Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

تیپناسیی زیندانیانی سیاسی (بە بیانووی کۆچی دوایی ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێوە)

07/12/2017 | 16:13:31
ahmaddaghai
شەفیع کوردە

تا کۆتایی هەشتاکانی کۆچی هەتاوی زیندانی زۆربەی شارە پڕ حەشیمەتەکانی کوردستان بەندی تایبەت بە زیندانیانی سیاسییان هەبوو. هەڵبەت ئەو بەند و زیندانییانە لە کاتی خۆیدا لە چاوی چاوەدێرانی مافی مرۆڤ نەدیو دەکران و تەنیا کەسانێك ئەو زیندان و زیندانییانەیان دەدی و دەناسی کە پێوەندییان لەگەڵ ڕاگەیەنەر و پارێزەرانی مافی مرۆڤ نەبوو. دەکرێ بڵێین تەواوی زیندانییەکانیش بە ڕەچه‌ڵەک کورد و ئەندامی نەهێنی و ئاشکرای حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان بوون. ئەو سەردەم بارودۆخ و پێوەندیگه‌لی زۆر تایبەت بەسەر ئەو شوێنانە و مرۆڤەکانیدا سەپا بوو کە گێڕانەوەی پێویستی بە شارەزایی ئەدەبی و حقووقی و سیاسی و کۆمەڵناسی تایبەت هەیە. هەر چەند نووسین لە جێگای خۆیدا خودان ڕێزە بەڵام ئەو نووسراوانەی تا ئەوڕۆ لە ئەو بەستێنەدا هاتوونە نووسین زۆربەیان کۆڵەواری نەبوونی ئەو بەرمەرجانەن . بێشك هەموو کەلام و کەلیمەیەك دەروەستی گێڕانەوە و ڕاگوێزتنی ڕاستیەکانی ئەو بڕگە زەمه‌نیە لەو مەکانە نایە.

هەرچەند ئامانجی ئەو کورتە نووسینە کردنەوەی ئەو بابەتە بەربڵاوە نیە، بەڵام با بە ئاماژەیەك تیشك بخەینە سەر گۆشەیەکی بچووکی بابەتەکە. هەر وەك ئاشکرایە ئەو سەردەم لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هیچ تاریفێکی حقووقی بۆ تاوانی سیاسی و زیندانی سیاسی نەکرابوو و بۆشایەکی یاسایی بەر بەرین هەست پێ دەکرا (هه‌ڵبه‌ت ئێستاش ئه‌و پێناسه‌یه‌ بۆ زیندانیی سیاسی نه‌کراوه‌). ئەو کێشەیە دەرئەنجامی جۆراوجۆری لێ کەوتبۆوە. لە لایەکەوە لەلای دەسەڵات و خەڵک دوو تاریف و پێناسەی دژوازی لە تاوان و تاوانباری سیاسی ساز کردبوو، وە لەلایەکی دیکەوەش دەستی قازی و دەست وپێوەندەکانی قەزایی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕەمەکی و سەلیقەیی ئاواڵەتر کردبوو. تاوانباری سیاسی لە ڕوانگەی بیروڕای گشتییەوە قارەمان و لە زمان دەسەڵاتەوە دژی قارەمان لە قەڵەم دەدرا .

وێرای ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی لە وڵاتدا ساختاری سیاسی ماف بدە نەبوو، چالاکانی ناو کۆمەڵگه‌ش ویست و داخوازەکانیان زۆر لە داوای ئازادی زیندانییانی سیاسی کەلان و هەراوتر بوو. هەروەها لە کوردستان بەهۆی ئەوەی جموجۆڵی سیاسی ناو کۆمەڵگه‌ لە درێژەی خەباتێکی چەکداریدا بوو، دیفاع لە مافی زیندانی سیاسی کورد سەد هێندە سەختتر دەبوو. تەنانەت لە ئاستی نێونەتەوەییشدا ناوەندەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ لە حاست پاراستنی مافی خەباتکارانی چەکدار و هاوکار و هاوبیرەکانیان هەڵوێستێکی ئەرینیان نەبوو و نیە. بە واتایەکی دیکە لە تێکستەکانی مافی مرۆڤدا لە نێوان پارتیزانێك و تێرۆریستێكدا جیاوازییەك نیه‌. هەروەتر پارێزەرکان خۆیان لە وه‌رگرتنی پەروەندەی سیاسی دەبوارد، خزمەتگوزارتی حقووقی کەرتی تایبەت لەوپەڕی نزمی و خراپیدا بوو.  نە ڕێکخراوە سیاسییەکان بە مەسڵەحەتیان دەزانی پشتگیریی مادی و مەعنەوی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی خۆیان بکەن و نە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و میدیای سەربەخۆ لە ئارا دابوو کە زیندانیی سیاسی لە دەروەی زیندان ڕا یارمەتیی پێ بکەن. لە ڕاستیدا بەندیی سیاسی بەدەستی بەتاڵەوە دەچوونە شەڕی دامودەزگایه‌کیی تێر و تەیار، ئەوپەڕەکەی دیفاعی سیاسییان لە پەروەندەکەیان دەکرد کە زۆر بێ ئاکام بوو.

