Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

کۆتایی داعش و بەردەوامیی داعشیزم

07/12/2017 | 16:08:24
smailshafafiiiiiii2
سمایل شەڕەفی

بەرەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش باس لە کۆتایی پێهاتنی داعش لە ناوچەکە دەکەن و پێیان وایە ئەم تۆڕە تێرۆریستییە کە بۆ ماوی نزیک بە ٥ ساڵ، زۆرێک لە وڵاتانی وەک سووریە، عێراق و لیبیی تووشی کاولبوون، کوشتاری بە سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بە میلیۆنان ئینسان لە سەر ماڵ و زێدی خۆیان کرد، بە تەواوەتی پاشەکشەیان پی کراوە و لە نەمان نزیک بوونەتەوە.

کاتی خۆی کە دەوڵەوتی تاڵبان لە ئەفغانستان لەلایەن  هێزه‌کانی هاوپەیمانەوە بە سەرۆکایەتیی ئامریکا هێرشی کرایە سەر و ڕووخێندرا، زۆر کەس پێیان وابوو سێبەری تێرۆر و توقاندن چیدیکە ڕوو لەم وڵاتە ناکا. بەڵام دیتمان کە دیاردەیەکی دیکە بە ناوی ئەلقاعیدە وەک کارگی بەهاری سەری هەڵدا و کەمتر لە تاڵبانی بەسەر خەڵکی ئەفغانستان و ئەم وڵاتە نەهێنا کە تا ئێستایشی لە گەڵ بێ وەک توڕێکی تێرۆریستی نەتەنیا بەردەوامە، بەڵکوو هەر رۆژەو وچەیەکی نوێی لێ دەکەوێتەوە کە داعشی ئەم ساڵانەی دوایی وچەیەکه‌ لەو وچانەی ئەلقاعیدە.

بێگومان نەمانی داعشیش ناتوانێ بە مانای نەمانی ئەفکاری داعشی و کار و کردەوە و رێکارەکانی داعش بێ. ڕاستە داعش دەکرێ وەک چوارچێوەیەکی تەنزیمیی لێی بدرێ و کۆتایی بە رێکخراوبوونی بهێندرێ. بەڵام ئەفکاری توندڕەوانەی هاوشێوەی ئەفکارەکانی تاقمی تێرۆریستیی داعش و جۆری کردەوە و تێڕوانینەکانی لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ لە کێشەی مەزهەبی و تایفی و سیاسیدا، قەرار نیە بەم زووانە ماڵاوایی هەمیشەیی بکا.

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە تاڵبانەکان و داعشییەکان تیاندا سەریان هەڵدا و و زەبرێکی قورس و گرانی مێژوویی و مرۆیی و ئابوورییان لە شارستانیەتی دێرینی ئەم ناوچەیە وەشاند و، کاولکاری، وێرانی، ئاوارەیی و دەربەدەریان بنیات نا و کوشت وکوشتار و وەحشیگەرییان پەیڕەو کرد، تا ئیستایشی کە گەڵ بێ، گونجاوترین ژینگەن بۆ سەرهەڵدانەوەی ئەفکاری توندڕەوانەی تاڵبانیزم و داعشیزم. کێشە و گیرگرفتی مەزهەبی کە ریشەیەکی قووڵی سەدان ‌ساڵەی پڕ لە خوێن و کاولکاری لەم ناوچەیەدا هەیە، هەروا بە ئاسانی چارەسەر و ڕێشەکێش ناکرێ.

