Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

ئێران، کوردستان و کارەساتی وشکەساڵی

07/12/2017 | 17:25:46
qalam
شێخە بەهێشتی

(پاش هەڵبژاردنەکانی بانەمەڕ کە بۆ راکێشانی دەنگی خەڵک زیاتر لە سەر بەڵێنە ئابووری و گوزەرانەکان چڕ ببۆوە، روحانی کێشەگەلێک یەخەی گرتوە کە بۆ درێژخایەن مەترسین لەسەر سەقامگیریی وڵات، بەتایبەتیش بێکاریی زۆر، نەبردنە سەری بەڵێنەکان، نرخی هەرزانی نەوت و وەگەڕنەکەوتنی لایەنە باشەکانی پاش رێککەوتنی ناوکی ئێران و ڕۆژاوا و ئەو هەڕەشە سەربازییانە لە سۆنگەی دەستێوەردانە نابەرپرسیارەکانی دەسەڵات لەسەر ئێرانە)

سیاستڤانانی کۆماری ئیسلامی لەسەر توانایی و زەرفییەتە سروشتییەکانی ئێران درۆ و دەلەسەیەکی زۆریان کردوە و بە ئانقەست درۆی زل زلیان لەسەر نیعمەتە سروشتییەکان هەتا ئێستا بە خەڵک و داڕێژەرانی گەڵاڵە و بەرنامە ورد و درشتەکان داوە. جاری وایە بە چەشنێک لەسەر بەهرە و دەوڵەمەندیی جوگرافیایی ئێران دواون، وەک بڵێی ئێران ڕووگەی دنیایە و سەرپاکی بەهەشتە. ئەوە لە حاڵێکدایە ئەگەر گەشبینانەش لێێ بڕوانین ئێران لەچاو ئورووپا، ئەمریکا، ڕۆژهەڵات و باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەفریقای خواروو و تەنانەت قەوقازیش لە بواری ئیکۆلۆژییەوە دەکەوێتە پلەی زۆر خوارووتر.

ئێران وڵاتێکە نێونجی بارینە بارانی کەم، هەڵم و بووغ زۆر، خاکەکەی نەشیاز و قەلیایی و بەگشتی کەشوهەوایەکی بیابانی و نیوەبیابانی هەیە. نە چۆم و ڕووباری وەک می سی سی پی، ئامازۆن، براهما پوترا، هوانگهۆ، یانگ تسە، سی کیانگ، دانوب سێن و .. هەیە، نە خاکی بەپیت و پێزی وەک ئۆکراین و هیند و ئامریکاشی هەیە.

نێونجی بارین ٢٤٠_٢٣٠ میلیمێتری بخەیە بەر پیشلەی ئەمریکی و ئورووپی و چینیش زیز دەبێ. ئەویش بە دەیان بەرانبەر زیاتر هەڵم بوون و بزرکانەوە، ئەو وڵاتە هەمیشە وشک بووە و وشک و قاقڕیش دەمێنێتەوە. وشکەساڵی ئێران ئاساییە، نەک شتێکی ناوازە، بەڵام قسە ئەوەیە کە ئاکامی ئەفسانەهۆنینەوە لەو وڵاتە دەوڵەمەندە، کارەساتبار بووە.

بڕیاردەران بەدوای گەڵاڵەدارێژان، دەوڵەت بە دوای دەوڵتیان بە لاڕێدا بردوە. هەر لە سەر ئەو وێنا هەڵە و لەڕاستیدا درۆ زلە، ستیراتیژیگەلێکی زۆر لە مێژووی هاوچەرخدا لەبارچوون و تواناییەکی زۆر لەسەر ئەو بۆچوونە درۆیانە بەفیرۆ چوون.

پاش هەڵبژاردنەکانی بانەمەڕ کە بۆ راکێشانی دەنگی خەڵک زیاتر لە سەر بەڵێنە ئابووری و گوزەرانەکان چڕ ببۆوە، روحانی کێشەگەلێک یەخەی گرتوە کە بۆ درێژخایەن مەترسین لەسەر سەقامگیریی وڵات، بەتایبەتیش بێکاری زۆر، نەبردنە سەری بەڵێنەکان، نرخی هەرزانی نەوت و وەگەڕنەکەوتنی لایەنە باشەکانی پاش رێککەوتنی ناوکی ئێران و ڕۆژاوا و ئەو هەڕەشە سەربازییانە لە سۆنگەی دەستێوەردانە نابەرپرسیارەکانی دەسەڵات لەسەر ئێرانە.

بەهۆی بەڕێوەبەری نادروستی سەرچاوە ئاوییەکان و ئاکامە کاولکەرەکانییەوە، ئێران ڕووبەڕووی خراپترین داهاتوویە کە وڵاتێک دەتوانێ بەهۆی بێ ئاوییەوە تووشی بێ. دوای ساڵی ١٣٥٧ ەوە سیاسەتە ئاوییەکانی وڵات بۆتە قوربانی بەڕێوەبەریی هەڵە و گەندەڵ، ئەم بەڕیوەبەرییە وڵاتی خستۆتە سەراولێژیی بێگەڕانەوە و تێکوپەکاندانی ژینگە. کۆمپانایەکی زۆر لە قۆناخی بەناو سازندگی! (هاشمی رەفسەنجانی) دەستیان کرد بە بەنداو و ئاوبەندلێدان لەسەر ڕووبارە گەورە و بچووکەکان، کە بووە هۆی ئەوە بەستێنی ئەو ئاوانەی ساڵانێکە هەن بگۆڕدرێن. ئەو کارەش بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی زەوی و زاری بەدەسەڵاتەکان بوو کە میلیارد میلیارد دولار دارایی گشتیی خستە سەر حیسابی ئەو کۆمپانیایانەوە. بەگشتی لە ساڵی ٥٧ەوە زیاتر لە ٦٠٠ بەنداو لە ئێران لێ دراوە کە پێش ئەو ڕێکەوتە واتە بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەو وڵاتە سێزدە ئاوبەندی هەبوو.

