Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 24/06/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

هەناری سوور ئاڵی یەلدا

23/12/2017 | 02:18:57
+A
-A
ماردین میرخزری

(خەرمانەی خەمی شارەکەی کۆیە

ئەوڕۆ بە جارێ لە دڵما کۆیە)

دەڵێن بەفر دێت و پاییز ڕەنگە زەردەکەی بە ئاوی بەفراو دەشواتەوە و خۆی بۆ ژیانەوەی وەرزی داهاتووی بەهار و ژیانەوە ئامادە دەکا و دڵی گوڵ ناشکێنێ و نازی بە گیان هەڵدەگرێ، کەچی خەمی دووری تۆ بە هیچ بەفراوێک و بارانێک ناشۆرێتەوە و لە  دڵی برینداری من ناچێتە دەر و، برین ساڕێژ نابێتەوە. هێندەی لەندی شێخان و قەڵاتی شا و سپیسەنگ و هەموو نزاری ئەم کوردستانه‌، خەمت ناخی تەنیوم و چەمی دیدەم بەڕێژاوی سرووشکم لێوڕێژ دەبێ. ناهێڵێ ئەسرین لە خەیاڵیشدا بتبینم، هەر چەند باڵا و قامەتت هێندەی باواجی بەرزە بەڵام یادگارییەکانت بارتەقای تاسەکانم نیە بۆ تۆ. تکا کارم ئەمجارەش لەگەڵ باران، نم نم ببارە و وەرەوە بۆ لام، لەگەڵ بارانیش نایەوە، سواری پەلکە زێڕینە بە و لەگەڵ بزەی وەک کازیوەی نەپشکووتووی ناسر و شنەشنی باڵای شلکی سالار و لەگەڵ ئارامیی وەک دەریا مەندی کاکە گیان، بابەگیان تۆ گیانی دایکت لەگەڵ قۆیتاسیی فەرماندە وەک شنەی «با» و سروەی بەیانی وەرنەوە.

ئەوە شەوی یەڵدا هاتەوە و قەڵای دێموکرات بۆ هەتا هەتایە بۆ سفرەی یادی لە دایک بوونی ڕێبەر قاسملوو، هەناری ناوێ و بۆ سفرەی ئەم یەڵدایەش دەنکە سوور ئاڵەکانی خوێنی ئێوەی پێوە دیارە و سوورئاڵ دەچێ.

بابە گیان، کاک وەهابە مێهرەبان و بزە لە سەر لێوەکەی هەموو پێشمەرگەکانی دێموکرات، سەنگەر و عەدنان؛ هەنارەپژاوەکانی گەرمێنی یەڵدا، پێم دەڵێن لە گەڵیاندا دەستەملانی کەکۆن و هەیبە سووڵتان بووی و بە یەکەوە لە ڕۆژی پێشمەرگەدا شێعری بەرزی حاجی قادری کۆیی دەڵێنەوە کە دەڵێ: «هەڵیکەین بەیرەقی کوردی لە دەوران  لە مابەینی کەکۆن و هەیبە سووڵتان».

ئەگەر لە حاڵی من دەپرسی بابە، غەمبارم و دڵ پەرێشان بە بێ تۆ. هەر بارانێک کە دەبارێ و تۆ لەگەڵ دەنکی باران  نایەیتە خوار ، دیسان چاوەڕێتر دەبم، چوونکە هەمیشە باران بۆنی تۆی تێکەڵاو بوو لە گەڵ خاکی پیرۆزی کوردستانم بۆ دێنێ. هەر بۆیە بۆنی خاک تامەزرۆۆترم دەکا بۆ بینینت. فرمێسکەکانم لە لێواری چاوەکانمدا قەتیس ماون، سوێند دەخۆم دڵیشم ئازاری هەیە، لەوەته‌ی ڕۆیشتووی خۆشی باری کردوە لە دڵمدا و هەر بە یادی خەندەی هەمیشە میوانی ڕووخسارتەوە ماوم. دەزانی هیچ باش نیم ؟

بابە گیان دەمهەوێ بە دڵ ڕووخساری تۆ لە دڵی تاقانەکەمدا وێنا بکەم و پێی بڵێم ئەلەندی ترووسکایی خۆشەویستی بابە گەورە، تۆ بەر لەوەی بێیە سەر دونیا و چاو بە ژیان هەڵێنی پێشمەرگه‌یەکی ئەو ئاو و خاکە بێ سەبرانە چاوەڕوانی پشکووتنی نۆبەرەی ژیانی تاقانەکەی خۆی بوو، کە نەیدی. نازانم نا بابە گیان چۆن ئەو گشتە چاوەڕوانییەتی بۆ وێنا بکەم و پێی بڵێم تاقانەکەم تۆ نەک هەر ئازیزی بابەگەورە، بەڵکوو بەر لەوەی پێ بنێیتە ژیانەوە بەشێک لە ڕوح و گیانی ئەو بووی.

