ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە و حیفازەتی سپای پاسداران، هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی کردووە کە نابێ پشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵك بکەن.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، هەردوو دامەزراوەی ئەمنیەتیی ئیدارەی ئیتلاعات و حیفازەتی سپای پاسداران لە شاری سنە لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنیی کورد کردووە کە نابێ هیچ جۆرە بابەت و وتارێک لە ڕاستای پشتگیری کردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە میدیاکاندا بڵاو بکەنەوە.
بە قسەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، ئەم دوو ناوەندەی ئیتلاعات بە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنییان ڕاگەیاندووە: ئەگەر هەرجۆرە پشتیوانییەک لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک بکەن لەگەڵ سزای توندی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێ: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کەشوهەوایەک بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و بە تایبەت شاری سنە بە تەواوی میلیتاریزە کراوە و هێزەکانی دژەشۆڕش و سپای پاسداران لە نێو شاردا بڵاوبوونەتەوە.
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بەفرانبارەوە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکردووە و هێزەکانی دژەشۆڕش بە هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران توندوتیژیان دروست کردووە؛ هەروەها لە شاری “دوروود” ی پارێزگای لوڕستان ٤ کەس لە خۆپیشاندەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران و خەڵكێکی زۆریش بریندار و دەسبەسەر کراون.