لە هەمان کاتدا دەوڵەت پێویستی بە جوتیارانە تا بەروبومی کشتوکاڵی بەرهەم بێنن، کەواتە حەزی لێ نیە لە خۆیانی زوێر و ناڕازی بکا. دەوڵەتی ئێران بە چاوپۆشی لە هەڵکەندنی بیر و چاڵاو بەشێوەیەکی ڕەها و گوێنەدان بە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو کارە هەڵەیە، ڕێگەی بۆ پاشاگەردانی و زێدەڕۆیی لە بواری ئاوە ژێرزەوییەکان خۆش کرد. سەرەڕای هەبوونی سوبسیدی سووتەمەنی لە ئێران زۆربەی جووتیاران بە بەکارهێنانی ماتۆرە دیزێلییەکان دەستیان کرد بە هەڵێنجانی بێ سەرەوبەرەی ئاو تەنانەت لەو کاتانەدا کە زەوی پێویستیی بە ئاویش نەبوو.

دوای ماوەیەکی کورت و درێژەکێشانی خراپ کەڵکوەرگرتن لە ژینگە، ئاوبەند لێدان لەسەر ڕووبارەکان و هەڵێنجانی لەڕادەبەبدەری ئاو لە بیر و چاڵاوەکان، ئاوی ژێرزەوی زیاتر چووە خوار و دەریاچەکان بەرەو وشکبوون چوون. دەریاچەی ورمێ، گەورەترین دەریاچەی ئێران کە دوو هەزار مایل ڕووبەرێتی، لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٦٤ تا ١٣٩٤ بەڕادەی ٩٠ لەسەدی رووبەرەکەی بچووک بوویەوە و بەدوای ئەوەدا ناوچەکە تووشی کێشەی ژینگەیی بوویەوە. بەو ڕادەیەش سەرچاوە ئاوییەکانی دیکەش دابەزین و وشکبوونیان ئەزماوت و بوونە هۆی پاشهاتە ژینگەییەکان لە دەورووبەری خۆیان.

بە فەوتانی مووچە کشتوکاڵییەکانی، بێهێزبوونی خاک و کەمیی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ گەشەپێدانی خواردەمەنییەکان، میلیۆنان جووتیار و ئاژەڵدار، گوندەکانیان جێ هێشت و لە هەڵومەرجێکی ناخۆش لە قەراخ و دەورووبەری شارەکان کە لە بەرینبوونەوەدابوون نیشتەجێ بوون. دەگەڵ ئەوەشدا خەسارە ژینگەییەکان لە ئێران درێژەیان هەیە و بیابان و بێڕوونەکان لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران لە بەرینبوونەوە دان.

هەموو ئەو هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی کە کەلانتەری، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ و جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ئاو و ژینگە لە ساڵی ١٣٩٤دا راپۆرتێک بڵاو بکەنەوە کە نیشانی دەدا تا کەمتر لە ٢٥ ساڵی دیکە زیاتر لە ٥٠ میلیۆن کەس لە حەشییمەتی ٨٣ میلیۆن کەسیی ئێران بەهۆی بێ ئاوی دەبێ شوێن بگۆڕن. بەو هەمووە گرفتارییەوە کە ئێران دەستەویەخەیەتی، بوون بە کۆچەر و پەنابەربوونی ٦٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێڕان کە بەهۆی بێ ئاوییەوە دەبێ جێ و ماڵیان بگۆڕن، گەورەترین کێشەی بەردەم وڵاتە. ئەو پرۆژانەی هەوڵ دەدەن رێڕەو و بەستێنی چۆم و رووبارەکان بگۆڕن بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی ئەو ناوچانەی بێ ئاون، لە ڕیزی ئەو پرۆژە هەڵانەن کە ساڵانێکە جێبەجێ کراون و ئەو ڕەوشەیان بەرهەم هێناوە. شێوازی کشتوکاڵی لە ئێراندا سەرانەی کەڵکوەرگرتنی ناکاریگەر لە سەرچاوە ئاوییەکانی لە جیهاندا بەرز دەکاتەوە. نزیک بە ٩٠ لەسەدی سەرچاوە ئاوییە شیرینەکانی ئێران بۆ کاروباری کشتوکاڵی بەکار دێن. بۆ وێنە وڵاتە یەکگرتوەکان رێژەی ٧٠ لە سەدی سەرچاوە ئاوییە شیرینەکانی بۆ کشتوکاڵی تەرخان کردوە کە لەپێوەری جیهانی نزیکترە. جوتیارانی ئێرانیش دەتوانن وەک جووتیارانی سەرانسەری دنیا شێوازی باشتر و کاریگەرتر بەکار بێنن. کەواتە دەبێ لەسەر بەکارهێنانی ئاو هەستیارتر بین و بۆ ئاودێری بەروبوومە کشتوکاڵییەکان ئاودێری بارانی و ئاوی پاڵێوراوی زێرابەکان بەکار بێنن. ئەو هۆکارانە دەبنە هۆی ئەوەی کە بەفیرۆچوونی ئاو و بزرکان و بەهەڵمبوونی ئاو بە رێژەیەکی زۆر کەم بکەن.

بێ ئەملاو ئەولا ئەو ئاوازە کۆتایی دێ و، ئەو کاتە دایکی سرووشت لە هەمووان زیز دەبێ.

( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)