Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۷ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 19/10/2018 | کاتژمێر:
هزروکولتور

هەڵسەنگاندنی لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە ٣_١

06/01/2018 | 14:00:50
+A
-A
د. کامڕان ئەمین ئاوە

پێشەکی

بە دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت و بلۆکی خۆرهەڵاتی سۆسیالیستی لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا، لە بەرامبەر هێزی چەپ گەلێک پرسیاری جیددی سەبارەت بە سۆسیالیسم ‌و هۆی سەرنەکەوتنی لەم وڵاتانە، زاڵبوونی سەرمایەداری بەسەر چەندین قەیرانی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گەشەسەندنی سیستەمی خزمەتگوزاری بە تایبەتی لە وڵاتە ئورووپاییەکان و هتد هاتە پێش و داهاتووی سۆسیالیسم کەوتە ژێر ڕەخنەی توندی لیبڕاڵەکان و تەواوی هێزە دژ چەپەکانی جیهانی. ئەوان بە پێداگری لەسەر ئەم خاڵە کە ڕووخانی وڵاتە سۆسیالیستییەکان بە مانای سەرنەکەوتنی بیر و هزری سۆسیالیستی بە یەکجاری و سەرکەوتنی بیری لیبراڵییە‌، بەم ئاکامبەندییە گەیشتوون کە مێژووی بەکارهێنانی چەمکی سۆسیالیسم بە یەکجاری کۆتایی پێ ‌هاتووە. بەم پێیە پێویستە ئاو‌ڕێک لە مێژوو و بیری لیبڕاڵیزم بدەینەوە تا ببینین تا چ ڕادەیەک لیبڕاڵیزم توانیوێتی وڵامدەری ویستی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بێ‌ و بتوانێ خۆی وەکوو بەدیلێکی بە‌هێز بۆ سۆسیالیسم پێناسە بکا؟ سۆسیالیستەکان بە گشتی و کوردی سۆسیالیست بە تایبەتی لە ڕەوتی چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی ‌و چینایەتی لە کوردستاندا پێویستە چ هەڵوێستێکی لە بەرامبەر بە دێمۆکراسی بۆرژوای یان لیبڕاڵی بێ؟

 

هەڵسەنگاندنی لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە

مێژووی سەرهەڵدانی لیبڕاڵیزم دەگەرێتەوە سەدەی ١٧ی زایینی کە هاوکاتە لەگەڵ نەمانی پێوەندیی فئوداڵی و پێکهاتنی کۆمەڵگەی تازەپێگەیشتووی سەرمایەداری. پرۆتێستانە ڕادیکاڵەکان هەوەڵین لیبڕاڵەکان بوون کە بە ناوی بەرگری لە ئازادیی تاک لە بەرامبەر پلە‌ و پایەی نائایینی و ئۆلی ڕاوستان و لەسەر ئەم باوەڕە بوون کە خەڵکی ئاسایی توانایی داوەرییان سەبارەت بە کاروباری دەوڵەت و هەڵبژاردنی ڕێگەی گەیشتنیان بە ڕزگاری هەتاهەتایی هەیە. هەر لەو کاتەوە لیبڕاڵەکان بوون بە ڕێبەری بەشێک لەو بزووتنەوانەی کە ئامانجیان ڕزگاریی تاک لە هەلومەرجی دژوار و ئاستەمی سیاسی، ئۆلی، ئابووری و هتد بوو. بە باوەڕی هێرۆلد لاسکی «لیبڕاڵیزم بیرۆکەیەک بوو کە چینی مامناوەندیی نوێ بە یارمەتیی ئەو بە دەستەڵاتی سیاسی گەیشت». لیبڕاڵیزم بە تەواویەتی بە شۆرشی جیهانی سەرمایەدارییەوە گرێ دراوە، لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە بەرگری لە مافی کۆکردنەوەی دارایی خۆیی دەکەن و تا کۆتایی سەدەی نۆزدە دژ بە دەستەڵاتی ئەریستۆکراتەکان بوون. وەک لاسکی باسی دەکا: «ئەم ئایدۆڵۆژییە ناچار لە ئاکامی ئەو بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتیانە پێکهات کە پێوەندییان پێیەوە بوو».