ئێستا ئیدی ئەم کێشە مەزهەبییانە تەنیا لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژی دینی و مەزهەبی‌دا پێناسە ناکرێن کە پێمان وابێ بە گەڕانەوە بۆ مەبانییە دینی و ئەخلاقییەکان بکرێ بەدوای رێکاری چارەسەرییاندا بگەڕێین. بەڵکوو مەزهەب کراوەتە ئامرازێک کە دەسەڵات و هێز و بەرژەوەندی و بە ناوی سیاسەتەوە خەریکە وەک فاکتۆرێک بەکاری دەهێنێ. بە مانایەکی دیکە مەزهەب زیاتر لە هەمیشە بە سیاسەت کراوە و، دین ڕەسالەتی مەعنەوی و متافیزیکیی خۆی لە دەست داوە و دابەزێندراوەتە ئاستی مەیلی گرووپ و باندە سیاسی و مافیاییەکان. سەیر لەوەدایە کە مەزهەب لە ڕووی ئامرازیشەوە تەنیا ئەو دەسەڵات و هێزە ناوچەییانە بەکاری ناهێنن کە خودی مەزهەبەکە بەشێکە لە کلتوور و فەرهەنگیان، بەڵکوو مەزهەبگەرایی و دابەزینی ئەم دیاردەی ئەخلاقی و مەعنەوییە تا ڕادەیەکە کە دەوڵەتانی بێگانە بەم جۆرە مەزهەبانیش، هەرکامە و بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە مەرامە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان لە بازنەیەکی گشتگیرتردا بە ناوی دابینکردنی بەرژەوەندییەوە بەکاریان هێناون و بۆ ئەم مەبەستەیش بە گژ یەکیاندا کردوون. کە دەکرێ بە نموونە باس لە پشتیوانیکردن لە تاڵبان و ئەلقاعیدەی سوننی مەزهەب لە لایەن بەشێک لە وڵاتانی سەر به‌ بلۆکی رۆژاوا و هەروەها یارمەت‌دان بە هاتنەسەرکاری رێژیمی شیعە مەزهەبی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و ئەم دواییانەیش قوتکردنەوەی دیاردەیەک بە ناوی داعش دوای ئەو شۆڕشانەی کە بە بەهاری عەرەبی ناویان دەرکرد، بکرێ.

لە پێوەندی لە گەڵ ئەم پرسەدا دەکرێ باس لە زۆر زەمینە و فاکتۆری نێونەتەوەیی و ناوچەیی بکەین کە شوێنەوار و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە سەر سەرهەڵدان یان درووستکردنی ئەم ڕەوتە بناژۆخوازییانە هەیە و هەبووە. بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە کە باس لە ئەم دیاردەیە لەم ناوچەیەدا دەکەین، گرینگ و جێی قسە لە سەرکردنە، دوو ڕەوتی توندڕەوی شیعە و سوننییە کە لەڕووی فکری و مێژوویەوە سەدان ساڵە لە کێشمەکێشم و ڕووبەرووبوونەوه‌ ململانێی یه‌کتری دان.

ئەم کێشمەکێشم و ڕووبەرووبوونەوانەی کە لانیکەم لە ڕابردوودا لە دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی (سوننی مەزهەب)  و سەفەوی (شیعە مەزهەب) زۆریان قسە لە سەر کراوە، تا ئێستایش، بەڵام لە چوارچێوەی کۆمەڵێک قەوارەی دیکەی دەسەڵاتی سیاسیدا، ئاڵۆزتر لە ڕابردوو بەردەوامە. دەسەڵاتە سیاسییەکانی لێکەوتە لەم دوو ئیمپراتۆرییە، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا، مەزهەبیان کردۆتە فاکتەرێکی بەهێز و شوێندانەر بۆ ڕەواییدان بەو ئامانجە سیاسییانەی کە مەرامیانە بەرەوپێشی بەرن و بیسەپێنن بەسەر یەکدا. کە بێگومان بە هۆی بەستراوەیی کۆمەڵگای ئەمڕۆی بەشەری بە یەکترەوە لە رووی ئابووری سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و…. هتد، دەوڵەتانی دوور و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە گشتی بە شێوەی جۆراوجۆر و بە تەبەعییەت لە بلۆکبەندییە ناوچەیی و جیهانییەکان لەم پێوەندییەدا رۆڵی خۆیان بەسەر کێشەکانەوە هەیە و ئاراستەی دڵخوازانەی خۆیانی پێ دەبەخشن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە هەڵگرتنی درووشمی «صدور انقلاب»، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە خۆی بە قه‌ییوم و خاوەنداری بەرەی شیعە لە تەواوی ئەم گۆی زەوییەدا دەزانێ، بە تەواوی هێزو توانای مادی و مرۆیی خۆیەوە هەوڵی داوە رێچکەی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی بگرێتە پێش، کە دەکرێ بڵێین تاڕادەیەک لە ڕووی مەیدانی بەکارهێنانی مەزهەبەوە توانیویەتی بە مەرامەکانی بگات. بەومانایە کە ئەمڕۆژانە لە هەر کوێی ئەم گۆی زەوییە ئالۆزییەک بەناوی گرووپێک بە مەزهەبی شیعەوە هەبێ ئەوە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە حزووری هەیە و لەم ڕێگه‌یەوە هژموونیی خۆی بەسەر کێشەو ئاریشەکاندا سەپاندووە. هەر ئەم عەمەلکەردەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەیهەوێ بە یارمەتیدانی گرووپە توندڕەوە شیعە مەزهەبەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا، ئاڵۆزی و قەیران بنێتەوە، بۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ناوەناوە گرووپی توندڕەو لە بەرەی سوننی ‌مەزهەبی ناوچەکە سەر هەڵبدەن.  لە هەموو ئەو شوێنانەی وەک عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و تەنانەت ئەفغانستانیش کە مەزهەب ڕۆڵی سەرەکیی لە ئالۆزیی و پشیوییەکاندا هەیە، گومانی تێدا نیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگه‌ی پشتیوانی لە تاقم و گرووپە توندڕەوە شیعەکان، دەستێوەردان دەکا.

