Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
ئەدەب

نەبی قادری ناوبانگێک و مێژوویه‌ک له‌ حه‌ماسه‌

07/12/2017 | 16:26:38
rahimmahamadzadeee
ڕەحیم محەممەدزادە

٢١   ساڵ لەمەوبەر لە رۆژی ١٢ی سەرماوەزدا یەکێک لە ئەستێرە پڕشنگدارەکانی ئاسمانی خەباتی کوردایەتی خوشی و بە ڕواڵەت ماڵئاوایی لە بنەماڵە، جوڵانەوە، حیزب و کۆڕی یارانی کرد.

نەبی قادری لە دایکبووی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٢٠ ی هەتاوی و زادەی بنەماڵەی قادری و گەورە عەشیرەتی کوردپەرەوری مامەش بوو، بنەماڵەیەک کە گەورە کاپیتانی کۆماری کوردستان›› کاپیتان محمد قادری›› و فەرماندی ناودار قادر ئیفتخاریی لە داوێنی خۆیدا پەروەردە کردبوو.

کاک نەبی سیمای دیار و ناوداری مەڵبەندی شنۆ بوو، سەردەمانێک لە بەرگی مامۆستایەکی بەوەج و لێهاتوو و خەمخۆر، خزمەتی بە پێگەیاندنی منداڵانی هەژارانی ناوچە دەکرد و سەردەمێک وەک شارەداری شار لە خزمەت گەشەپێدان و ئاوەدانی شار و کۆمەڵگاکەی بوو و لە پاشان لە قامەتی ڕێبەرێکی سیاسی فیداکار، خاکەڕاو بەرپرس تا ئاخرین هەناسەکانی ژیانی لە خزمەت وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەل و حیزب واتە، سەربەستی و رزگاری گەل و نیشتمانەکەی بوو.

کاک نەبی لە ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی پێوەندی بە حیزبەوە دەگرێ و ساڵی ١٣٤١ بە ڕەسمی وەک ئەندامی حیزب دێتە رێزی خەباتکارانی دێموکڕات.

لە دیدارێکدا کە چەند مانگ پێش ڕووخانی رێژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئینگلستان دەگەڵ شەهید د. قاسملووی دەبێ، پاش تاوتوێی بابەتەکانی پێوەندیدار بە وەزعی رێژیم و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرنامەوە دەگەڕێتەوە کوردستان و دەست بە خەباتێکی هەمەلایەنە دژی ڕێژیمی پاشایەتی دەکا.

ناوبراو جێگە و پێگەیەکی تایبەتی لەناو چین و توێژەکانی مەڵبەندی شنۆ بە تایبەت قوتابییەکانیدا هەبوو، هەر بۆیە بوو بە یەکێک لە ڕێکخەری خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی لەو ناوچەیە و پاش ڕووخانی رێژیم یەکێک لە کەسایەتییەکان و کۆڵەکەکانی ئیدارەی ناوچەکە بوو.

کاک نەبێ لە کۆنگرەکانی پێنجەوە هەتا کۆتایی ژیانی لە هەموو دەورانەکاندا، وەک کەسایەتیه‌کی دیاری نێو حیزب و جوڵانەوە و یەکێک لەئەندامانی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕات بوو. کاک نەبی له‌ ماوەی ئه‌و ١٦ ساڵه‌دا که‌ کادری رێبەریی حیزبی دیموکڕات بوو، لە هیچ فیداکارییەک دەریخی نەکرد و، لە هەستیارترین کاتەکاندا بەرپرسایەتیی کۆمیتەی شارستانەکانی نەغەدە، پیرانشار، ناوەندی ئاگری لە شیمال و ئاژوانی لە جنووب و لە ساڵەکانی کۆتایی ژیانیشیدا بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکرات_ ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێری لەسەر شان بوو. ئەو سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی ژن و پێنج منداڵ بوو و دەیزانی کە بنەماڵەکەی پێویستیان بەسەرپەرەستی و ئاگالێبوونی وی هەیە، بەڵام بە هۆی گرینگیدان بە بەرژەوەندییەکانی گەل، نیشتمان و حیزب قەت ئەو هەلەی بۆ نەرەخسا کە لە ڕێبۆارێک زیاتر چاوی بە ماڵ و منداڵی بکەوێ وئاگای لێیان بێ وبە خەمیانەوە بێ.

لە کوردایەتیدا شوڕشگێرێکی بێ سنوور بوو، کورد لەڕوانگەی ئەوەوە یەک نەتەوە و کوردستانی پارچە کراویش یەک نیشتمان بوو. لە دژوارترین هەلومەرجە ئەمنیەتییەکانی زەمانی شا ماڵیان مەکۆی شوڕشگێڕان و شوێنی خۆڕێکخستنی تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەت خەباتکارانی کوردستانی گەرمێن بووە. بەرزترین هیوای یەکگرتنەوەی هەموو بەشەکانی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان بوو. کێلەشین، هەڵگوورد، قەڵای بێردوک لە باکوور، شاهۆ لە هەورامان، هەموو ناوچەکانی کوردستان لە ئاخرین خاڵ لە باکوور هەتا دوورە دەستترین ناوچەکان لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان جەولانگا و مەکۆی خەباتی بێ وچانی کاک نەبی بوون.