چەمکی لیبڕاڵ تا سەرەتای سەدەی  ١٩ زۆرتر لە چوارچێوەی ئازادبیرکردنەوە و سازاندا خۆی نیشان دەدا، بەڵام لەوە بەولاوە وشەی «لیبڕاڵیزم» لە پێوەندیی لەگەڵ حیزب و بزووتنەوکاندا بەکار هێندرا. سەرەڕای ئەوەی کە مێژووی لیبڕاڵیزم تا ڕادەیەکی زۆر مێژووی خەبات بۆ وەدیهێنانی ئازادی لە بەرامبەر حکوومەتی سەرەڕۆ، وشکەڕۆی ئایینی، مافە ناڕەواکانی ئابووری و بێبەشبوونی نادیموکراتیکی تاک لە مافی دەنگدان بە هۆی سەرمایەداریی سەربزێوە، خوێندنەوەی لیبڕاڵەکان لە ئازادی لە درێژایی مێژوودا یەکسان نەبووە و لە نێوان خوێندنەوەی پارێزکارەکان و سۆسیالیستەکاندا لە نەوەساندا ماوەتەوە. لیبڕاڵە سەرەتاییەکان لە خەباتی دژ بە حکوومەتی سەرەڕۆ و ماڤە تایبەتمەندییەکانی ئەریستۆکراتەکان دەیانویست چوارچێوە‌ و سنووری دەستەڵاتی دەوڵەت کەم کەنەوە و پاشگەزیان بکەنەوە. ئەوان لەسەر ئەم باوەڕە بوون کە ئازادیی تاک بەستراوە بە بەهرەمەندبوون لە بەشێک لە ئازادییە مەدەنییەکان بە دوور لە دەستێوەردانی دەوڵەت وەکوو ئازادیی کۆکردنەوەی سامان و دارایی و مافی دەربڕینی بیروڕا و پێرەوی کردن لە بانگی ویژدان لە کارو باری ئایینی‌یە. بە واتایەکی دی ئازادی یانی نەبوونی کۆسپی جۆراوجۆرە و کۆمەڵێك (Collective) کاتێک ئازادە کە هەر کەس بتوانێ بە کەمترین دەستێوەردانی خەڵکی دیکە یان دەستەڵاتی گشتی، خاوەن دەسەڵاتی خۆی و «دارایی»یەکانی(بە وتەی جان لاک) بێ. ئەم چەشنە ئازادییە کە وەکوو «ئازادیی نەرێنی» پێناسە دەکرێ و بیرمەندەکانی کلاسیکی لیبڕاڵیزم وەکو جان‌لاک، بێنژامین کۆنستانت و جان ستوارت‌میل تیۆریزەیان کردوە، پاکانە بۆ دوکترینی دەوڵەتی لانیکەم دەکا. بە باوەڕی «ئایزا بێرلین» مەبەست لە ئازادیی نەرێنی ئەو بارودۆخەیە کە تێدا وێچوونی گەشەکردنی تاک بێ‌خورتی دەرەکی هەبێ. لەوەدەچێ خورتی دەرەکی لە لایەن مرۆڤێک، ڕێکخراوە‌یەکی کۆمەڵایەتی یان حکوومەتەکان و تەنانەت ئایدۆڵۆژیای زاڵ بەسەر کۆمەڵگە یان تاکدا بێ. بەم پێیە ئازادیی نەرێنی هەمیشە وەکوو کارێکی ئازادیخوازانە لەقەڵەم دراوە و دەکرێ وەکو ئازادی لە دەستەڵاتی دەرەکی پێناسە بکرێ. ئیمانوێل کانت ئازادیی نەرێنی وەکو سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەی هەرچەشنە بەستراوەیی پێناسە دەکا. لەم پێوەندییەدا مارتین هایدیگێ پرسیار دەکا: سەربەخۆیی لە چی ناوی ئازادی بە خۆ دەگرێ؟ بە وتەیەکی دیکە ئەم سەربەخۆییە چۆن دیاری دەکرێ؟ لە ئازادی نەرێنیدا گوڕگ و مەڕ هەر دوو مافێکی بەرامبەریان هەیە و ناکرێ گۆڕانکارییەک لە کوژرانی مەڕ بە دەستی گوڕگ بکردرێ. یەکێک لە لاوازە سەرکییەکانی چەمکی «ئازادی نەرێنی» مانای نەبوونی بەرتەسکی واتە «نەبوونی کۆسپە». بەتەواویەتی دەرهێنانی بەشێک لە بوارەکان، بۆ وێنە چوارچێوەی خاوەندارێتی لە بڕیارە گشتییەکان، نە تەنیا نابێتە هۆی پەرەسەندنی ئازادیی تاک و لەنێو بردنی کۆسپەکان، بەڵکوو تەنیا جێگای کۆسپەکان دەگۆڕێ و لەنێوی نابا. بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە پێشگیریی ڕەهای لیبڕاڵیزمی زێدە‌خواز لە مافی خاوەندارێتی‌ بکرێ. بە پیرۆز زانینی مافی خاوەندارێتی بڕیاردەری بۆ خاوەندارێتی لە چوارچێوەی بڕیارە گشییەکان دەردێنێ و کۆسپێکی تازە بۆ گەیشتن بە سامان و دارایی و سەرچاوە ئاراییەکان بۆ ئەو کەسانەی پێک دەهێنێ کە خاوەندار نین. ئازادیی نەرێنی بە باوەڕێک نە تەنیا چەمکێکی وورد نیە بەڵکوو چەشنە ئوستوورەیەکی شیاوی تێگەیشتنە کە ڕەخنەگرتن لەو کارێکی هاسانە. بۆ تێگەیشتن لەم پرسە دەکرێ لە بۆچوونێکی ژیربێژانەی ساکار کەڵک وەربگیرێ کە هانز کێلزێن یەکێک لە فیلۆسۆفە قانوونناسەکانی هاوچەرخ شی کردۆتەوە و لە ڕوانگەی ژیربێژیەوە گەلێک وردە. بە پێی ئەم بۆچوونە هەر چەشنە مافێکی قانوونی و هەر ئیزندانێک، بەرامبەر بە یەک ئەرک یان کۆسپێک بۆ کەسانێکی دیکەیە. «دەستوور و ڕێسا کاتێک ئیزن و ماف[بە کەسێک] دەدا کە ئەرک، کار و خزمەتێکی دیاریکراو بەسەر کەسانێکی دیکەدا داسپێنێ». هەر چەشنە ڕێسا یان قانوونێک بۆ کارو چالاکی ئازادانەی تاک دەبێتە هۆی پێکهاتنی بەربەست و کۆسپێکی نوێ. بە قسەی ئایزا بێرلین نووسەری ناودار و بیرمەندی لیبڕاڵ بۆ ئەو کەسانەی کە لایەنگری لە ئازادیی نەرێنی دەکەن «گرینگ ئەوە نیە چ کەسێک ئەمر دەکا، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە لە چ بوارێکدا (بێ دەستتێوەردانی خەڵکی دیکە) دەسەڵاتدارم». بەم مانایە، لیبڕاڵە سەرەتاییەکان بە ڕواڵەت پێڕەوی ئەو بیرە پارێزکارانە بوون کە «ئازادی لە کۆمەڵگەیەکدا گەشە دەکا کە خەڵکەکەی خاوەنی ئازادی کەسبوکارێک بن کە ڕادەی داسەپانی بەرتەسکییەکان لە بەرامبەر بەرزەفڕیی تاک لە ئاستێکی زۆر نزمدا بێ.»