یادی شەو و ڕۆژی خەیاڵە خەمگینەکانم، خەمباریی وشەکانم، زامداری کردوە دڵ و هەست و نەستم، تاکەی نایەیتەوە جێژوانی خەون و خەیاڵەکانم. تۆ تازەدار و تاقەداری بێ نەوبەهاری من بووی و تا هاتم فێر بم لقەکانت بگرم و فێری دارە دارەی خەبات بم، گلای و و ون بووی لەبەر چاو و دیدەم. نازانم لەو ژینە کەمەی بە سەربەرزیی ژیانت کامە بیرەوەریت بکەم بە هەوێنی ژیانی داهاتووم و بە کامەیانەوە بژیم… چونکە بیرەوەرییەکانم لە گەڵ تۆدا وەک کازیوەیەکی نیوەهەڵاتووی خۆر نەدیو بوون. زمانی دڵ لە گۆ نایە و پارسەنگی بیرم بۆ ناگرێ تا لە بەهاریی تێکەڵبوونەوەی ڕووباری ژین لەگەڵ تۆدا وەک ڕووناکترین ئەستێرەکانی بەبێ تۆیی ژیانم لە ساواییدا، بترووسکێی و لەژێر باری ئەو خەمە گەورەدا چۆک دانەدەم. خۆت پێت گوتم کە من هیچ کات هۆگری شادی نەبووم و، خۆت وتت، هاوڕێی پێشمەرگایەتیم، کە لەگەڵ تێکەڵبوونەوەی ڕووباری ژیانماندا ئیتر ئاشنایەک بە ڕوحی خۆم هەیە و هاودەمی ڕۆژ و شەوانی لووتکەی شادیمە.

باوانەکەم، هەموو باوانم، ئەگەر بێت و بۆ جارێکی دیکە بە چاوی دڵ سەرنجم لێ بگری و ببینی چۆن شار لە دوای تۆ وێرانە و ئەستێرە تازە دەرکەوتوەکانی تەمەنم کە بە دیتنەوەی تۆ دەبریسکانەوە، چۆن کووژانەوە و لە سریوە کەوتن و ڕێگام لێ تاریک بۆوە. بەڵام هەنارە پژاوەکەی یەڵدای خوێناوی دێموکرات، ئه‌من و چەکی شانم و باوەڕ، لە سەر ترۆپکێکی بڵند، تۆ فێری فڕینت کردین، دڵنیا بووی لە فڕینمان؟ بۆیە وا زوو بەجێت هێشتین؟

تکاکارم نەکەی وا زوو دەست لە باڵی من بەربدەی، فەلەک لە ئاست ئێمەدا غەدارە و نەکەی جارێکی دی  بێ ئەنوام بکەی.

شەرتە و کردوومە لە سەر ئەو ڕێچکە و خەباتەی خۆت پێت گرتمە بەر لا نەدەم و بۆ هەڵۆکانی بەرزەفڕی لووتکەی چیاکانی کوردستان چرا و هەناسە بم.

تا سەیری ئاسمان نەکەی پەلکە زێڕینە نابینی، تا سەیری مێژووی سەرانسەر بە خوێن سووری کورد نەکەی، شانامەی بە مەردی ژیان بەدی ناکەی. زامەکانی جەستەی نیشتمان هێندە برین لە سۆیە کە بە هەموو شنەیەکی» با « دەکوولێتەوە و دێنەوە سۆ. برین دەکوولێنەوە، ئەو برینانەی کە لە پڕ کەوتنە جەستەی نیشتمان و بەڵام ساڕێژ بوونەوەیان هێندە دوور دەخایەنێ کە ئیتر بڕستێک نامێنێ بۆ ژیان. لێرە شەڕە و هەردەم تا بینە قاقای گرتووین، لێرە کازیوە هەڵنایە و و تیماری جەستەی زۆر بەژانی نیشتمان ناکرێ.

کە سەیری ئاسمانی «کۆ» دەکەم ، مۆمی تاسەم دادەگیرسێ و برینی هەردەم گەرمی تۆم دێتەوە سۆ. دڵم لەگەڵ مەلەکانی غوربەت باڵ دەگرێ و دێتەوە گۆڕستانی شەهیدانی دێموکرات و تاوێک لە حزوور گۆڕی پیرۆزی خۆت و هاوسەفەرەکانی یەڵدای خوێناویت دەچەمێمەوە و هەر بە خەیاڵ گۆڕی پیرۆزت زیارەت دەکەم. بەڵام خۆزگە دەکرا نه‌یهێڵم ئەو خەیاڵەی تەسلیمی لە دەستدانی تۆی کردوم، چونکی تۆ یەڵدایەک نەبووی بۆ ساڵێک و خوێنی خۆت کردە شووشەی دەروونی هەنارێکی سوور و بۆ هەموو ساڵێک ڕژای. بۆیە دڵ و هەستی من وەک پشکۆیەکی نیوەگڕ بۆ قوومێک بارانی ئەوینت نائارامە. تا دەمهەوێ لێوێک بە ماچی زامەکانت تەر بکەم، دەچمەوە کۆشی دەریای غووربەت و دیسانەوە دەبمەوە بە گڕی تۆڵە و هەموو شەوانی یەڵدا دێمەوە کۆیە و دەنک دەنک یاقووتە سوورەکانی هەناری خوێنی ڕژاوت وەکۆ دەکەم تا هێچ یەڵدایەکی تر، هەنار نەپژێ و خاکی پیرۆز سوور ئاڵ نەبێ.

 

( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)