێکخەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ناتوانێ گوشارەکەیان لەسەر ئیلیت و نوخبە و بژاردەکانی کۆمەڵگە ڕاگرێ، کە دیارە هێشتنەوە و ڕاگرتنی فشاری بەردەوام یەکێکە لە پێویستی و پێداویستییەکانی دێموکراسیسازی و هەموو پرۆسەیەکی سیاسی.

تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەراوێزخستنی دامەزراوە سەنتڕاڵەکان وەستا و لێهاتوون و بە تاکەکەس یا گرووپە بچووکەکان پشتئەستوورە، بەڵام ئایا بەبێ بوونی ئەو دامەزراوانە، چالاکی دیموکراتیکی ئینتێرنێتی دەکرێ گرڤەیەک بێ و تێپەڕێ، کە بترووسکێتەوە و نەمێنێ، کەواتە کاریگەرییەکیشی لەدوا جێ نامێنێ و ئەو کات دەسەڵاتی سەرەڕۆ بۆ بەتاڵکردنەوە و پووچەڵی پوتانسییەلی درێژماوە بەکاری دێنێ.

 

تێکنۆلۆژیی سەرکوت

ناکرێ لە بەرامبەر خۆڕاگریی پۆتانسیەلە دێموکراتیکە کۆمەڵایەتییەکان ڕابکەی. پاوانخوازی کە بەرەوڕووی هەڕەشە بوویەوە لە رێگەیەک دەگەڕێ پاشەکشە بەو هەڕەشانە بکا و بەرهەڵستیان بێتەوە. ڕێژیمە پاوانخوازەکان زۆر خێرا خوو بە دۆخی تازەوە دەگرن و هەوڵ دەدەن کاریگەرییەکانی کەم بکەنەوە، ئەو ڕێژیمانە بە ستراتیژی بەناوبانگی سانسۆر ڕووبەرووی هەڕەشە دەبنەوە. هێزی سایبێری یەکێکە لەوان.

ئەو ئامێرانەی بڕیارە هاوارەکانی دژایەتی دەگەڵ پاوانخوازیی کت و مت بکەن، چ ئامێرە کۆن و چ نوێیەکان بە سێ دەستە دابەش دەبن:

_ ترس، کە هێزی پشتەوە سانسۆری بەرگێڕەوەیە.

_ ئیستکاک و بەریەککەوتن کە هەمەن سانسۆری وەپاش خستنە.

_ سێڵاو، کە سانسۆری بەلاڕێدابردن و شوێنەونکەیە.

سەرەتا، دەسەڵات دەتوانێ لە ڕێگەی ترساندنی ئەو کەسانەی بەرنامەی ئانلاینیان دەبێ و یەکێکن لە چالاکە سەرەکییەکان و ئەو گۆڕەپان بەرینە بۆ ناڕەزایەتی بەکار دێنن، کە دیارە کەم نین ئەو هاووڵاتییانەی بەتاوانی لەقاودان و بڵاوکردنەوەی دەنگوباسی قەدەخەکراو سزای زیندانیی دووروودرێژیان بۆ بڕدراوەتەوە. بەو حاڵەشەوە، بەهۆی بەربڵاوبوونی بەکارهێنانی ئینتێرنێت، تێچووی سەرکووتی نەریتی زۆر لەوە زیاترە کە دەسەڵات لە توانایدا بێ و تەنیا دەتوانێ خەڵک چاوترسێن بکا، ئەگینا زۆر جاران لە ترسی نارەزایەتیی گشتی دەگەڵ دۆخەکە هەڵ دەکا و هەر بۆیەشە هەوڵ دەدا مێتۆدی بەریەککەوتن وەکار بخا، فێڵ و تەڵەکەی بێدەنگتر، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دەگەڵ ئینتێرنیت، سیستمی ئیستکاک بە واتای هەک کردن و داخستن و لاوازکردنی خێرایی ئینتیرنێت و هەڵبڕینی و هتد.