لە بەرامبەر «ئازادی نەرێنی» باس لە ئازادیی ئەرێنی دەکرێ، وەک نۆربێرتو بۆببیۆ مافناسی ئیتالیایی باسی دەکا، ئەم چەشنە ئازادییە بە مانای «توانایی ملنەدان بە یاساکان بێجگە لەوانەیە کە من خۆم پابەند بە ڕێزگرتنیان دەزانم». لە لایەکی دیکەش ئازادی ئەرێنی بە مانای ڕادەی بەشداریی تاک لە دەستەڵاتی گشتی ‌و دیاریکردنی بڕیار و یاساکانی دەربەستی‌هێنەر بۆ هەمووانە. بە باوەڕی ئایزیا بێرلین مەبەست لە ئازادیی ئەرێنی ناسین و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی ئارایی بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانە. لە چوارچێوەی ئازادیی ئەرێنیدا بۆ بەرتەسککردنی کۆسپەکان، پێویست بە ڕەوشت و قانوونگەلێک بۆ بەرتەسککردن یاخود ڕێ‌ پێ نەدان بە کوشتنی مەڕ بە دەستی گوڕگە. لە ڕوانگەیەکەوە کارل مارکس وەکو بیرداڕێژی ئازادی ئەرێنی پێناسە دەکری، ئەستەڤانۆ پێترۆچیانی فیلۆسۆف سیاسەتمەداری ئیتالیایی پێی وایە مارکس لە چەمکی لیبڕاڵی مۆدێرنی ئازادی وەکوو نرخێک (ئەرزش) دەست پێدەکا تا پیشان بدا کە چۆن لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەی بۆرژوازیدا حاشا لەم نرخە کراوە و خەیانەتی پێکراوە. مارکس نیشان دەدا کە وەدیهاتنی بە‌ بەهرە و تەواوی ئازادیی تاکەکان پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی بنەماکانی ئابووری و سیاسی کۆمەڵگە یانی دابەشکردنی خاوەندارێتی و دەزگاکانی دەوڵەتی هەیە. مارکس نە بەپێی چەمکەگەلێک وەکوو بەرامبەری و دادپەروەری ڕەخنە لە پێوەندییە ئاراییەکان دەگرێ، بەڵکوو بەردەوام ڕەخنەی ئەو لە ئاستێک لە پێوەندییە ئاراییەکان بووە کە بە باوەڕی ئەو ئازادیی تاکی پێشێل کراوەتەوە.

