ئەگەر دیپلۆماسی وەک ئەو جۆرەی لە تیۆرییەکانی زانستی سیاسیدا هاتووە، کارکردێکی ماملەگەرا و هاوپێوەندی سازکەر بێ لە نێوان دەوڵەتاندا، ئەوا ناچارین مێژووی داهێنانی دیپلۆماسی بگەرێنینەوە بۆ یەکەم نیشانەکانی چێبوونی ناکۆکی لە نێوان گرووپە مرۆییەکان. ڕەنگە بەدواداچوونێکی وەها و پێناسەیەکی دیاردەناسیانە لەمەڕ دیپلۆماسی مەبەستی ئەم وتارە نەبێ، بەڵام بۆ تێگێشتن لە دیپلۆماسی پێویستمان بە کۆنتێکستێکی تیۆریکە. زەروورەتی وەها کۆنتێکستێک لەوەدایە کە کاتێ باس لە دیپلۆماسی دەکەین، دەبێ ڕوونی بکەینەوە کە مەبەستمان لە چ جۆرە کارکردێکی دیپلۆماتیکە. چەمکی دیپلۆماسی وەک زۆربەی دیاردەکانی دیکە تووشی ڕەوەندێکی دایکۆتۆمیک بووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ باس لە دوو ڕای جیاوز لەمەڕ کارکردی دیپلۆماسی بکەین؛ یەکەم بۆچوون دیپلۆماسی وەک پرۆسەیەکی هاوپێوەندیسازکەر پێناسە دەکا و بۆچوونی دووهەم؛ دیپلۆماسی وەک ئامێر دەناسێنێ. هەر لەم سۆنگەوە بڕایان وایت (٢٠٠١) دیاردەی دیپلۆماسی بەسەر دوو ڕوانگەی مایکرۆ و میکرۆدا دابەش دەکا. پێناسەی مایکرۆ؛ هەمان بەرچاوگەی سیاسەتی جیهانییە کە لە ڕێگای مێکانیزمەکانی پێوەندی سازکردن هەول بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان دەدا. ئامانجی وەها دیپلۆماسییەک سازدانی تەعاموولێکی دیمۆکراتیک و مەدەنییە لە نێوان دەوڵەتاندا، بەچەشنێ کە خاڵی ناکۆکیی نێوان ئەو دەوڵەتانە نەگاتە ئەنجامی شەڕ و، دواجار نەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر «ئاشتی» کە ئەجنیدای سەرەکی سیاسەتیی جیهانییە. بەڵام پێناسەی میکرۆ؛ پێوەندیی هەیە بەو دەوڵەتانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان لەدوای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان دەگەڕێن. دیپلۆماسی لەم گۆشەنیگایەوە وەک ئامێر یاخۆ دەرفەتێک پێناسە دەکرێ کە لە پەنای هەڕەشەی چەکداریدا هەوڵ بۆ وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی دەدا.
دوابەداوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، دیاردەی دیپلۆماسی دەچێتە نێو قۆناغێکی دیکەوە. ئەگەر کارکردی کلاسیکی دیپلۆماسی سازدانی پێوەندییەکی ڕەمزاوی و مامەڵەی نهێنی لە نێوان دیاردەی [دەوڵەت ـ دەوڵەت] بوو، ئەوا ئێستا دیپلۆماسی لە پارادایمێکی دیکەدا شرۆڤە دەکرێ. یەکێک لە نیشانەکانی وەها پارادایمێک دامەزرانی کۆمەڵگای مەدەنی و دێمۆکراتیزەبوونی دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەوڵەتانەیە کە ناچارن ڕەوایی خۆیان لە شەففافیەت و بەرسەڤایەتی (Responsibility) لە حاند ڕای گشتیدا بسەلمێنن. ئەم پارادایمە بە پێی بۆچوونی بڕایان وایت، هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە سترۆکتووری دیپلۆماسی و نەخشەڕێگای کاری دیپلۆماتیکدا. لە باری سترۆکتورییەوە ئێستا ئیتر مەبەست لە دیپلۆماسی لەم سەردەمەدا مامەڵەیەکی شەفاف و وڵامدەرانەیە لە نێوان دیاردەی [دەوڵەت ـ کۆمەڵگای مەدەنی ـ دەوڵەت]. بێگوومان نەخشەڕێگای وەها دیپلۆماسییەک پرسی خۆشبژێوی هاووڵاتیان دەخاتە کانوونی خۆیەوە و ئیتر لەمە بەدوا دیپلۆماسی دەچێتە خزمەت گەشەسەندوویی «ئابووری، کولتوری و سیاسی»ی هاووڵاتیان. ئەرکی دیپلۆماسیی مۆدێرن بە بۆچوونی بڕایان وایت، ئیتر بەهێزکردنی «دەوڵەتی زێرەڤان» نەماوە کە بە هێزی ژاندارم و بە دیدێکی پۆلیسییەوە ئاگای لە ئەمنیەتی سنوورەکانی و گیانی هاووڵاتیان بێ، بەڵکوو نەخشەڕێگای دیپلۆماسیی مۆدێرن لە خزمەت تەعاموولێکی مەدەنییە لە نێوان دەوڵەتان و هەروەها هەوڵ بۆ بە دیاردەکردنی «دەوڵەتی خۆشبژێوی» دەدا کە بەرپرسیاریەتییەکی زیاتری لە ئەستۆیە بۆ ژیان و کەرامەتی هاووڵاتیانی. ئەم پارادایمە ئێمە لەگەڵ دیاردەیەکی دیکەدا ئاشنا دەکا بە ناوی پابلیک دیپلۆماسی یاخۆ دیپلۆماسیی گشتی.
هانس تاچ (١٩٩٠) کاتێ باس لە پابلیک دیپلۆماسی دەکا، پێناسەیەکی تەعاموولگەرا دەدا بە دەستەوە. واتە سازدانی دیالۆگ بۆ تێگێشتن لە ئیدەئالەکان، ئامانجەکان، کولتوور و هەروەها سیاسەت. کاری دەوڵەت لەم زەمینەیەدا بە بۆچوونی هانس تاچ، سەرەتا گرنگیدان بە شەفافیەت و بەرسەڤایەتییە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی و، دواتر چێکردنی تەعاموولێکی دیپلۆماتیکە لە نێوان نیهادە مەدەنییەکانی نێوخۆ و نیهادە مەدەنییەکانی هەندەران. ئەم ڕەوەندە لە خۆیدا دەوڵەتەکان بەرەو شێوازێک لە سیاسەتکردن پاڵ پێوەدەنێ کە بە نووپۆلیتیک (Noopolitik) بە ناوبانگە، واتە دەوڵەتەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا ڕەچاوی هەمان یاسا ئەخلاقی و نۆرمە کولتوورییەکان دەکەن کە لە وڵاتی خۆیاندا نەهادینە کراوە. لە وەها دۆخێکدا سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان بە پێی کاراکتێر یاخۆ تایبەتمەندیی «کلتووری / سیاسی» وڵاتەکەیان پێناسە دەکرێن و دەبن بە خاوەنی مێتافور یاخۆ وێنەیەکی ڕەفتاری لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا. بۆ نموونە سیمبول و نەخشەڕێگای سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی نوروێژ لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دیاریکراوە: ١) ئاشتی ٢) مافی مرۆڤ و ٣) ژینگەپارێزی. ئەم سێ خاڵە پێناسەی سیما و بەرچاوگەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی نوروێژ دەردەخا. کاتێ ڕای گشتی بزانن دەوڵەت لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لەم پرەنسیپانە لای داوە، ئەوا دەوڵەت ناچارە وڵامدەر بێ.
