Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 19/12/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

بیوگرافیی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار

06/01/2018 | 13:48:37
+A
-A
سمایل شەڕەفی

له‌ ڕۆژانی سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵدا بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران پێی نایە قۆناغێکی دیکە و تایبەتیی خۆیەوە. خەڵک لەم ڕۆژانەدا بە نیشاندانی کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی جەماوەریی بەرین کە هەم لە شێواز و هەم لە نێوەرۆکدا جێی تێڕامان و خوێندنەوەیە. ئەم ناڕەزایەتییانە کە لە ڕووی پانتایی جوغرافیاییەوە لە ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بێ‌وێنە بوون و تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین زۆربەی پارێزگه‌ و شارە گەورەکانی گرتۆتەوە، لە ڕووی درووشم و داخوازییشەوە، تۆفیرێکی بەرچاوی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو هەیە. لەو خۆپێشاندانانەدا خەڵکی ناڕازی و بێزار لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای بردنە ژێرپرسیاری سیاسەتی قووڵ و جەناحەکانی دەسەڵات، ڕاشکاوانە خوازیاری نەمان و لاچوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواویەتی خۆیدا بوون.

پێش لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانی خەڵک، باڵی بناژۆخوازی ڕێژیم بە بردنە ژێرپرسیاری سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی حەسەن ڕووحانی هێرشێکی بەربڵاوی میدیایی بۆ سەر دەوڵەتیان دەست پێ کرد. هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرکۆماری پێشووی ڕێژیم لە ڕێگه‌ی بڵاوکردنەوەی ویدیۆ و ئامادەبوون لە نێو خەڵکدا بە توندی خەریکی هێرش بۆ سەر دەزگای قەزایی و بەیتی ڕێبەریی بوو. بە گشتی فەزای سیاسیی نێوخۆی ئێران بە ڕۆژنامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زوومیان لە سەر ئەم پرسانە بوو. تا لە ناکاو لە سەرەتاکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا لە چەند شارێک کۆمەڵێک لە کرێکارانی کارخانەکان و مامۆستایانی قوتابخانەکان بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر و سازکردنی ڕێپێوان وێڕای داواکردنی ماف و مووچەی چەند مانگ دواکەوتوویان، درووشمی «مەرگ بۆ رووحانی»یان بەرز کردوە.

ئەم خۆپێشاندانانە بۆ ماوەی سێ رۆژ و هەر جارە و لە شار و شوێنێکی وڵات کە زیاتر درووشمی «مەرگ بۆ ڕووحانی»ی تێدا بەرز دەکرایەوە درێژەی هەبوو. زۆربەی بۆچوونەکان ئەوەبوو کە ئەم خۆپێشاندانانە دەستی مخالفانی دەوڵەتی لە پشتە و ڕاست بۆیە دەوڵەتی ڕووحانی یەکەم باڵ و جەناحی دەسەڵات بوو، کە دژکردەوەی بەرانبەر بەم خۆپێشاندانانە نیشان‌ دا. لەم پێوەندییەدا ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرکۆمار ڕایگەیاند کە «ئەمە کارێکی باش نیە و دووکەڵی ئەم ئاورە دەچێتە چاوی ئەو کەسانەوە کە هیدایەتی ئەم حەرەکەتانە دەکەن.» بە دوای هەڵوێستی دەوڵەت‌ باڵی بناژۆخوازی ڕێژیم و سپای پاسداران بە ئاماژەدان بە بارودۆخی نالەباری ئابووریی وڵات و پەرەسەندنی هەژاری لە نێو خەڵکدا کە پێیان وابوو بەرهەمی سیاسەتی هەڵەی دەوڵەتە، بە جۆرێک هێرشەکانیان بۆ سەر دەوڵەت درێژە پێ دا و خۆیان بە داکۆکیکاری ناڕازییان دەزانی.

