چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی شەوی یەڵدا لە شارەکانی مەریوان و سنە و قوروە ڕێوڕەسمێکی تایبەتیان بە بۆنەیەوە بەڕێوە برد.
شەوی ڕابردوو لە هۆڵی نشاتی شاری مەریوان بە دەسپێشخەریی ناوەندی فەرهەنگی و هونەریی ڤەژین ” ی مەریوان لە ڕێوڕەسمێک تایبەت بە بۆنەی شەوی چلەوە خەڵاتی “بەڕووی زێڕین”بە نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا عەتا نەهایی بەخشرا.
کۆڕی فەرهەنگی و هونەریی ڤەژین لە شەشەمین ساڵی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا، دوێنێ شەو بە خەڵات کردنی عەتا نەهایی ڕێزی لە تەمەنێک خزمەتی ئەو قەڵەمبەدەستە بانەییە گرت.
شیاوی باسە، پێشتر ئەو خەڵاتە بەخشراوەتە جەلال مەلەکشا، یەڵدا عەباسی، هادی زیائەدینی، عوسمان هەورامی و عەلیدوست فەلاحەتی.
جێی ئاماژەیە عەتا نەهایی، یەکێکە لە ڕۆماننووسە گەورەکانى کورد کە بە کورتە چیرۆک و ڕۆمانەکانى، لە باشوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستان ناسراوە.
هەروەها چالاکانی مەدەنیی شاری سنە رۆژی پێنچشەممە ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی هاتنی شەوی چلە لە یەکێک لە هۆڵەکانی ئەوشارە پێکهێنا.
رۆژی پێنج شهممه ٣٠ی سەرماوەز له شاری سنە به بۆنەی شهوی یەڵدا مەراسمێک له کاتژمێر 6ی ئێواڕە بە بەشدرایی بەرچاوی خەڵکی شاری سنە و ئامادەبووانی بەشێک لە هونەرمەندان و شاعیران یادی شەوی چلە کرایەوە.
ئەم مهراسمه له لایان چاڵاکانی فهرههنگی و مهدەنی شاری سنە لە تالارهی بابەک ههڵکەوتوو له تەنێشتی پاڕکی محەممهدی سنە بهرێوەچوو.
ئەو ڕێوڕەسمە به شێعر و گۆڕانی ، ههڵپهرکێی کوردی ڕازایەوەو مامۆستا جەلاڵ مهڵکشا ، خاتوو سیمین چایچی و چەند کەسی دیکە لە قەڵەمبەدەستانی بەشداربوو لەو بۆنەیەدا شیعریان پێشکەش کرد.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە بۆنەی شەوی چلەوە، رۆژی ڕابردوو ٣٠ی سەرماوەز هاوکات لە گەڵ شەوی یەڵدا بۆ یەکەمین جار لە شاری قوروە ڕێوڕەسمی تایبەت بەو شەوە بەڕێوەچوو و فۆلکلۆربێژ و هونەرمەندی بەتەمەن حەبیب ملەیی لە لایەن چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە خەڵات کرا.
شیاوی باسە حبیب اللە مەفاخری ناسراو بە حەبیب ملەیی لە گوڕانیبێژان و هونەرمەندانی ناوچەی لەیلاخە کە جیا لەوە لە گورانی گوتنەوە خاوەنی ستایلی خۆیە، لە زیندوو هێشتنەوەی ملوودی و ئاوازەکانی ناوچەی لەیلاخی سنە، دەوری بەرچاوی هەبووە.