ئەمرۆ ڕۆژی ٩ی بەفرانبار بۆ سێیەمین رۆژ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، لە هەمبەر “گرانی و گەندەڵی” گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و ئەو خۆپێشاندانە لە شارەکانی تاران و ئیسفەهان و کرماشان و شەهرکورد تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەروا بەردەوامە.
رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٨ی بەفرانبار خەڵکی تووڕە و دڵگران لە سیاسەتە دژە گەلییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان بەشێوەی بەربڵاو نارەزایەتییان دەربڕیو، دروشمی یان مەرگ یان ئازادییان سەردا.
ئەمرۆ لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شارە گەورەکانی ئێران بۆ جارێکی دیکە سەرەڕای کەشی ئەمنیەتی، خەڵکی کرماشان دیسان هاتنە سەرشەقام و بە دەیان کەسیش لە خەڵکی شارەکانی ئێران دەسبەسەر کراون.
هەروەها پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەر دەرگای زانکۆی تاران خەڵکێکی بەرفراوان خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دروشمی دژە نیزامیان بەرز کردەوە.
دوای هەڕەشەکانی سپای پاسداران ، ئەمرۆ رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانبار وەزیری نێوخۆی وڵات، عەبدولرەزا ڕەحمانی فەزڵی، لە لێدوانێکدا هەڕەشەی لە خۆ پێشاندەران کرد.