شێوازێکی دیکە هێرشی بۆچوون نووسینە، دەبینین بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێک، باسێک بەکەڵک و گەرموگوڕ و…. کەسانێک دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و باسی ناپێوەندیدار و هەوڵ دەدەن بە هێرشی بۆچوونان بابەتەکە بە لاڕێدا بەرن.

کراوەبوونی گۆڕەپانی ئینتێرنێت ئەو دەرفەتە بۆ دژبەرانی سەرەڕۆیی دەڕەخسێنێ کە زۆربەشیان لە مێدیاکان بێبەشن و ناتوانن بە ئاشكرایی چالاکی بکەن، تێڕوانین و بۆچوونەکانیان بە شێوەیەکی سیستماتیک بگەیەننە نێو خەڵک و  بۆ چالاکیی سیاسی ئامادەیان بکەن و ڕێکیان بخەن، دەسەڵاتیش دەست لە سەر دەست دانانێ، کەمپەین و ناونیشانی جەعلی دروست دەکا و، بەمەبەستی جۆراجۆر هەوڵ دەدا خەڵکی ناسەقامگیر و یەکلانەبۆوە گەورە بکاتەوە و لە ڕێگەی فیکرییەوە خۆ دەخزیننە ڕەوتی بەرخۆدان و چالاکانی مەیدانی و بە بەکارهێنانی تەڵەکەی سێلاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە چەشنێکی دیکە لە سانسۆری دەوڵەتی وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ بێمتمانەبوونی کەش و ژینگەکە کەڵکێکی بێوێنە وەردەگرن.

لە ئێراندا کەمێک زیاتر لە سەدی ٧ی بەکارهێنەران کاری سیاسی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە هێشتاش بەدەنەی پێکهاتەی سیاسی و ڕێکوپێک کە خۆی وەک پارت و ڕێکخراوی جیاواز دەناسێنێ، پێویستیی بە پێناسەکردنەوەی جیددی هەیە کە دەگەڵ هەلومەرجی نوێ بگونجێ، کەسایەتی و چالاکە ناسراوەکان هێشتاش لەسەر کاری پرۆپاگەندەیی بە شیوەی کۆن و نەریتی سوورن و پێشوازییەکی وا لە دنیای نوێی پێوەندیی ناکەن، لە حاڵێکدا بە دروستکردنی کاناڵی سەرچاوەیی دەتوانن ببن بە ژێدەرێکی جێگەی باوەڕ و متمانەی گشتی بۆ بەکارهێنەرانی خۆیان.

بەداخەوەی دەوری ئەو دامەزراوە مەدەنییانەی بە فەرمی ئیزنی کاریان هەیە، بە سەرنجدان بە ئەوەی ناچار بە ڕەچاوکردنی هەندێ نەگوتراوەکانن و  نهێنی و لە ژێر بازنەی دەسەڵاتی دوژمندا درێژە بە کاری خۆیان بدەن، زۆر کەمڕەنگە و زیاتر بۆ زانیاری گەیاندنن.

ئەوانەی لە هەمووان زیاتر دە مەیدانەکەدا دیارن، چالاکە سیاسی و مەدەنییەکانی نێوخۆن، ئەو توێژە پڕ لە کەفوکوڵە ئەکتەری سەرەکیی ئەو گۆرەپانە نوێیەن کە بەداخەوە بەشێوەی تاکەکەسی و لێکبڵاو کار دەکەن.

ڕوون و ئاشکرایە هەتا نەتوانین ئەو پوتانسییەلە مەزنە بۆ بۆ چێکردنی پێکهاتەیەک و کاری هاوبەش لێکنزیک بکەینەوە، هیچمان پێ ناکرێ، ئەمەش مسۆگەر نابێ هەتا ویستێکی گشتی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە ئاستی نەتەوەیی لێک خڕ نەکاتەوە و ئامادەبوونی چڕوپڕی چالاکانی مەیدانی ئەو گۆڕەپانەش، دەبێ لانیکەم بەشیک لەو پێوەندییەی دنیای مەجازی لە دنیا و ژیانی ڕاستەقینەی خۆیاندا بکەن بە بەشیک لە بوون.

( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)