لاوێکی کورد، خەڵکی شاری سەرپێڵیزەهاو بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری شووش سەربە پارێزگای خووزستان بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، ئێوارەی دوو ڕۆژ لەوەپێش ، لاوێکی کورد خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوی “دانیال خەدیو” تەمەن ١٥ ساڵ، لە ناوچەی چنانە “فکە” سەربە شاری شووش لە پارێزگای خووزستان لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.
ئەو لاوە کرماشانییە پاش گوازتنەوە بۆ بەشی ئۆرژانسی نەخۆشخانەی “نیزام مافی” لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە و نەشتەرگەری چاوی بۆ کراوە. بە وتەی کاربەدەستانی نەخۆشخانە بارودۆخی تەندروستی گشتی دانیاڵ خەدیو لە باشیدا نیە.
شایانی باسە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بە هۆی تەقینەوەی مین ٢٣ کەس بوونە قوربانی، کە ٣ کەسیان کوژرا و ٢٠ کەس دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئامارە ڕەسمیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ١٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئەو وڵاتە مینڕێژ کراوە.