لە درێژەی تەقە کردن لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی مێهدى ئەحمەدپوور خەڵکى گوندى بروێشکانێ و کارساز عەزیزى خەڵکى گوندى کێلێ، لە سنوورى نەنۆر، لە لایەن هێزە چەکدارەکانى سنوورەوە تەقەیان لێ کراوە و بریندار کراون.
شیاوی باسە کە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دواى خەڵکى ناوچە برینداربووانیان گواستوتەوە بۆ نەخۆشخانەى بانە، بەڵام لە لایەن ئیتلاعاتەوە کارگێڕى نەخۆشخانەکە ئاگادار کراوەتەوە کە نە کەس دەتوانێت بیانبینێت و نە تا سبەىیش نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا، شەوی ٢٦ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکان لە گوندی “بێتووش” سەربە شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک کاسبکارو کۆڵبەری کوردی ئەو ناوچەیە کرد، کە لە ئاکامدا ٢ کاسبکاری کورد، بە ناوەکانی “عوسمان ئەحمەدی” کوڕی عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٠ ساڵ و “محەممەد بەهرامی” کوڕی ڕەحمان، تەمەن ٢٢ ساڵ و خێزاندار گیانیان لە دەست دا.