بەڵام خۆپێشاندانە بەرینەکانی مەشهەد لە ٧ی بەفرانبار و کرماشان لە ٩ی بەفرانبار بە تەواوەتی دەسەڵاتدارانی رێژیمی بە هەموو باڵەکانیەوە تووشی سەرسوڕمان کرد. کاتێک کە درووشمەکانی: «مەرگ بۆ دیکتاتۆر»، «مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران»، «نە غەزە، نە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران»، ئیستقلال ، ئازادی، جمهوریی ئێرانی» لە زمانی بە هەزاران خۆپێشاندەری ناڕازییەوە لەم شارانە بەرز کرایەوە، بە تەواوەتی دەرکەوت کە مەسەلە شتێکی دیکەیە. دوای بڵاوبوونەوەی دیمه‌ن و وێنەکانی ئەم خۆپێشاندانانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زۆری نەخایاند کە خەڵک لە دەیان شاری ئێران بە تایبەت شارە گەورەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە شێوازێکی هێمنانە و مەدەنی، یەکگرتووانە دژ بە تەواویەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێستیان گرت.

دوای ئەوەی کە باڵەکانی ڕێژیم زانییان کە ناتوانن لە خەڵک دژ بە یەکتر کەڵک وەربگرن و بە تەواوەتی هەستیان پێ کرد کە لە دەستیان چۆتە دەرێ، سەرەتا بە نەرمی نواندنێک بەرانبەر بە خۆپێشاندەران هەوڵیان ‌دا ئەم بارودۆخە بخەنە ئەستۆی یەک و یەکتری پێ تاوانبار بکەن. بەڵام دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێکی دیکە و بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان و لێبڕاوبوونی خەڵک دژ بە هەردوو باڵی ڕێژیم، بەرەبەرە هەم کاربەدەستانی دەوڵەت و هەم کاربەدەستانی دیکەی سەر بە حاکمییەت، وێڕای بەستنەوەی خۆپێشاندانەکان بە دوژمنانی دەرەکی وەک عەرەبستانی سعوودی، ئیسرائیل، ئامریکا و  دژەشۆرش، خوازیاری ڕه‌فتاری توندی هێزە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ خەڵکی ناڕازی بوون. ئەوە بوو کە لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی بەفرانباردا هێزە ئەمنیەتییەکان بە توندی سه‌رکوتی خۆپێشاندانه‌کانیان کرد و بە هەزاران کەسیان لە پێشڕەوان و پێشەنگانی ئەم حەرەکەتە بەربەرینە دەسبەسەر کرد و وەک سەرچاوەکانی خودی رێژیمیش ده‌ڵێن لانیکه‌م تا ئێستا ١٥ کەسیان له‌ خۆپیشانده‌ران کوشتوه‌.

سەرەڕای بەردەوامیی هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنیەتییەکان کە بە  تەواوتی شارەکانیان میلیتاریزە کردوە و ڕۆژانە جموجۆڵی خەڵکی ناڕازییان لە ژێر چاوەدێری دایە، بەڵام لێبڕاوانەتر لە ڕۆژانی ڕابردوو خەڵک بە درووشمی نوێوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای کۆتایی هاتنی ئەم دەسەڵاتە دەکەن. لە بەرانبەردا ڕۆژی ١٣ی بەفرانبار رێژیم بۆ دژایەتی بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە دەسەڵات، لایەنگرانی خۆی و، بە هەڕەشە لێکردن لە کارمەندان و قوتابیان، خەڵکێکی زۆری دیکەی لە زۆرێک لە شارە گەورەکان، بەتایبەت ئەو شارانەی کە چەند ڕۆژێکە خۆپێشاندانی دژبەرانی نیزامی تێدا بەردەوامە، هێنایە سەر شەقام و ئەوانیش خۆیان نیشان دا.

ئەوەندەی پێوەندی بە داخوازییەکانی خەڵکی ناڕازییەوە هەیە، کاربەدەستانی رێژیم دەیانهەوێ تەنیا لایەنه‌ ئابوورییەکەی بەرجەستە بکەن، بەڵام خەڵک لەگەڵ ئەوەیکە لە بارودۆخێکی نالەباری ئابووری و گوزەرانی ڕۆژانەی ژیانیاندا دەژین و بێکاری و ئاوسان تەنگی پێ هەڵچنیون دیسانیش داخوازییە سیاسییەکانیان دیار و بەرچاوترە. ئەوان لە گەڵ ئەوەیکە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بە هیوای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و خۆبواردن لە ڕێگه‌ی پڕتێچوو، بەشداریان کردوە و بۆ نمونە لە دوایین هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا دەنگیان بە ڕووحانی دا، بەڵام بە تەواوەتی لە هەرچەشنە ئاڵوگۆڕێک لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا بێ‌ هیوان و داوای نەمان و کۆتاییپێهێنانی دەکەن. ئەوان ئەگەر تەنیا بە مانای بە دەرفەت زانین بۆ گەیشتن بە گۆڕان لە ڕەوتی بەناو ڕێفۆرمخوازیان دەڕوانی و پشتیوانییان لێ دەکرد، ئێستا ئیدی بۆیان دەرکەوتوە کە لە چوارچێوەی ئەم نیزامەدا نە ئەوان لێبڕاون لە گۆڕان پێکهێنان و نە گۆڕانیکیش پێک دێ، بۆیە درووشمی تێپەڕین لە ڕێفۆرمخوازیان بەرز کردۆتەوە لە تەواویەتی خۆیدا خۆیان بە دژبەری ئەم نیزامە دەزانن و داوای گۆڕینی بنچینەیی دەکەن.