دیپلۆماسیی مودێڕن دیاردەیەکە کە لە بەستێنی کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانییەوە سەری هەڵداوە و لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیای مودێڕنەوە مەیدانێک بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و سازدانی هاوپێوەندی فەراهەم دەکا. لەم میانەیەدا دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان، ئینجیۆ، هێزە پاڵنەرەکان، ئەنجوومەن و دەزگا تەخەسووسییەکان باشترین ڕۆڵیان هەیە لە هاوپێوەندیسازکردن لەگەڵ نیهادە هاوشێوەکانی هەندەران و، وەک بەشێک لە پڕۆژەی سیاسەتی دەرەوەی وڵات هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئابووری، سیاسی و کلتوورییەکان دەدەن.
پێناسەکردنی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کارێکی سادە نییە. هەڵبەت دوو خوێندنەوەی جیاواز هەیە بۆ شرۆڤەکردنی سیاسەتەکانی دەرەوەی رێژیم: یەکەم؛ خوێندنەوەیەکی تایپۆلۆژیکە و بەشێک لە توێژەران کاریان لەسەر کردوە کە لە کتێبخانەکان و بە تایبەت لە سایتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمدا دەست دەکەون و زۆر فۆرمالیتەن. کاتێ کاری ئەم توێژەرانە لە پەنای کردەوە سیاسییەکانی ڕێژیم دابنێین ئەوا هەست بە پارادۆکسێکی زۆر جیددی دەکەین. خوێندنەوەی دووهەم؛ ڕەوەندێکی شرۆڤەکارانەیە کە چاودێرانی سیاسی لە ڕێگای شکاندنی ڕەمزە ڕەفتارییەکانەوە پەردە لەسەر ئامانجە شاراوەکانی سیاسەتی دەرەوەی رێژیم هەڵدەدەنەوە. خوێندنەوەی دووهەم ئەگەرچی خوێندنەوەیەکی ئۆبژەکتیڤ نییە، بەڵام کاتێ لەگەڵ کردەوە سیاسییەکانی رێژیمدا بەراوەرد بکرێن، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کارکردی دووهەمی دیپلۆماسی کە پێشتر باسمان کرد لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕێژیمدا بەرچاو دەکەوێ؛ واتە ڕێژیم دیپلۆماسی وەک ئامێر سەیر دەکا کە شان بە شانی باڵی نیزامی کار بۆ ئامانجە سیاسییەکانی دەکا. هەڵبەت ئەم میکانیزمە تەلفیقییە؛ واتە دیپلۆماسی و شەڕ، لە هەموو حاڵەتێکدا کار ناکا. ئەگەر سەرنج بە قسەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی بدەین کاتێ باس لە ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی نیزام دەکا، ئێمە لەگەڵ دوو وتەزای ناکۆکی خامنەیی واتە: «دیپلۆماسیی هێرشبەرانە» و «نەرمینواندنی قارەمانانە» بە باشی ئاشناین و دەزانین کە سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم تا ئەو جێگایەی کە بۆشایی هێز و سیاسەتی زلهێزەکان لە ناوچەدا مەیدانی پێ دەدا، لەسەر بنەمای دیپلۆماسی هێرشبەرانە دەچێتە پێش و، دیپلۆماتەکانیش لە ڕاستیدا فەرمەندەرانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییە. هەروەها دەزانین کە لە سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمدا شتێک بەناوی ململانەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامریکا و وڵاتانی ئورووپاییدا بەدی ناکرێ و، کاتێ ڕێژیم دەگاتە ئەو حاڵەتە بە شێوەیەکی قارەمانانە نەرمی دەنوێنێ!
