فستیڤاڵی چیرۆکی بانە کە لە ئاستی ئێران و کوردستان ناوێكی ئاشنایە رۆژی سێشەممە یازدەیەمین خولی ئەو ڤستیڤاڵە لەشاری بانە دەستیپێکرد.
بە پێی هەواڵی کاناڵی ئەنجومەنی بەڕۆژەی بانە ،سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەز یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە بە ئامادەبوونی نووسەر و چیرۆکنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین مێوان و نووسەری شارەکانی دیکەی ئێران بۆ ماوەی سێ رۆژ دەستی بە کار و چالاکیی کرد.
محەمەدسدیق کەریمپوور، بەڕێوەبەری یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆکی بانە لەو بارەوە ڕایگەیاند، ئەم خولەی فێستیڤاڵ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و هەتا ڕۆژی پێنجشەممە دەخایەنێت و تێیدا 67 بەرهەم بە دوو زمانی کوردی و فارسی و لە بەشە جیاجیاکانی چیرۆک، چیرۆکی منداڵان، مێرمنداڵان و وتار، پێشکەش دەکرێن.
بەوتەی بەرپرسی فستیڤاڵی زیاتر لە یەک هەزارو٦٨بەرهەم بە دووزمانی کوردی وفارسی گەیشتوونە ئەو فستیڤاڵەو دوای هەڵسەنگاندن و ڕای داوەران ٦٠بەرهەمی چیرۆک و ٧ وتاری تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان و تازەلاوان دەچنە قوناغی کۆتایی و پێکەوە پێشبڕکێی دەکەن.
بڕیارە لە درێژەی ١١مین خولی فستیڤاڵی چیرۆکی بانە ڕێز لە قەڵەم و خزمەتی فەتاح ئەمیری نووسەرو ڕۆماننووسی ناسراوی کورد و حوسێن میرعابدینی نووسەری ناسراوی فارس بگیردرێت.
شایانی باسە فستیڤاڵی چیرۆکی بانە پاش ٥ساڵ ڕاگیران رۆژی سێشەممە بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە قەڵەمبەدەستان و نووسەرانی کورد و فارس لە شاری بانە دەستی پێکردو تا ٢٣ی سەرماوەز درێژەی دەبێ.