Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

قەیرانەکانی ناوچە و داهاتووی ئێران

07/12/2017 | 15:53:33
E2F8B52F-254B-484A-8CE4-D64834463DF5_cx0_cy7_cw0_w1023_r1_s

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ساڵانێکە قەیراناویترین ناوچەی جیهانە. نزیک چوار دەهەیە و ڕاست بە دوای پەیدابوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە سیاسەتەکانیان لەگەڵ هیچ بەهایەکی ئینسانی، دیپلۆماسی و پێوەندیی نێودەوڵەتیی جێکەوتوو لە نێو وڵاتانی دەورووبەر یەکی نەدەگرتەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و هەر جارەی لە گۆشەیەکی ئەم ناوچە بچووکە، قەیرانێکی نوێ سەری هەڵداوە. قەیرانگەلێک کە پێش هەموو شتێک ئاسەواری خراپی خۆی لەسەر پێوەندیی کۆمەڵە جۆراوجۆرە تاییفی و ئایینیەکان لە ناوچەدا بەجێ هێشتوە.

هۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخە نالەبارە پێش هەموو شتێک، هەوڵی ڕێبه‌رانی ئێران بووە بۆ بڵاوکردنەوەی بیری دەسەڵاتی ئایینی و لەو ڕێگەوە سەپاندنی دەسەڵاتداری خۆیان بەسەر هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. سیاسەتێک کە لە ڕوانینی ئەوانەوە تەنیا لە ڕێگەی میلیشیای مەزهەبیی گرێدراوی خۆیان بۆ شەڕ لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەرکام لەو وڵاتانەدا، دەبوو بەرەوپێش بچێ. ئەم سیاسەتە سەرەتا لە نێوخۆی ئێران بە لێدانی هەموو ئەو هێزانەی بیریان لە ئازادی و دەسەڵاتێکی مودێڕن دەکردەوە دەستی پێکرد و تەنانەت ئەگەر قسەکانی ئەو کاتی خومەینی و کاربەدەستانی دیکەش بێنینەوە بیر خۆمان، بە شێوەیەک هەوڵی پاکتاویی نەتەوەیی و ئایینەکانی جیا لە ئایینی دەسەڵاتی پێوە دیارە. دواتر شەڕلەگەڵ عێراق، دەخالەت لە لوبنان بە بەهانەی درۆزنانەی پاراستنی موسوڵمانانی فەلەستین و شەڕ لەگەڵ ئیسڕاییل، کێشە نانەوە لە پاکستان، بەحرەین، سعوودیە و پێکهێنانی هێزی تایبەت و گوێلەمستی خۆیان لە لوبنان، ئەفغانستان، عێراق و یەمەن و سازکردنی شەڕ لەو وڵاتانە؛ دیاریی ئەم سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی بوون بۆ خەڵکی بەڵالێدراوی هەرکام لە وڵاتانە کە بە هۆی شەڕەوە تووشی ماڵوێرانی و ئاوارەیی و لە دەستدانی کەسوکاریان بوون.

دوای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی نیزامی لە سووریە و بەشدارپێکردنی هێزەکانی سپای پاسداران و حیزبوڵڵای لۆبنان لە شەڕی دژی هێزەکانی دژبەری بەشار  ئەسەد،

لە مانگی ڕابردوودا و لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا بابەتی گرینگی بەتێروریست ناساندنی سپای پاسدارانی تاوتوێ دەکرد و سەرەنجام بڕیاری تەحریم کردنی ئەو هێزەی لێدەرچوو، ئەمجاریش لە دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆ و بەشداری پێکردنی هێزە تایبەتەکانی سپا و حیزبۆڵڵای لوبنان و هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبیی عێراق بە هێرشکردن بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی کەرکووک و بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان، عێراق و کوردستانی خستە قۆناغێکی قەیراناویی سەختەوە کە لەوانەیە ئەگەر پێشی پێنەگیرێ، ئە وڵاتە بەرەو شەڕێکی خوێناوی و بەردەوامی دیکە ببا.

پێشڕەوییەکانی سیاسەت و هێزەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە بە تایبەت بوون و بەشداریپێکردنی هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، لەلایەک پڕکێشیی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆژەی دروستکردنی ئێمپراتۆریی شیعی لە ئێرانەوە هەتا دەریای مەدیتەرانەی پیوە دیارە و، لە لایەکی دیکەشەوە کاردانەوەی درەنگ وەختی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاواشی بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەمجارەیان وەک سەرۆک وەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری لە کاتی بڵاوکردنەوەی وازهێنانی لە پۆستەکەی دوور لە وڵاتی خۆی و لە عەرەبستانی سعوودییەوە ڕایگەیاند مەترسیی تێرۆری ناوبراو و دەستێوەردانی لە ڕادەبەدەر و خۆسەپێنیی حیزبوڵڵا هۆکاری هەڵاتنی بووە. بەڵام ئەوەی وڵاتانی عەرەبی لەلایەک و ئیسڕائیل و ڕۆژئاوای زیاتر نیگەران کردووە دەستێوەردانی ئێران و هەوڵی سەپاندنی ئۆتۆریتەی کۆماری ئیسلامییە بەسەر ئەو وڵاتەدا. ئەم کارە ئەگەر لە ساڵانی ڕابردووشدا هۆی نیگەرانیی بەردەوامی ئیسڕائیل بووە، ئەمجارە هاودەنگیی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکا بە تایبەت عەرەبستانی سعوودی لە گەڵ ئیسڕائیل ڕووی ڕاستەقینەی ئەو قەیرانانەی کە کۆماری ئیسلامی خوڵقێنەریان بووە بەشێکی ڕووبەڕووی لوبنان بووەتەوە ئاشکرا دەکا و تەنانەت وەک حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان نەیتوانی بیشارێتەوە مەترسیی شەڕێکی دیکەی لەو وڵاتە هێناوەتە ئاراوە.