مارکس لە کتێبی بنەماڵەی پێرۆزدا دەنووسێ: «ئازادیی مرۆڤ نە بە پێی توانایی نەرێنی پارێزکردن لەم یان ئەو[شت]، بەڵکوو بە پێی توانایی ئەرێنی بایەخدان بە تاکیەتی تایبەتمەند بە خۆیەتی».

لە کۆتایی سەدەی نۆزدە‌دا بەشێکی زۆر لە لیبڕاڵەکان کە لیبڕاڵی پێشکەوتوو یان نوێیان پێ دەگوترا بەو ڕاستییە گەیشتن کە نابەرامبەری زەقی سەرمایەداری خوازیاری ڕکەبەری، تێکدەری ئازادیی خەڵکێکە کە هەوڵدانیان بۆ زیندوومانەوە کات و ساتێکی وەهایان بۆ کەڵکوەرگرتن لە توانایی خۆیان ناهێڵێتەوە. ئەوان بە مەبەستی هێنانەخوارەوەی ئاستی بێکاری و بەرزکردنەوەی مووچە، بوون بە لایەنگری دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری ئابووری، هەروەها پێداگرییان لەسەر دەرمان و مافەکانی خۆشبژیویی دیکە بۆ هەمووان دەکرد. ئەم لیبڕاڵانە هەر چەند لە پێوەندیی لەگەڵ وەلانانی باوەڕی پێشینییانی خۆیان بە سەرمایەداری سەربزێو و بێزار لە نابەرامبەرییەکانی زەقی ئابووری بازاڕ، هاوبیری سۆسیالیستەکان بوون، بەڵام هاوکات ئامادەی وەڵانانی تەواوی فەرزکراوەکانی پێشینییانی خۆیان، یەک لەوان ئەوەیکە «سیستەمی ئابوری لەسەر بنەمای پێشبڕکێ، کاتێک دادپەرەورانەیە کە مووچە بە پێی لێهاتوویی تاک دابەش بکرێ» نەبوون.

