Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۲ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

بێدەنگی خامەنەیی و شەڕی دەزگای قەزایی لەگەڵ ئەحمەدی نژاد

07/12/2017 | 15:40:28
razamahamadmanini
ڕەزا محەمەد ئەمینی

لەو ماوەیەدا و لەپاش ئەوەی دەزگای دادی ڕێژیم ە تۆمەتی گەندەڵی پەڕوه‌نده‌ی بۆ حەمید بەقایی، جێگری پێشووی ئەحمەدی نەژاد لە سەردەمی سەرۆک کۆمارییدا کردەوە و په‌لکێشی دادگای کرد، کێشە و ناکۆکیی چەند ساڵەی نێوان ئەحمەدینەژاد و لایەنگرانی لەلایەک و لەلایەکی دیکەش سادقی لاریجانی، سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم و کاربەدەستانی ئەو دەزگایە دیسانەوە سەری هەڵدایەوە. بەڵام بەو جیاوازییەوە کە ئەمجارەیان شەڕە قسە و هێرشەکانی دوولایەن بەتایبەت دەزگای داد گەیشتووەتە ئاستی جنێودان و بە ئاشکرا ئەحمەدی‌نەژاد لەلایەن وتەبێژی ئەو دەزگایەوه‌ وەک لات و درۆزن و مۆرەی سوواو و سووتاو ناوی ده‌برێ.

هەرچەند لە کۆتاییەکانی دەورەی دووهەمی سەرۆککۆماریی مەحموودی ئەحمەدینەژاددا ناکۆکیی و گرژییەکانی نێوان ناوبراو و دەزگای داد و برایانی لاریجانی و تەنانەت خامنەیی و باڵی زاڵ بەسەردەسەڵاتدا دەرکەوت و نیشانی دا ئەحمەدینەژاد «هاروهاج» و سەرەڕۆیە و زۆریش گوێرایەڵی ڕێبەری نیزام و دەست و پێوەندەکانی نییە، بەڵام کەم کەس پێشبینیی ئەوەیان دەکرد سەرۆککۆمارێک کە خامنەیی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨دا هەموو قورسایی و ئیعتباری خۆی وەک ڕێبەری نیزام لە گرەوی نا بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی، تەنانەت بە فێڵ و تەڵەکەی چەند میلیۆنی لە ڕێژەی دەنگەکان بە قازانجی ناوبراو لە ئاکامەکانی هەڵبژاردندا و هەروەها سەرکوتی نارەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی، ئاوا بەڕاشکاوی بەگژ دەسەڵات و دەزگای دادوەریدا بێتەوە و بەبێ سڵەمینەوە لە ئاکامەکانی، باس لە دیکتاتۆڕی و سەربەخۆنەبوونی ئەو دەزگایە بکا. لەڕاستیدا قسەکانی ئەمدواییەی ئەحمەدی نەژاد ئەوەندە زەق و ڕاشکاوانە بوو کە دەکرێ بڵێین کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی پەشۆکاند. هەربۆیەشە دەبینین سادقی لاریجانی لەیەکەم کاردانەوەیدا باسی خەیانەتی گەورەی سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیم دەکا و دەڵێ ناوبراو کەسێکە خەنجەری لە پشتەوەڕا لە نیزام داوە و  بێچاوەڕوو و بوختانچی و درۆزنە.

