ڕێکخراوی ئەندازیارانی پارێزگای سنە ٢٠٠ کانێکسیان بۆ هاونیشتمانیانی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان ساز کرد.
لە درێژەی هەرەوەزی مرۆڤانەو کوردانەی خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستان بۆ بە هاناوەچوونی زیان وەبەرکەوتووانی بوومەلەرزە لە ناوچەی کرماشان، رۆژی ڕابردوو ڕێکخراوی ئەندازیارانی شاری سنە لە هیمەتێکی دڵسۆزانە” ٢٠٠ کانێکس”یان ساز کرد و ڕەوانەی ناوچەی کرماشانیان کرد.
ساز کردنی کانێکس لە ئێستادا بە هۆی نەبوونی شوێنی حەسانەوەی ئەو خەڵکە لێقەوماوەو هەروەها هاتنی شەپوولی باران و سەرما لە گرینگترین و پێویستترین نیازەکانی خەڵکی خەسار لێکەوتووی ناوچەی کرماشانە.
چالاکانی مەدەنی و کەسانی خێرخواز داوایان لە خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئەوکەسانە کە دەیانهەوێت یارمەتیدەری لێقەوماوانی ناوچەی کرماشان بن، کردووە کە بە یارمەتی وهاوکاریی نەغدیی و ماددی خۆیان هەوڵ بدەن کە بە ساز کردنی کانێکس و شوێن وپەنای مانەوەی خەڵکی ماڵوێرانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە کارەساتێکی دیکە وەکوو نەخوش کەوتنی بەکۆمەڵ ، بەتایبەتی ژن و منداڵان پێشگیری بکەن.
بە پێی هەواڵەکان بە هۆی بارانی بەلێزمە، خەڵکانی بێ سەرپەنای ناوچەی کرماشان لە بارودۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن و خێوەتەکان بەرگەی سەرماو سۆڵە ناگرن و ئازار ئەو خەڵکەی زیاتر کردووە.
شیاوی باسە بازاڕیان و دوکانداران و خێرخوازانی شاری سنە لە هەڵمەتێکی دیکەدا چەندین کانێکسیان ڕەوانەی ناوچەی کرماشان کردووە.
لە پێوەندی لەگەڵ یارمەتیی ماددی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشانی چەندین خێرخوازی غەیرە کوردیش داواکارن کە لە زووترین کات دەبێ شوێنی پەناو حەسانەوە بۆ ئەوخەڵکە دابین بکرێ .
بۆ ئەو مەبەستەش ساز کردنی کانێکس باشترین ڕێگەچارەیە.