Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۲ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە گرینگەکانی لە ئیران دا

07/12/2017 | 15:00:19
hassanhatamiiii
حەسەن حاتەمی

داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و بارمتەگیری

لەدوای سەرکەوتنی راپەڕینی گەلانی ئێران لە ٢٢ ی رێبەدانی ١٣٥٧دا، دەسەڵاتی نوێ بە دانانی دەوڵەتی کاتیی موهەندیس بازرگان و کۆمیتەکانی شۆڕش لە ٢٣ ی رێبەنداندا، هەنگاوی بەرەو قورخکردنی دەسەڵات لە بازنەیەکی بچووکی تێکۆشەرانی دژی ڕێژیمی پەهلەوی دوویەمدا، هاویشت.

سەرەتای دیمەنی دەسەڵاتی نوێ بە توندوتیژی بە دژی گیراوان و خۆڕادەستکردووان و  ژمارەیەک لە بەرپرسانی نیزامی و سیاسیی رێژیمی شا دەستی پێکرد. لە بەناو دادگاکانی چەند خولەکیی شۆڕشدا، ژمارەیەک بێ هەبوونی پارێزەر بۆ هەموو تاوانباران و بە پێی شەرعی زارەکیی مەزهەبی شیعە، لە عەمبار و سەربانی قوتابخانەی «ریفاە»دا ئیعدام کران.

فەزای گشتیی لە تاران توندوتیژی و گرتن و زیندانیکردنی سەرەتا دەسەڵاتدارانی پێشوو و دواتر تێکۆشەرانی جیابیر بوو.

سێ رۆژ داوی سەرکەوتنی ڕاپەڕێن، لە ڕۆژی چوارشەممه‌ ٢٥ ی رێبەنداندا، سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی ئەمریکا، دەوڵەتی نوێی ئێرانی بەفەرمی ناسیبوو، گرووپێکی چەکداری لایەنگرانی رێکخراوی چریکە فیداییەکان هێرشیان کرده‌ سه‌ر باڵیوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و داگیریان کرد. دوای ماوەیەکی کورت گرووپێک خەڵكی چەکدار، ژمارەیەکی دیکە لە چەکدارانی لایەنگری موجاهیدینی خەڵق و کەسانێکیش لە هێزی هەوایی پێیان پەیوەست بوون.

باڵیوێزی ئەو کاتی ئەمریکا _ویلیام سۆلیوان_  پێوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی کاتی گرت و داوای یارمەتی لێ کردن. ئا. خومەینی کە هەواڵەکەی بیستبوو، ئەو داگیرکارییەی پەسند نەکرد و دەستووری دا دەستبەجێ هێرشبەران باڵیوێزخانەکە چۆل بکەن. د. ئیبراهیمی یەزدی_وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی_ بە نوێنەرایەتیی دەوڵەت ئەرکدار کرا، ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکا. ناوبراو بەیارمەتیی کۆمیتەچییەکان دوای ٢ سەعات، هێرشبەر و داگیرکەرەکانیان لە باڵیوێزخانەی ئەمریکا، دەرکرد؛ هەروەها بنکەیەکی کۆمیتەی شۆڕشیان بۆ پارێزگاری له‌و شوێنە بە بەرپرسایەتیی ماشاڵڵای قەساب دانا.

رۆژنامەی ئیتلاعات هەر ئەو رۆژە کردبوویە مانشێت کە :»باڵوێزخانەی ئەمریکا کرا» و لە بنی نووسیبووی:» سەرئەنجام باڵوێزخانەی ئەمریکا لە لایەن ئەرتەشی شۆڕش و چریکەکان گیرا» (١)

ئەو کردەوەیە کاردانەوەی سێ لایەنی لێکەوتەوە. لایەنی یەکەم، دەوڵەتی کاتی بوو کە پێی وابوو: دەبێ رێز لە بڕیارە نێونەتەوەییەکان بگیرێ و باڵیوێزخانە و کونسولگەرییەکانی وڵاتان پارێزگارییان لێ بکرێ، نەک هێرش و داگیرکاری ببێتە ڕۆژەڤ. لایەنی دوویەم، کەسانێکی نێو دەسەڵاتی نوێ بوون کە پێیان وابوو: دەسەڵاتەکە ساوا و ناجێگیرە و نابێ بیانوو بدرێتە دەست زلهێزەکان بۆ دەستێوەردان. لایەنی سێیەم، کە چەپ و ئیسلامییە دژە ئیمپریالیستەکان بوون، پێیان وابوو: نابێ هێمای سەرکوتکاری و پێشێلکاریی خەڵکی ئێران، بوونیان هەبێ و جێگای مەترسین بۆ داهاتوو، چونکە ئەوانه‌ دیپلۆمات نیین. بەڵکوو پیلانگێر و سیخوڕن.

