دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ٥ بەندکراوی بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئیعدام کرد.
ڕۆژی ڕابردوو، ٥ بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی دێزڵاوای شاری کرماشان ئێعدام کران کە تەنیا کەسێک بە ناوی “کەیکاووس ئاشووری” ڕاگەیەندراوە و شوناسی ئەو چوار زیندانییە ئێعدام کراوەی دیکە ڕوون نەبووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەو بارەوە بڵاویکردووە، ئەو ٥ بەندکراوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە قەساس مەحکووم و ئێعدام کراون.
بەپێی سەرچاوەکانی ئاماری ناوەندە هەواڵدەرییەکان، لە سەرەتای مانگی ژانووییە هەتا کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٢٤٨٤ حاڵەتی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام دراوە، کە لەو ڕێژەیە، ١٨٢٨ کەسیان دسبەسەر، ١٧٧ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار و ٦٤ کەسی کوردیش بە هۆکاری جۆراوجۆر لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا حوکمی ئێعدامەکانیان جێبەجێ کراوە.