لە گەڵ ئەوەیکە بە پێی پێکهاتەی سیاسی و نەتەوەیی و هەروەها ڕیشەداربوونی کۆمەڵێک ڕەوتی سیاسیی وەک ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکی ئێران، لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی، ڕەوتە چەپەکان و هێزە سیاسییەکانی دیکەی سەرانسەری کە بەشێکیان هەر ئێستا و لە چوارچیوەی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هەن و بوونیان هەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێک لە ئاراستەکانی ئەم خۆپێشاندانانە دیارە، بەڵام دیسانیش نەبوونی ئاڵتیرناتیڤێکی بەهێز کە بتوانێ ئاراستەیەکی گشتی ببەخشێ، کەمایەسییەکی دیاری ئەم جووڵانەوەیەیە. لەم پێوەندییە‌دا و بە گشتی لە پێوەندی لەگەڵ ئەم خۆپێشاندانانەدا کوردستان(رۆژهەڵاتی کوردستان) بارودۆخێکی تایبەتیی هەیە. لەگەڵ ئەوەیکە لە شاری کرماشان و چەند شارێکی ئەم پارێزگایە و لەم دواییانەیشدا لە شارەکانی سنە و ئیلام لەلایەن بەشێک لە خەڵکی کوردستانەوە خۆپێشاندان کراوە، بەڵام تا ئێستا شێوازێکی سەرانسەری و گشتیی بەخۆوە نەگرتووە کە بێگومان سەرەکیترین هۆکاری بۆ هەستیاربوونی کوردستان لە ڕووی ئەمنیەتی و نەتەوەییەوە دەگەڕێتەوە. هەر لەم پێوەندییەدا دوو بۆچوون لە ئارادایە؛ یەکەمیان کە زۆربەی هێزە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نێوخۆی وڵات لە سەری کۆکن ئەوەیە کە وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵک لە شارەکانی ئێران، پێی وایە بە هەستکردن و دەرککردنی بارودۆخی ئەمنیەتی کوردستان و دەست ئاوەڵایی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سەرکوتکردنی خەڵک، پێویستە بە وریاییەوە چاودێری دۆخەکە بکرێ و لە دەرفەتی گونجاودا هەڵوێستی گونجاو بنوێندرێ. ڕوانگە دووهەم ئەوەیە کە پێی وایە کە پێویستە بە کردەوە خەڵکی کوردستانیش شان بەشانی خۆپێشاندانی خەڵکی شوێنەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ بکەوێ و خۆی دوا نەخا.

ئەوەی لەم پێوەندییەدا هەموو لایەک لە سەری کۆکن و پێیان وایە لە هەر حاڵەتێکدا کە خەڵکی کوردستان بۆ هەڵوێست نواندن دەیگرێتە بەر، پێویستە ڕەچاوی بکا ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵک لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئێران، پێویستە کورد جەخت لە سەر داخوازییە سیاسییەکانی خۆی و شوناسی نەتەوەیی خۆی بکاتەوە. لەم پێوەندییەشدا پێش هەموو شتێک پێویستە هێزە سیاسییەکان کە خۆیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن یەکگرتووانە بە پشتیوانیی خەڵک قورسایی ئەم ئەرکە بخەنە سەر شانی خۆیان.

ئەوەی لە کۆتاییدا ئاراستەی ئەم رۆژانە لە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و دوورە دیمەنەکانی بزووتنەوەی سیاسی و هەروەها دەسەڵاتی سیاسیی لەم وڵاتەدا دیاری دەکا، چۆنیەتی بەردەوامیی و درێژەکێشانی ئەم ڕووبەڕووبوونانەوە هەیە.

( لە ژمارەی ٧١٧ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)