لەم ساڵانەی دواییدا، کە بیرەوەری نووسین و بەتایبەتی وتووێژی تەلڤیزیۆنی زۆر بووە، هەواڵنێری مێهر_ کە سەر بە دەسەڵاتی ویلایەتە_ لە د. یاقووب تەوکولی دەپرسێ، بۆچی ئیمام گرتنی جاری یەکەمی هێلانەی جاسووسیی پەسند نەکرد؟  نابراو دەڵێ:»کاتێک عەمەلیاتێک لەلایەن کەسانێک که‌ ئی تۆ نین بەڕێوە دەبرێ و تەنیا دەیانەوێ شەپۆلێک دروست کەن بۆخۆیان بەسوود بێ، پەسند ناکرێ. لەکاتێکدا، شۆڕش نوێ بوو و ئەو کردەوە دەبوو بەهۆی ئەوەی لە رێبازی شۆڕشدا، قەیران دروست بێ. ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵق بۆ بەهێزکردنی خۆیان، ئەو کاریان کرد.(٢)

 

هێرشی دوویەم بۆ داگیرکردنی باڵیوێزخانەی ئەمریکا

وەرگرتنی شا لە ٣٠ ی رەزبەری ساڵی ١٣٥٨ لە شوڕای ناوەندیی پزشکی ئەمریکا، بوو بە هۆی بیانوویەک بۆ «ئاڵوگۆڕی دوورە دیمەنی سیاسی» لە ئێراندا. چەپ ئاژۆیەکان دەوڵەتی کاتییان تاوانبار دەکرد کە بۆ وەرگرتنەوەی شا گوشاری زۆری بۆ ئەمریکاییەکان نەهێناوە و ئەوانیان بە نەناسینی پیلانگێڕیی واشینگتۆن بۆ گێڕانەوەی سەلەتەنەت، تاوانبار دەکرد. شەقامەکانی دەرووبەری باڵیوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، ببوو بە «میعاد گاە» (جێژوانی) چەپەکان و خۆپێشاندانی پەیتا پەیتای دژی ئەمریکاییەکان. ئەوان ئامانجی سەرەکییان بەربەرەکانی لەگەڵ ئیمپریالیزم باس دەکرد، بەڵام چەپ توانای کێبەرکێی لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە چالاکەکان نەبوو. یەکێک لەو گرووپانە، «خوێندکارانی هێلی ئیمام» بوو کە ڕووحانییەک بە ناوی محەممەد مووسەوی خوئینی‌ها ڕێبەری مەعنه‌وییان بوو.

خوئینی‌ها پێی وابوو: کە دەوڵەتی کاتی بەشێوەیەکی مەترسیدار لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیزیک بۆتەوە و ئیزندانی شا بۆ ئەو وڵاتە، پیلانێکی سازمان دراوە بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ بۆیە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا باشترین کردەوەیە بۆ بەربەرکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە. چونکە دەنگدانەوەی گەورەی لە ڕادەی جیهانیدا، دەبێ و ئەوان دەتوانن لەو ڕێگەیەوە بێزاریی خۆیان بۆ داڵدەدانی شا دەرببڕن.

لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ ی هەتاوی که‌ پانزه‌هه‌مین ساڵڕۆژی دوور خرانەوەی ئا. خومەینی لە ئێران بۆ تورکیە بوو، خوێندکارانی لایەنگری ئەو، هێلی سووری چوارچێوەی دیپڵۆماتیکی ئەمریکایان بەزاند و لە ماوەی ٣ کاتژمێردا، باڵیویزخانەکەیان داگیر کرد. خوێندکاران و پشتیوانەکانیان کە کەمتر لە ٥٠٠ کەس بوون، ٥٢ کارمەند و ستافی ئەو شوێنەیان بە بارمتە گرت و دەستیان بەسەر سەدان بەڵگە داگرت و قەیرانێکی گه‌وه‌ره‌یان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا، خوڵقاند.(٣)

ئیبراهیمی ئەسغەر زادە _یەکێک لە هێرشبەران و وتەبێژی خوێندکارانی هێلی خومەینی_  بۆ پاساو هێنانەوەی بارمتەگریی ئەمریکایی لە تاران، جگە لە کودێتای دژی د. محەممەد موسەدیق، دەڵێ:» لەنێو ئێراندا، نزیکەی ٥٠ هەزار موستەشاری نیزامی و ناسه‌ربازی هەبوو. باڵیویزخانەی ئەمریکا قەڵایەکی نیزامی بوو. یانی بەجێگای دیپڵۆماتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ژێنڕاڵەکانی پێنتاگۆن و نیزامییەکانی دیکە لەوێ بڕیاڕدەر بوون.(٤)

 

سەرچاوەکان

١) روزنامەی اطلاعات، چهارشنبە ٢٥ بهمن(4 فوریە ١٩٧٩)

٢) سایت خبرگزاری مهر، گزارش تحلیلی_ تاریخی

٣) محسن میلانی، شکل گیری انقلاب اسلامی، از سلطنت پهلوی تا جمهوری اسلامی، ترجمەی مجتبی عطارزادە، چاپ پنجم، انتشارات گام نو، ١٣٨٧، ص ٣٠١_٢٢٩

٤) آپارات، خشت خام، گفتگوی حسین دهباشی با ابراهیم اصغرزادە

( لە ژمارەی ٧١٥ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)