بە باوەڕی ئەوان «لە کۆمەڵگەیەکی لیبڕاڵیدا بە هۆی ئەوەی کە ئازادی لە بنەڕەتەوە، ئازادیی پێشکەوتن و پاشکەوتنیش لە خۆ دەگرێ و لیبڕاڵەکان ناتوانن لە مەر بەرژوەندی تاکێک کە بە شێنەیی دەڕوا بەرژوەندی تاکێک بەرتەسک‌ بکەنەوە کە بەخێرایی دەڕوا ، ناتوانێ بەرامبەرخواز بێ». بەم پێیە دەبینین لیبڕاڵە نوێیەکان هاوکات لەگەڵ پارێزکارەکان ئازادی وەکو مافی خەڵک بۆ هەوڵدان بۆ وەدەسهێنانی سامان و دارایی پێناسە دەکەن و هاوکات وەکو سۆسیالیستەکانیش پێیان وایە ئازادی لە نێودەچێ مەگەر ئەوەی کە هەر کەس توانایی دەست ‌پێڕاگەیشتنی بە دەرفەتەکانی ژیان بێ.

جان ڕۆڵز فەیلەسۆفی ئەمریکی و یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی سەر بە ڕشتەی لیبڕاڵیزمی کۆمەڵایەتی کە خوازیاری «پێڕەوی بەرامبەری لە ئازادییە»، پێرەوی بنەواشەیەکی گەڵاڵەکراو لە چەشنێکی بەرتەسکە. ئەو بەکارهێنانی ئەم بنەواشەیە تەنیا «لەسەر بنەمای ئاستی لانیکەمی داهات» بە شیاوی ڕێزگرتن دەزانێ. هەڵبەت ئەم بۆچوونە لانیکەم لە جیهانی سێهەم (کە زۆرترین بەشی گۆی زەوی لە خۆدەگرێ) جێ‌بروا نیە، تەنانەت ئەگەر مانای ڕواڵەتی ئەم بنەواشە بەرتەسکەی ڕۆڵزیش لەبەرچاو بگرین، بە باشی دەبینین کە سەروەری ئازادی بەسەر بەرامبەریدا لە پێوەندیی لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداری ‌و بە‌تایبەتی ئەمریکادا، دەچێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە لەم وڵاتانەدا «چوونەسەرەوەی ڕێژەی هەژاران «حاشاهەڵنەگرە‌ و ڕێژەی ناوچە هەژارنشینەکان و تەنانەت هەڵەخۆرەکان بە پێی لێکۆڵینەوەکانی پرۆفسۆر لاری براون لە زانستگای هاروارد و سەرۆکی «گروپی زەبری پزیشکەکانی دژ بە برسێتی» سەقامگیریشە. لێرەدا بە باوەڕی مارکس (پێش ئەویش فریدریش هێگێل) لە ئاستی لانیکەمی داهات نە تەنیا سەروەری ئازادی لەبەراوەرد لەگەڵ بەرامبەری لەرزۆکە و لێک هەڵدەوەشێتەوە، بەڵکوو لەم حاڵەتەدا ئازادی بوونی دەرەکیشی نابێ، بە وتەیەکی دیکە «دابینکردنی ئازادی لە مسۆگەرکردنی لانیکەمی بەرامبەری جیاناکرێتەوە».