دیارە کوردگوتەنی ئەو هەویرە ئاوی زۆر دەبا و شەڕەقسەی نێوان دەزگای قەزایی و ئەحمەدینەژاد، سەرۆک‌ کۆماری پێشووی رێژیم هەتادێ گەرمتر دەبێ و چاوەڕوان دەکرێ لێکەوتە و تێچووی زۆری بۆ کۆماری ئیسلامی و خامنەیی بەدواوەدابێ. بەڵام  ئەوەی لەوبەینەدا زۆر سرنجراکێشە ئەوەیە کە خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا بێدەنگیی هەڵبژاردووە و متەقی لەخۆی بریوە. ئەوە زۆر پرسیار دەخوڵقێنێ کە یەک لەوان ئەوەیە بۆ خامنەیی وا نەرمی دەنوێنێ بەرانبەر کەسێک کە نە هەر ئێستا، بگرە لەسەردەمی سەرۆککۆماریی و لە پاشانیشدا سەربزێوی نواندوە و تەنانەت بە بێ ناوهێنان و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ خامنەیی وەک کەسێکی «موستەکبێر» و «پاشا» خستە بەر تەوژمی ڕه‌خنەکانی. ئەحمەدینەژاد لەپاش ئەوەی لە لایەن خامنەییەوە پێی ڕاگەیێندرا واباشە لە هەڵبژاردنەکانی دوازدەهمین دەورەی سەرۆککۆماری‌دا بەشداری نەکاــ هەرچەند پاشان بەپێچەوانەی فەرمانی خامنەیی وەک نیشاندانی نارەزایەتی کاندیداتۆڕیی خۆی ڕاگەیاند‌ــ لە شاری ئەهواز و لە دووی خاکەلێوەی ئەوساڵدا زۆر بە چاوقایم و نەترسیی گوتی» هەرکەس پێی وایە میللەت نافامێ، نەفامترین مرۆڤی سەر گۆی زەوییە…ئەوە چ ئیستکبارێکە و چ پاشیەتییەکە لە نێو هێندێکاندا وەدیهاتوە؟»

ئەحمەدینەژاد کوڕی «خەلەفی» نیزامی کۆماری ئیسلامییە و هەموو پلەکانی خوپێگەیاندنی هەتا سەرۆککۆماری بڕیوە و ئێستاش سەرەڕای ئەوە سەربزێوییانەی لەئاست خامنەیی و دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیدا کردوویە و دەیکا، ئەندامی کۆڕی گشتی بەرژەوەندییەکانە و بە یەکێک لە مۆرە سه‌ره‌کییه‌کانی ڕێژیم داده‌نرێ. بەڵام ئەوانە نابنە هۆی ئەوەی خامنەیی و دەزگای دادی ئەو ڕێژیمە بەهۆی ئەو قسە و هەڵوێستانەی ئەو داوییانەی ئەو «کوڕە ڕەسەنەیان» لێپێجینەوەی لێ نەکەن. چونکە لەلایەک لە ڕابردوو و لە ئێستا‌دا کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە بۆ تەواوەتیی نیزام جێی قەبووڵ نییە،هیچ کەسێک بە هەر پلە و پایەیەکی کە لە نیزامدا هەیبووبێ و هەیبێ ، هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی ببەزێنی، جا با ئەو کەسە لە بەرزترین پلەکانیش‌دابێ. لەلایەکی دیکەش زۆر کەسی پلەبەرزی وەک خاتەمی سەرۆککۆماری پێشووتر و چاکسازیخوازیی ئەو ڕێژیمە کە ئێستا گۆشەگیر کراوە، هیچکات زاتی ئەوەی نەکردوە وەک ئەحمەدینەژاد زار بکاتەوە و هاوار بکا و دەزگای دادوەری و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە تەواوه‌ەتیی خویدا بخاتە بەر ڕخنەی لەوچەشنە.

