بە دەیان هاووڵاتیی کوردی ناڕازیی خەڵکی شارەکانی مەلەکشای، سەر بە پارێزگای ئیلام و کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێو خۆییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕەوتی خۆپیشاندانی شارەکانی مەلەکشایی نزیک لە ٥٠ هاووڵاتی و لە کرماشانیش ٩ کەس دەسبەسەر کراون.
بە قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەلەکشایی، هێزە حکوومەتییەکان بە شێوەیەکی توند هێرشیان کردە سەر خەڵک و ئەم خۆپیشاندانانەیان بەرەو توندوتیژی برد و چەندین هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد.
هەروەها ئیدارەی گشتی ئیتلاعاتی شاری ئیلام، بە ناردنی کورتەنامە بۆ هاووڵاتییان بەشداری کردن لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییانەی قەدەغە کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا لە شارەکانی کرماشان ٩ کەس و لە شاری ورمێش ١٠ کەس لەلایەن هێزکانی ڕێژیم دەسبەسەر کراون.
ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سنە پەهپادیان بۆ فیلمهەڵگرتنەوە لە خەڵك بەکار هێناوە.
لە لایەکی دیکەوە، جێگری سایبری ڕێکخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسداران، هەک کردنی تێلێگرامی هاووڵاتییانی دەست پێ کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا دەرهێنەری بەناوبانگی کورد، خەڵکی بانە پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستاندا دەربڕی.
خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، دژی “گرانی و بارودۆخی خراپی ژیان” بەردەوامە. لەم خۆپیشاندانانەدا چەندین کەس بە هۆی تەقەی هێزەکانی حکوومەتییەوە گیانی خۆیان لە دەست داوە و بە دەیان کەس دەسبەسەر کراون.