هۆکارێکی دیکە بۆ بەردەوامیی تێڕوانین و کردەوە توندڕەوانەکانی ئەم تاقم و گرووپ و شەبەکە مەزهەبیانەی وەک داعش و ئەلقاعیدە، خودی ئەو ژینگە و ئاخێزگەیەیە کە ئەمانەی لێوە سەرهەڵدەدەن. ژینگەیەک کە بە هۆی ناکارامەیی سیستەمی سیاسیی ئەم وڵاتانەوە، ئامادەیی هەڵهێنانی هەر جۆرە توندڕەوییەکی تێدا هەیە. نیزامی سیاسیی ئەم وڵاتانە مادام لە سەر بنەمای قبووڵکردنی فرە مەزهەبی لەم کۆمەڵگایانەدا پێک نەهاتوون و ئەساسیان لە سەر تایفەگەری و دیکتاتۆریی مەزهەبی _ جا چ شیعە بێ چ سوننی _ بنیات نراوە، جیا لە خۆشکردنی ژینگە بۆ سەرهەڵدانی ئەم توندڕەوییانە شتێکی دیکەیان لە دەست نایە.

کەوایە ئەگەر پێمان وابێ بە کۆتایی هێنان بە داعش کۆتایی بە ئەفکار و تێڕوانین و عەمەلکەردی داعشانە دێ، ئەوە نەتەنیا دەرکمان بە سەقەبوونی نیزامە سیاسییەکانی ناوچەکە نەکردوە، بەڵکوو لە ڕۆڵ و هێزی مەزهەب لەم ناوچەیە نەگەیشتووین.

ئەو کاتە دەتوانین بڵێین ئەفکار و تێڕوانین و کردەوەی داعشی و ئەلقاعیدە کۆتاییان پێ هاتووە کە ڕێژیمە داعش سفەتەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێژیمە تایفییەکانی وەک ڕێژیمی عێراق و سووریە نەماون و گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، ئەو کاتە دەتوانین بڵێی داعشیزم کۆتایی پێ هاتووە کە چیدیکە مەزهەب ئامرازی دەستی سیاسەت نەبێ و دین پێگەی ئەخلاقی و مەعنەوەی خۆی وەدەست بهێنێتەوە. هەموو ئەمانەیش تەنیا بەو دەسەڵات و نیزامانە دەکرێ کە لەسەر ئەساسی ئیرادەی گەلان و لە سەر ئەساسی رێزگرتن لە جۆراوجۆری مەزهەبی و نەتەوەیی پێک دێن.

( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)