بێگومان ئەحمەدینەژاد لە دوو دەورە سەرۆک‌کۆماری خۆیدا کە پشتیوانیی خامنەیی و باڵی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامی لەگەڵدا بوو لە هەموو بوارە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئازادییە سیاسییەکان و سیسەتی دەرەوە و … کارنامەیەکی ڕەشی لەخۆی بەجێهێشت کە کاردانەوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕەنگە هەتا ئەو ڕێژیمە لەسەر دەسەڵات‌دا بێ، هەر بمێنێ، جگەلەوەش لەکەس شاراوە نییە کە ناوبراو لەسەردەمی سەرۆککۆمارییدا دەستی هەبووە لە سەرکوتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ساڵی ٨٨ وەک سەرۆککۆمار بەرپرسی سەرەکیی بووە لە سەرکوتی خەڵک و ئەو جینایەتانەی لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی، وەک گرتووخانەی «کەهریزەک» کراوە. ئەحمەدینەژاد بەشێک لە نیزامێکە کە نیزیکەی چل ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و ئەو وەک پاسدار و پاشان سەرۆککۆمار خزمەتی کردووە و ئێستاش سەرەڕای ئەو شەڕ و گرژییانەی لەگەڵ دەزگای داد و بەشەکانی دیکەی دەسەڵات هەیەتی، هەر پارێزەری ئەو نیزامەیە، بەو حاڵەش شک لەوەدا نییە نیزامی کۆماری ئیسلامی و «کاست»ی دەسەڵات لە ئەحمەدینەژاد خۆش نابێ و تۆڵەی هەر لێ دەکاتەوە، بەڵام بە تێچوویەکی کەمتر؛ چونکە هەموولایەک باش دەزانن کە ئەحمەدی‌نەژاد بەڕوونی ئاگاداری هەموو نەهێنییەکانە و بەڵگەی تەواوی لەسەر دەزگای داد و بەیتی ڕێبەری و سپای پاسداران و بنکە و بونیاتە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی سەربە خامنەیی هەیە کە تا چ ڕادەیەک نوقمی گەندەڵی بوون و چۆن بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان کەسایەتییەکانی سەرووی نێو ئاڵقەی دەسەڵاتی  کۆماری ئیسلامی ده‌ستیان له‌ هیچ جینایه‌تێک نه‌پاراستوه‌. هەر بۆیەش لەلایەک «کورەتاقانەکەی» کۆماری ئیسلامی کە بە»بەڵێنیدەری هاتنی ئیمامی زەمان» و «موعجیزەی کۆماری ئیسلامی» دەناسرا، ئاوا بێباکانە هەڵدەکوتێتە سەر دەزگای داد و دەوڵەت و پارلەمان … و بەڕه‌وانی لە لایەنگرانی دەکا و لەلایەکی دیکەش سادق لاریجانی و دەزگای داد بەلەبەرچاوگرتنی ئەو جینایەتانەی کە کردوویانە و گەندەڵییانه‌ی داوێنی گرتوون، دەزانن هەرچەشنە کردەوەیەکی بەپەلە و هەڵەئامێز دەتوانێ نەک هەر ڕاستییەکانی پێوەندیدار بە دەستهەبوونی ئەوان لەو کردەوانە زیاتر لە ئێستا لەقاو بدا، بەڵکوو پێی خامنەیی و بنەماڵەکەشی دەگرێتەوە و بەزیانی هەموویان تەواو دەبێ. بەوحاڵەش چاوەڕوان دەکرێ «کاست»ی دەسەڵات و خامنەیی بەشێوەیەک بەرپرچی ئەحمەدینەژاد بدەنەوە، چونکە هەم ناکرێ لەئاست ئەو قسە و بۆچوونە دژبەرانەی ئەحمەدینەژاددا بێدەنگ بن و دەزانن ناوبراو بەخۆشیی خۆی و تەنانەت بە ڕێنوێنی خامنەییش واز لە هاورێیانی و لەهەڵوێستەکانی ناهێنێ و هەم درێژەکێشانی ئەو شەڕ و هەنگامەیە لەداهاتوودا لە ئاست نێوخۆ و دەرەوەدا هەیمەنەی خامنەیی و ڕێژیمەکەی لەوە زیاتر دەباتە ژێر پرسیار و بێ ئیعتباریان دەکا؛ هەربۆیەش بۆ ڕزگار بوون لە کێشەی «تاقانە»کەی کۆماری ئیسلامی لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ پێشبینی دەسبەسەرکردنی بکرێ لە ماڵەوە، وەک چۆن کەڕووبی و مووسەوی و هاوسەرەکەی دەسبەسەرکران و تێچووی کەمتر هەبوو بۆ کۆماری ئیسلامی لە دادگایی کردنیان و هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی ئەو نیزامە گەندەڵ و سەرەڕۆ و دیکتاتۆڕییە.

( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)