لەو کەشوهەوایەدا کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەی بۆ کرا، وێڕای ئەوەی هەر کەس بە سەلیقە وعەقڵی خۆی لەگەڵ دیاردەی دادگا و زیندان بەرەوڕوو دەبۆوە. لە درێژەی زەمان و لە گەرمەی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا عەقڵێکی گشتیش لە نێو زینداندا خۆی داڕشتبوو کە سینگ بە سینگ ڕادەگوێزرا و وەک ئەزموونێکی بەنرخ دەپارێزرا و دەوڵەمەند دەکرا و مەینەتەکانی زیندانی تاڕادەیەك دادەشکاند. کەسانێکی زۆر بەشیان بەو سامانەوە بوو کە ناکرێ لەو دەرفەتەدا هەر هەموویان پۆلێن بکرێن، بەڵام بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەحمەد ئاغای خاڵتاوێ‌وە تەنیا باسی شوێن پەنجەی ئەو و هاوتیپەکانی لە دەیەی ٦٠ و ٧٠ دا دەکەین.

ئەگەر کۆماری کوردستان بەسەرەتا دابنێین، بەشێکی زۆر لە بەرەی یەکەم و دووهەمی چالاکانی هۆوییەتخوازی کورد هەر بەگوێ و بەشێوەی زارەکی کۆلتووری کوردایەتی و خەبات لە پێناوی ئازادییان وەرگرتبوو. بەرەی دووهەم بە شوێن شۆڕشی ٥٧ ی گەلانی ئێراندا هەرچەند ئەو کات تەمەنێکیشی ڕابواردبوو دەستی لە خەبات هەڵنەگرت. بەشێک لەو بەرەیە تێکەڵ بە خەباتی ئاشکرا و شاخ و بەشێکیشی وەك کارێتەرگەلێکی کۆمەڵایەتی لە نێو جەماوەری کوردستاندا مانەوە و دەورێکی جێی سرنجیان دەگێڕا. هەرچەند بەئه‌زموونی ئەو تیپ و تاقمە ئەوانی لە زۆر خەساران دەپاراست بەڵام جار جارە لە درێژەی کارو تێکۆشانیاندا کە زۆرتر لایەنی کۆمەڵایەتیی هەبوو تووشی زیندانیش دەبوون . ئەحمەدئاغا سەر بەو تیپە لە چالاکانی کوردایەتی و ئازادی و ئازایەتیخوازی بوو.

ئەو تیپ مرۆڤە لەو کەسانە بوون کە بە یارمەتیی سیستمی دەستکورتی بڵاو کەرەوەی مەعریفەت لە کوردستان جەوهەری حەقیقەتیان دۆزیبۆوە. حەقیقەت لەو ڕوانگەیەوە سێ توخمی هەبوو: کوردایەتی و پیاوەتی و دیانەت، کوردایەتی کۆمەڵێك ڕێوشوێن و دەبێ و نابێی سیاسی بوو بۆ زیندووکردنەوە و زیندوو هێشتنه‌وه‌ و وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی؛ پیاوەتیش کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای ئەخلاقی و ئینسانیی هەڵقوڵاو لە فەرهەنگی کۆمەڵی کوردەواری بوو کە بەشێوەیەکی زۆر جوان کەوتبووە پەنا یەك و دیانەتیش شەرعیەتێکی واوه‌زەوینی بەو دوو سیستمە دەبەخشی . ئەو دۆزینەوەیە ئەو تیپەی کردبووە خاوەنی سەبک و شێوازێکی تایبەت لە کاری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا و ئەو ئەزموونانەیان لە زیندانیشدا بە شێوەیەکی زۆر وەستایانە دەکار دەکردەوە . ئەوان دەسەڵاتێکی جێی سه‌رنجیان بەسەر خۆیان و دەوروبەریاندا هەبوو و بێ پسانەوە بۆ کەسانی لاو و کەم تەمەنتر لە خۆیان پارسەنگ و باڵانسیان ڕادەگرت. ڕەوایەتێکی زۆر ڕەوا و قایمیان لە ئاستەنگ و خەبات و دەربازبوون و سەرئەنجامی دۆخەکە بەدەستەوە بوو. بوونیان متمانە و هێمنایەتی بە دەروونە نەسرەوتووەکان دەبه‌خشی. قسەکانیان لە عەینی سادەیی و ساکاریدا ئەوەندە قووڵ و ماقووڵانە بوو، کە ڕوون بوو بە ئەزموونێکی دەوڵەمەندەوە پشت ئەستوورە. یاری کۆچکردووش ڕێك لەو چوارچێوەیەدا پۆلێن دەکرێ.

ئەو وێڕای چەند هاوبەندی هاوتەمەنی خۆی دوا کارێکتێرەکانی ئەو بەرەیە بوون کە ڕێیان لە زیندان کەوت. بەسەرهاتیان کۆتاییەکی شیاو بوو بۆ داستانی قارەمانانەی مافخوازانی بەرەی دووهەمی کوردایەتی.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێ ڕوونە ئەو دێڕانە بۆ ئەو باسە کورتن و جێگای خۆیەتی ئەو کۆ وتاکانەی کۆمەڵگه‌ی کوردستان بەشێوەی تایبەتی و زانستی بدرێنە بەر تیشکی سرنج و ئەزموونیان وەك سامانێکی نەتەوەیی بخرێتە بەر چاوی بەرەکانی داهاتوو.

( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)