لێرەدا ئەم پرسیارە بەرز دەبێتەوە کە لەم دیسکۆرسە ناکۆکەدا ڕێژیم بەدوای چیدا دەگەڕێ؟ بێگومان ڕیژیمە دیکتاتۆرەکانیش ناچارن تا ڕادەیەک شەففافیەت لە سیاسەتەکانیاندا بنوێنن و لە هێندێ حاڵەتیشدا بەرامبەر بە ڕای گشتی وڵامدەر بن. ئەو شتەی کە تا ئێستا ڕێژیم بە بەردەوامی پێداگری لەسەر کردووە و وەک ستراتیژی کاری لەسەر دەکا؛ پرسی «پاراستنی نیزام» و «هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامی»یە. کەوایە کاتێ ئێمە بمانەوێ نیشانەشناسییەکانی دیپلۆماسیی ڕێژیم دەرک پێبکەین، پێویستە شیکاریی ئەم ستراتیژییە بکەین و ئیمکانەکانی سەرخستنی وەها ستراتیژییەک بناسین. سەبارەت بە»پاراستنی نیزا» ڕای جیاواز لە نێو باڵەکانی ڕێژیمدا هەیە، بەڵام ئەو شتەی تا ئێستا خامنەیی مکووڕی لێکردووە ڕاگرتنی «دۆخی ئینقلابییە». هەڵبەت وتەزای «دۆخی ئینقلابی» قۆناغێکی کاتیی پێش بنیاتنانی “دۆخی مەدەنییە”. پێداگریی خامنەیی لەسەر پاراستنی دۆخی ئینقلابی لە ڕاستیدا نکۆڵی کردنە لە دامەزرانی کۆمەلگای مەدەنی. سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنی لەلایەن سپا و ناوەندە ئەمنیەتییەکان نموونەیەکی زیندوون بۆ تەعبیر لە ترسی رێژیم لە دامەزرانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران. لەبارەی پرۆژەی «هەناردەکردنی ئینقلاب»، ئەمرۆ ئیتر کەم کەس هەیە بەچاوی گومانەوە سەیری وەها پرۆژەیەک نەکا. ئەو شتەی لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ڕێژیمدا بەرچاو دەکەوێ، نەک پرۆژەی هەناردەکردنی ئینقلاب بەڵکوو ڕاگرتنی باڵانسی هێزە بە دژی سەقامگرتوویی و دامەزرانی سیستەمی مەدەنی لە ناوچەکەدا. لەکاتی ڕاپەرینە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەهاری عەرەبی، مانۆری دیپلۆماتە جەنگسالارەکانی ڕێژیم بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز لە دژی بزاڤە مەدەنییەکان لەچاوی کەس بزر نەبوو. دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە سووریە، یەمەن، عێراق و هەرێمی کوردستان، پڕدیارترین نموونەی دیپلۆماسیەتێکن کە کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکە نرخێکی گرانی بۆ دەدا.
ڕەنگە وڵامی پرسیارەکەمان لە گرەوی شکاندنی ڕەمزی رەفتارشناسیانەی سیستەمێکی سیاسی بێ کە ئەمرۆ وەک مێتافور و سیمبولی ئاژاوەگێڕیی لە ڕۆژهەلاتی ناڤین ناسراوە و کەرامەتی تاکی ئێرانی بریندار کردوە. دیپلۆماسیەتی ئاژاوە ئەگەر توانیویەتی کۆسپ بخاتە سەر ڕێگەی گەشەسەندوویی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێراندا، ئەوا توانیویەتی دەستێکی باڵای هەبێ لە شێواندنی سەقامگرتوویی و ئیفلیجکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە دەرەوەی سنوورەکانیشی. ئەم ئەجیندایە پێمان دەڵێ کە ڕێژیم ئامادە نابێ بچێتە نێو پرۆژەی مۆدێرنیزاسیۆنی دیپلۆماسی کە ئاکامەکەی «دەوڵەتی خۆشبژێوی» و پابلیک دیپلۆماسی لێ دەکەوێتەوە، بەڵکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ بەهێزکردنی مۆدێلی «دەوڵەتی زێرەڤان» دەدا و لەم میانەیەدا هێژمۆنیای جەنگسالاران تاکە میکانیزمێکە کە رێژیم بە هێندی دەگرێ.
( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)