مارکس و ئینگێلس لە هەوەڵین ژومارەی گۆڤاری کۆمۆنیست (١٨٤٧) سەبارەت بە پێوەندیی ئازادیی تاک، بەرامبەری و پێکهاتنی بارودۆخی پێویست بۆ گەشەسەندنی ئەم ئازادییە، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە پێیان وایە دامەزڕێنەرانی بیری کۆمۆنیزم بایخێکیان بە ئازادیی تاک لە بەرامبەر بە یەکسانی و بەرامبەری نەداوە، نووسیویانە: «ئێمە لەو چەشنە کۆمۆنیستانە نین کە دەیانەوێ ئازادی تاک لەنێو ببەن و جیهان بکەنە سەربازخانەیەکی مەزن یان کارگایەکی زەبەلاح‌ئاسا. بێگومان هەن ئەو کۆمۆنیستانەی کە خاوەندارێتی خۆیی کۆسپێک لەسەر ڕێگەی هاوئاهەنگییەکی تەواو دەزانن ‌و بە ویژدانێکی ڕاحەت حاشا لە پێناسەکردنی خاوەندارێتی خۆیی دەکەن و پێیان خۆشە بە یەکجاری لە جێهاندا بیسڕنەوە، بەڵام ئێمە مەیلێکمان بە گۆڕینی ئازادیی لەگەڵ یەکسانیدا نیە. ئێمە بەم باوڕە گەیشتووین ئازادی لە هیچ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا بە ئەندازەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی کۆیی پێکدێ، دەستەبەرناکرێ». هەروەها بە باوەڕی مارکس «خۆدانەدەسەوە مەترسییەکی کوشندە بۆهەر بوونەوەرێکە، بەم پێیە نەبوونی ئازادی مەترسییەکی بە ڕاستی کوشندە بۆ مرۆڤە». ئازادی مارکسی بێگومان لایەنی بنەڕەتی ئازادی دێمۆکراتیک لەخۆدەگرێ و بەم پێیە ئازادی بریتییە لە چاودێریی کۆی خەڵک بەسەر بارودۆخی ژیانی هاوبەشیاندا.

مارکس لە کاپیتاڵدا دەنووسێ: «کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بە چەشنێکی عەقڵانی ئاڵوگۆڕی ئۆرگانیکی تایبەتمەندیی خۆیان لەگەڵ سروشت ڕێکوپێک دەکەن، ئەوان بە جێگەی ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەم دانووستانەوە وەکوو هێزێکی کوێر ببزوێندرێن، بە چەشنێکی هاوبەش [ئەم دانووستانە] کۆنترۆڵ دەکەن» یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی بیری مارکس، پێداویستیی ئازادی بە تێپەربوون لە پێوەندییەکانی تێکەڵ بە توندوتیژی‌‌ و زۆرداری، هەروەها پێشبڕکێی نێوان تاکەکان بە قازانجی پێوەندیی لە چەشنی هاویاری[تعاونی]و کۆمەڵە. مارکس لە کتێبی ئایدۆڵۆژی ئاڵمانیدا دەنووسێ «بەم پێیە تەنیا لە کۆمەڵ دایە کە ئازادی خۆیی مسۆگەر دەبێ». لە ئازادی مارکسیدا‌ چەند خاڵی بنەڕەتی وەکوو» گەشەکردنی مرۆڤ، بڕشت ‌و توانایی تایبەتمەندییەکانی مرۆیی (لە حاڵێکدا لە کۆمەڵگەکانی ڕابردوودا گەشەسەندنی بەشێک بە حیسابی زیان و زەرەر بۆ بەشێکی دیکە تەواو دەبوو) ڕۆڵی ناوەندی و سەرەکییان هەیە. بە باوەڕی مارکس «گەشەسەندنی ئازادانەی هەر کەس مەرجی گەشەسەندنی هەمووانە».

( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)