ئەگەرچی لەو ماوە هەست بە هێندێک گۆڕانگاری لە سیاسەتی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی ئێراندا دەکرێ، بەڵام هەتا ئێستاش پلانێکی جیددی بۆ ئەم کارە لە ئارادا نیە و زۆرتر وەک فشارێکی دیپلۆماسی دەچی کە کۆماری ئیسلامی ناچار بە ‌وەستاندنی درێژەدانی بەرنامەکانی بکا. کۆبوونەوەی بە پەلەی وەزیرانی دەرەوە و دواتر وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی عەرەبی و دەرکردنی ڕاگەیێندراوێکی چەند خاڵی، ڕێککەوتنی تەلیفۆنی تڕامپ و ماکەرۆن سەبارەت بە لوبنان و دەعوەتی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشراوەی لوبنان لە سعوودیەوە بۆ کۆشکی ئێلیزە لە پاریس و گەڕاندنەوەی بۆ لوبنان، هەرچەند نیشانەی وەدەنگهاتنی ئەو وڵاتانەیە بەرامبەر بەو وەزعە شێواوە کە تەنانەت حێزبوڵڵایشی نیگەران کردوە، گۆڕانێکی نوێی لە سیاسەتی ئەو وڵاتانە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی پێوە دیارە، ئەگەر تەنیا بۆ فشارهێنانێکی دیکە بۆ سەر ئێران لێکنەدرێتەوە. ڕاستە کە ئەم کارانە دەتوانێ کاریگەرییەکی ڕەوانی لەسەر وەزعەکە دابنێ بەڵام ئەگەر تەنیا لەو ئاستەدا بمێنێ و ئیقدامی جیددی و هەمە لایەنەی لەگەڵ نەبێ، هەرگیز نەیتوانیوە و ناتوانێ پێش بە درێژەی قەیرانخوڵقێنییەکانی کۆماری ئیسلامی بگرێ. ئەوەی دیارە ئەگەر کۆتاهاتنی کاتیی کۆماری ئیسلامی بە زاهیر بۆ چارەسەری کێشەیەک ببینین، بەڵام بۆ کۆتاییپێهێنان بە قەیرانەکان نیە بەڵکوو بۆ خۆدزینەوە و دیتنەوەی فرسەتێکی نوێیە هەتا دواتر درێژە بە پیلانەکانی بدا. ئیستا ئیتر لە هیچکام لەو وڵاتانەی کە ئێران وەک بەشێک لە ئیمپراتۆریی خۆی چاویان لێ دەکا، ئیمکانی هەناسە هەڵکێشانیشیان بۆ خەڵک نەهێشتوەتەوە. دەبینی سەرۆک وەزیرانی وڵاتێک کە پێشتر باوکی لەو پۆستەدا بووەتە قوربانی تێرۆریزمی دەست پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لە ترسی تێرۆرکردنی، وڵاتەکەی خۆی بەجێ دێڵێ و دواتر بە پشتگیری وڵاتانی دیکە دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی خۆی.

لێرەدایە کە کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ زیاتر هەست بە مەترسییەکانی بوون و ڕێگەدان بە درێژەی سیاسەتی ڕێژیمێک لەو ناوچەدا بکا کە جگە لە پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆی دوور لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەی و بیرۆکە ئایینیە تایبەتییەکەی، هیچ بایەخێک بۆ مرۆڤایەتی و ژیانی ئازادانەی خەڵک نە تەنیا لە وڵاتەکەی خۆیان، بەڵکوو لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە دانانێ. داخۆ تا ئیستا ئەم قەناعەتە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لەسەر کۆماری ئیسلامی دروست بووە؟ یا دیسان لەم وڵاتانەدا دەبێ بە میلیۆنان خەڵکی بێ دەرەتانی دیکە ببنە قوربانیی بەرژەوەندخوازییه‌ سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتانی زلهێز و تەنانەت ئەو دەرفەتانەشیان لە کیس بچێ کە بە هۆی خەبات و ئازایەتیی خۆیانەوە بە دەستیان هێناوە.

لە نێوخۆی ئێران خەڵکی ناڕازی لە بوون و مانەوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژبەڕۆژ پەرە بە دەربڕینی ناڕەزایەتییە سێنفی و سیاسییەکان و خۆ ڕێکخستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکجاری بەرامبەر بەو ڕێژیمە دەدەن. ئەوان کە زیاتر لە هەموو لایەنێکی دیکە هەست بە مەترسییەکانی درێژەکێشانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکەن، پشتبەستوو بە ئیرادە و تواناکانی خۆیان ڕێگەی کۆتایی هێنان بە تەمەنی ئەم ڕێژیمە دەپێون و هیچ هەلێک لە دەست نادەن. بێگومان لە پاڵ فشارە دەرەکییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، یارمەتی و پاڵپشتی دنیای دەرەوە لە هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکان دەتوانێ یارمەتیدەربێ بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم خەباتە و بەرەو سەرکەوتنی ببا.

( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)