Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
بابەتی رۆژ

ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانی لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان!

25/11/2017 | 17:59:25
razamahamadmanini
ڕەزا محەممەدئەمینی

٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانی بەربەرەکانی لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنانە. لە ڕۆژی ٢٥ی نوامبری ساڵی ١٩٦٠ سێ خوشکی خەڵکی کۆماری دۆمێنیکەن، ناسراو بە خوشکەکانی “میرابێل” پاش چند مانگ ئازار و ئەشکەنجە لە لایەن ڕێکخراوی ئیتلاعات و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە دەکوژرێن. تاوانی ئەو سێ خوشکە ئەوە بوو کە چالاکوانی سیاسی بوون و لە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دیکتاتۆڕی دۆمێنیکەن خەباتی سیاسییان دەکرد.

٢١ ساڵ دوای کوژرانی ئەو سێ خوشکە، لە ساڵی ١٩٨١ لە کۆبوونەوەی چالاکوانانی پارێزەری مافی ژنان لە “بۆگۆتا” پێتەختی وڵاتی کۆلۆمبیا پێشنیار کرا ڕۆژی کوژرانی خوشکەکانی میرابێل بکرێ بە ڕۆژی بەربەرەکانی لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان. مەبەست لەو پێشنیارە ئەوە بوو کە هەم ڕێز بگیرێ لەو سێ خوشکە و ژیان و چالاکییەکانیان فەرامۆش نەکرێ و هەم هەنگاوێک بێ بۆ بەهاناوەچوونی ژنان و دژکردەوە و بەربەستێک بێ بۆ پەرەپێدرانی توندوتیژی لەگەڵ ڕەگەزی ژنان. سەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٩ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵوەگەڕی کوژرانی میرابێلەکانی وەک ڕۆژی بەربەرەکانی لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان بەفەرمی ڕاگەیاند.

دیارە توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو کۆمەڵگاکاندا کەم‌وزۆر هەر ماوە و خەباتی ژنانیش بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو دیاردە دزێو و نامرۆڤانەیە لەلایەن رێکخراوە و یەکیەتییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژنان هەر بەردەوامە. بێگومان جووڵانەوەی فیمینیزم وەک دیاردەیەکی نوێ کە لە بەستێنی نیزامی سەرمایەداری لە دەیەی شێستی سەدەی ڕابردوو سەریهەڵدا و توانی گەشە بستێنێ، تا ئێستا گەلێک دەسکەوتی بەنرخی بۆ ژنان مسۆگەر کردووە. بەڵام بەو حاڵەش ژنان لە هەموو وڵاتانی جیهان بەتایبەت لە وڵاتانی دواکەوتوو بە لەبەرچاوگرتنی زۆر لە داب‌ونەریتە دواکەوتووە کۆمەڵایەتییەکان، دین و ئایین و نیزامی سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکاندا لەگەڵ توندوتیژی بەروەوڕوون و ئەو توندوتیژییە سیستماتیکە و، تەنانەت وەک یاسا دەپارێزرێ و بۆتە بەشێک لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵات و کۆمەڵگایانە.

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە توندوتیژی تێدا جێگیر کراوە و بەئاشکرا بە پێی یاسا مافی ژنان پێشێل دەکرێ و ژنان وەک مرۆڤی دەرەجە دوو و پاشکۆی پیاوان سەیر دەکرێن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەدان و بگرە زیاتر لە هەزار ساڵە توندوتیژی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا ئاوێتەی پیاوسالاری بووە و وەک نەریتێکی چەسپاو لە نێو هزر و مێشکی تاکەکانی کۆمەڵدا چەسپاوە. لەدوای هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمە دژی گەلی و سەرەڕۆیەوە، زۆربەی ئەو یاسایانەی کە لە سەردەمی ڕێژیمی پێشوو لە بوارەکانی دادوەری، پێکهێنانی بنەماڵە، سەرپەرستی منداڵ، میرات و مافی تەڵاق و جودابوونەوە و زۆر نموونەی دیکە کە لە یاسای بنەڕەتی ئەو کات لە قازانج و بەرژەوەندیی ژناندا بوون، بە ناوی پاراستنی ئیسلام و شەریعەت وەلانران و سەرلەنوێ بە دژی ژنان گەڵاڵە کرانەوە و بەیاسایی کراون. دیارە لە سەردەمی پاشایەتیش‌دا توندوتیژی دژ بە ژنان هەر هەبوو و ژنان بە هەموو شێوەیەک لە شێوەکان دەچەوسانەوە و غەدریان لێدەکرا، بەڵام ئەو توندوتیژییە و ئەو چەوسانەوەیە بەیاسایی نەکرابوون و دەسەڵاتی ئەو کات بۆ نیشاندانی ئەوڕۆیی بوونی خۆی، یاساکانی پێوەندیدار بە ژنان، سەرەڕای بەکردەوەبوونیان، لەئاست سەردەمی کۆماری ئیسلامی زۆر پێشکەوتووتر بوون.