کاک نەبی شۆڕشگێڕێکی بە مانای واقیعی لەخۆبوردوو و فیداکار بوو، ئەو لە شەوەزەنگی دیکتاتۆریی شادا و ئەو کاتەی کە ‹› کەڵ بە موو بەند بوو›› قۆڵی خەباتی هەڵماڵی و لە دەورانی کۆماری ئیسلامیشدا زۆر لێبڕاوانەتر لە پێشوو درێژەی پێ دا و تا ئاخرین هەناسەی ژیانی سەربەرز و ڕووسوور بە بێ چرکەیەک وەستان لە مەیداندا بوو.

ئەو که‌ ئەویندار و سەربازی ونی بیروباوەڕەکەی بوو، لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەتا ئاخرین زەڕە لە وزە و توانا شەخسییەکانی تەرخانی ڕێگای هزر و باوەڕەکەی بکا. یەکێک لە یادگارییە بە نرخەکانی ئەو دەفتەری یادداشت و کاری ڕۆژانەیەتی. یادداشتەکان لە ڕۆژەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەیدا ڕێکوپێک، بەڵام تا دێ شیرازە و تان وپۆی دێڕەکانی دەشێوێن بە جۆرێک کە لە ڕۆژانی ئاخری ژیانیدا، مرۆڤ تەنیا چەند هێڵێکی ڕەش دەبینێ. بەوجۆرە ئەو بەڵێنییەکەی خۆی کە هەتا›› دوایین هەناسەم بۆ گەل کار دەکەم›› بردەسەر.

کاک نەبی لە دەورانی مامۆستایەتیدا جگە لەوەی کە لە قامەتی مامۆستایەکی  بەرپرس خۆی نیشان داوە و هەمیشە هەوڵی دابوو تا قوتابییەکانی بە باشترین شێوە پەروردە بکا، بەڵکوو زۆر جاران وەک کەسی نیزیکی قوتابییەکانیش هەڵسوکەوت دەکا. هەر بۆیە قوتابییەکانی ساڵها پاشتر بە حورمەتەوە باس لە کردەوەکانی دەکەن، بۆ وێنە یەکێک لە قوتابیەکانی چەند دەیە پاشتر ئاوای باس دەکا:

‹›رۆژێک دەگەڵ هاوکلاسییەکان لە پۆل دانیشتبووین، دوای بەیانی باش و چاک و چۆنی یەکێک لە قوتابییەکان کە لەلای من دانیشتبوو سرتەیەکی لەگەڵ مامۆستا(بەرێز کاک نەبی) کرد. دوایی کاک نەبی ئه‌منی بانگ کرد بۆ دەرەوەی پۆل و لە گیرفانی شووشە عەترێکی دەرێنا و پێیدا کردم و گوتی: بزانە ئەو عەتره‌ بۆنی خۆشە؟ زۆرم لاسەیر بوو! تۆ بڵێی مامۆستای ئاواش- لەو سەردەمەدا- هەبێ! کە ئەوەندە بە دڵسۆزی و مێهرەبانییەوە سەیری قوتابیی خۆی بکا؟ هەر بۆم پرسیار بوو باشە مامۆستا ئەو عەترەی بۆ پێدا کردم و بە پێکەنین و ڕووخۆشییەوە ڕەوانەی پۆلی کردمەوە؟! دوایی بۆم دەرکەوت تۆ مەزانە بەیانی پێش ئەوەی جلەکانم بکەمە بەرم، براژم لەبەر ئەوەی توشی›› زیندەوەر›› نەبم دەرمانی لێداون و بۆنیان گرتووە. من هەر لەو کاتەوە گەورەیی و خۆشەویستیی ئەو مرۆڤەم بۆ دەرکەوت. ئەو، نە وەک زۆربەی مامۆستاکان- لەگەڵ سەری رێزدانواندم لە ئاست ئەو مامۆستایانەی کە ئەرکی مامۆستایی وەک پێشڕەوانی پەروەردەی کۆمەڵ بە جێ دەگەینن- دەشیتوانی ئەگەر لێم نەدا لێم توڕە بێ و بۆ کاتژمێرێکیش بووبێ لە پۆل دەرم بکا؛ کە چی ئەو بە بۆنی خۆش، بە ڕووی خۆش، پێکەنین و باشترین شێوە لەگەڵ قوتابییەکەی جووڵایەوە››.

کاک نەبی مرۆڤێکی هەڵکەوتوو، لێبڕاو، نەسرەوتوو، ئازا، دەست و داوێن پاک، خاکەڕا، خۆنەویست، فیداکار، گەلدۆست و نیشتماندۆست بوو.

بە کۆچی دوایی کاک نەبی قادری گەلی کورد خەباتکارێکی نەسرەوتوو، حیزبی دێموکرات ڕێبەرێکی بەتوانا، بنەماڵەکەی سەرپەرستێکی مێهرەبان و دۆستانی هاوڕێیەکی بەنرخیان لە دەستدا.

یادی کاک نەبی قادری بۆ هەمیشە بە خێر، کردەوە و ڕێنوێنییەکانی مەشخەڵی ڕێگای خەبات و تێکۆشانمان دەبێ.

( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)