ژنە چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی زیاتر لە ٢ مانگ زیندانی بە سەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران “کوبڕا خاڵندی”، چالاکی مەدەنیی کوردی بە ٢ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان، مەحکووم کرد.
دەزگای قەزایی ڕێژیم ئەو ژنە چالاکەی بە تۆمەتی “بەشداری کردن لە ناڕەزایەتی لە مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران” تاوانبار کردووە و، رۆژی سێشهممه، ٢٨ی سهرماوهز دراوهته زیندان.
ئەو ژنە چالاکە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەرمانان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە هاوڵاتییانی ناڕازی خەڵکی شاری بانە و مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران، لە گۆڕەپانی “چوارچرا”ی شاری مەهاباد دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.
ناوبراو پێشتریش چەند جار لەلایەن ناوهنده ئەمنیەتییهکانی شاری مەهابادهوه بە هۆی جۆراجۆر دەسبەسەر کراوه. ئەو کە زیاتر به جموجۆڵ و چالاکییه کۆمەڵایەتییهکانهوه سهرقاڵه، بههۆی بهرگری و داکۆکیی له کۆڵبهران و مهحکومکردنی سیاسهتی دهوڵهت له پێوهندی لهگهڵ دۆخی کۆڵبهراندا گیراوه.
شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانان، خەڵکی شاری بانە، لە هەمبەر کوژرانی ٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتیی، بە داخرانی دووکان و بازاڕ و کۆبوونەوە لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە ناڕەزاییەتییان دەربڕی.