ژنان لە کۆمەڵگای ئێران‌دا لەگەڵ توندوتیژی بنەماڵەیی لەلایەن باب و برا و مێرد و تەنانەت دایکەکانیش بەڕەوڕوون و لە ئاستی دەرەوەش‌دا ئەو یاسا دواکەوتووانەی کە کۆماری ئیسلامی لە ناخی چاخەکانی جاهێلییەت ڕا بە دیاری لەگەڵ خۆی هێناون، بەرەوڕوون. توندوتیژییەکانی پێوەندیدار بە بنەماڵە و ژیانی تایبەتی ژنان بریتین لە توندوتیژی جنسی، دەسدرێژی، جنێو و قسەی سووک و تاوان وەپاڵنان، بە زۆرەملی لەشفرۆشیی پێکردن و لێدان و ئەشکەنجەی ئاشکراو زیندانی کردن لە ماڵەوە و خەتەنەکردن و بێگاری‌لێکێشان و تەنانەت برسی ڕاگرتن و زۆر توندوتیژی دیکەی لەم ‌چەشنە.

لە ئاستی کۆمەڵگاش‌دا ڕوون و ئاشکرایە کە ژنان بەشێوەی یاسایی لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوون و بەربەستی یاسایی وەک “شمشێری دامۆکلێس” لەسەریان ڕاوەستاوە. هەر لە جلوبەرگی زۆرەملێوە، هەتا ئیزنی سەفەر کردن و تەڵاق و مارەیی و شەهادەت دان و دیە و زۆر بەربەستی داسەپاوی دیکە کە ژیانی ژنانی کردۆتە ژان‌ و چەوسانەوە. دیارە لەو ماوەیەدا دیتوومانە و دەبینین کە ژنان سەرەڕای ئەو بەربەستە یاساییانە و ئەو دابونەریتە دواکەوتوانە، توانیویانە زۆر دەسکەوتی باش بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن و بەسەر کۆمەڵگەی پاوانکراو لەلایەن پیاوانەوە و دەسەڵاتی سیاسیی زاڵ بەسەر ئێراندا بسەپێنن. بەو حاڵەش خەبات بۆ وەدیهاتنی مافە ڕەواکانی ژنان و ڕزگاربوون لە چنگی توندوتیژی و چەوسانەوەی نیوەی کۆمەڵ کە دایکی هەموو کۆمەڵیشن، سەرکەوتوو نابێ ئەگەر لەلایەک لەگەڵ خەباتی سەرانسەری بۆ نەمانی زۆڵم و زۆری و دیکتاتۆڕی هاوتەریب نەبێ و لەلایەکی دیکە پیاوان و بەتایبەت ڕووناکبیران و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و بەگشتی هەموو خەباتکارانی رێگای ئازادی لەگەڵ ژنان لەیەک چەپەردا نەبن. جگە لەوەش دەبێ هەموومان  تێ‌بکۆشین فەرهەنگ و هزری بنەماڵە، وەک یەکەم ‌و چووکترین شانەی کۆمەڵگا، ئاوێتەی یەکسانی نێوان کوران و کچان و ژنان و پیاوان بکەین و بەردی بناغەی یەکسانی لە بنەماڵەوە دامەزرێنین.