بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان لە شاری بوومەلەرزە لێدراوی سەلاسی باوەجانی، منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵە، لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ گیانی لە دەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکان، ڕۆژی ڕابردوو، منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵان بە ناوی “کیان ئەڵماسی” کوڕی جەلال، خەڵکی گوندی “زیارەتەی” ناوچەی تەمرخانی سەلاسی باوەجانی، بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ گیانی لە دەست دا.
بەپێی ئەو هەواڵە، کیان ئەڵماسی کە نەخۆشی “شەکرە”ی بووە، بە هۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان لە سەلاسی باوەجانی لە کاتی گواستنەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری جوانڕۆ لە نێو ڕێگەدا بە داخەوە گیانی لە دەست داوە.
شایانی باسە نەبوونی کەرەستەو ئامێری پزیشکی، لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکی دیکە لەو گیر و گرفتانەیە کە خەڵکی کورد بەتایبەتی لە ناوچە دوور دەستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵی بەرەوڕوون، زۆر جار گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان، لە هەموو تەمەنەکانی لێ دەکەوێتەوە.