کۆماڵێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان، بە هۆی وەرنەگرتنی ٨ مانگە مووچە ، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موکریان، ڕۆژی ڕابردوو، کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان، کە ماوەی ٨ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرێن لە بەردەم بینای ئەو دامەزراوە دەوڵەتییە کۆ بوونەوە.
کرێکارێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ ڕایگەیاند: بە هۆی کەمتەرخەمیی شارەداری پێشوو و شورای پێشووی شاری مەریوان بووە کە مووچە بەو کرێکارانە نەدراوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا شارەداریی مەریوان زیاتر لە ١٩ میلیارد تمەن قەرزداری کرێکارانی ئەو شارەدارییەیە و ئەو بڕە پارەیەش هی ئەو ماوەیە کە مووچەی کرێکاران نەدراوە.
پێشتریش ئەو دامەزراوە دەوڵەتییە ١٥٠ کرێکاری دەر کردبوو.
شایانی باسە ڕەزبەری ئەمساڵ، ئەسعەد شیخعەتاری، بەرپرسی شورای شاری مەریوان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “تەسنیم” لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی پارەی کرێکارانی شارەداری نەدراوە، ڕایگەیاندبوو: هۆکاری نەدانی پارەی چەند مانگی کرێکارانی شارەداریی بۆ کەمی پارەی تەرخان کراو و دابیننەکردنی بوودجە دەگەڕێتەوە و ئەم کێشەیەش بۆ هەڵسووکەوتی شارەدار و شورای شاری پێشووی مەریوان گەڕاندەوە؛ ناوبراو ڕێژەی قەرزدار بوونی شارەداریی مەریوانی بۆ ٣٠ میلیارد تمەن یان زیاتر مەزەندە کردووە.