Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

ناسیۆنالیسم و شوناسی نەتەوەیی

22/11/2017 | 16:06:33
amanjjjzibaiiii
ئامانج زیبایی

پڕۆسه‌ی بە نەتەوەبوون بە چەند قۆناغدا دەڕوا و دروستبوونی ئەو شکۆیە پێویستیی بە خۆڕاگری و بەرگەگرتن لە بەرامبەر گیروگرفتەکاندا هەیە و تاکەکانی ئەو نەتەوەیە دەبێ لە زۆر تایبەتمەندیی ژیانی خۆیان خۆش بن. ئەم لە خۆبوردووییە تەنیا بە کەسانی ناسیۆنالیست دەکرێ و ناسیونالیسم وا لە تاکی کۆمەڵگە دەکا کە لە کاتی بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ هەژاری و نەداری و نەبوونیدا پشت لە نەتەوەکەیان نەکەن و لە خۆشی و ناخۆشیدا بە دڵ و بە گیان لەگەڵ ڕوحی نەتەوەی خۆیان بن، لە بەر ئەوەی کە نێوەرۆکی ناسیونالیزم نەتەوە مێحوەرییە و بەرژەوەندیی نەتەوەییش لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکاندا جێ دەگرێ

ناسیۆنالیزم، واتا ئەو هەستەی کە تاکەکانی نەتەوەیەک پابەند دەکا بە کۆمەڵێک دەروەستی و زۆر بەڵێنی نەگوتراو بەرامبەر بە نەتەوەکەی، هەروەها پەرژینێکە لە بەرامبەر زۆر چەوتی و لادان لە دژی نەتەوەکەی. بەڵام کاتێک نەتەوەیەک تووشی قەیرانی شوناس بێ، ئیدی تاکەکانی پرسی نەتەوەیی و بابەتی سەروەری و پڕەنسیپە نەتەوەییەکانی لەلا گرینگ نامێنێ، یان بە واتایەکی دی وەک جاران لە ریزبەندیی یەکەمی بەها و بایەخە گرینگەکانی ئەو کەسەدا نایە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە هۆکارەکانی بێ شوناسی یان سەرهەڵدانی قەیرانی شوناس بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

زۆر جار مۆدێرنیتە هۆکاری سەرەکییە. دورکەوتنەوە لە کلتوور و تێکەڵبوون لەگەڵ دونیای تازە و مۆد هۆکارێکە بۆ دورکەوتنەوە لە ناسیونالیزم کە دیارە ئەو لێکەوتەیە نەوە دوای نەوە کاریگەریی خۆی دادەنێ، بەڵام لە هەمان کاتدا ناسیۆنالیزم خۆی دژی مۆدێرنیتە و جیهانیبوون (globalization) نییە و بە ڕوویەکی دیکەدا دەکرێ بڵێین ناسیۆنالیزم هاندەریشە  بۆ بەڕۆژبوونەوە بۆ ئەوەی تاکەکانی نەتەوەیەک لە ڕەوتی خێرای گەشەسەندن و پێشکەوتنەکان جێ نەمێنن، بۆ ئەوەی تاکەکانی ئەو نەتەوەیە هەر دەم بە شانازییە باس لە خۆیان و نەتەوەکەیان بکەن و ڕوخسارێکی جوان لە نەتەوەی خۆیان  پیشانی نەتەوەکانی دیکە بدەن. بەڵام کاتێک نەوەی نوێی نەتەوەیەک هەموو کلتوور و وردەکلتووری خۆیان بەختی شەپۆلەکانی مۆدێرنیتە دەکەن، ئیدی زەنگی لەکزیدانی ناسیونالیزم دەبیسترێ و نەوەکانی دواتر یەک لە دوای یەک بەرەو هەڵدێری لاوازبوونی شوناسی نەتەوایەتی پاڵ پێوە دەنێ.

هۆکارێکی دیکە کە کاریگەری لەسەر کزبوونی هەستی نەتەوەیی دادەنێ، بیر و باوەڕی چەپی ڕادیکاڵ و ئەو بەشە لە وێژمانی چەپی تۆخە کە بایەخ بە نەتەوە نادا کە دیارە لە ئێستادا ئەم ئایدۆلۆژییە بە بەهێزی و گوڕوتینی جارانی نییە و لە هەناسە کەوتوە.

بەو پێشەکییە دەمەوێ تیشک بخەمە سەر جۆری پەروەردەکردنی تاک لە کۆمەڵگەدا، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا.

کاتێك تاکی کورد وا پەروەردە بکڕێ کە خاک و نیشتیمانی خۆی کە هەر دەم لە پێناویدا قوربانی دەدا بۆ گرینگ و ئەولەوییەتی یەکەمی بیرکردنەوەی بێ و بۆ شکۆ و مەزنایەتیی خۆی و نەتەوەکەی تێ بکۆشێ، ئەوە کۆمەڵگەیەش بەرەوپێش دەڕوا و لە هەموو بوارەکاندا پەرە دەستێنێ. بە نەتەوەبوون بە چەند قۆناغدا دەڕوا و دروستبوونی ئەو شکۆیە پێویستیی بە خۆڕاگری و بەرگەگرتن لە بەرامبەر گیروگرفتەکاندا هەیە و تاکەکانی ئەو نەتەوەیە دەبێ لە زۆر تایبەتمەندیی ژیانی خۆیان خۆش بن. ئەم لە خۆبوردووییە تەنیا بە کەسانی ناسیۆنالیست دەکرێ و ناسیونالیسم وا لە تاکی کۆمەڵگە دەکا کە لە کاتی بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ هەژاری و نەداری و نەبوونیدا پشت لە نەتەوەکەیان نەکەن و لە خۆشی و ناخۆشیدا بە دڵ و بە گیان لەگەڵ ڕوحی نەتەوەی خۆیان بن، لە بەر ئەوەی کە نێوەرۆکی ناسیونالیزم نەتەوە مێحوەرییە و بەرژەوەندیی نەتەوەییش لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکاندا جێ دەگرێ.

زۆر جار لێرە و لەوێ دەگوترێ یان دەبیستین کە ناسیونالیزم تەنیا باسی سەر کلاس و کۆر و کۆبوونەوەکانە و ئەوانەی لەم کۆڕ و کۆبوونەوانە نین لە ناسیۆنالیزم بێبەرین، یا بە تێگەیشتنێکی دیکە دەرواننە ناسیونالیزم کە دەکرێ وا نەبێ.

بۆ نموونە کاتێک تاکێکی کوردی نەخوێندەوار بە کار و کوێرەوەری لە شوێنە سەختەکانی وەک کورەخانە و جوجەخانە ڕازی دەبێ، بەڵام ڕازی نابێ مووچەی بندەستەیی لە دەسەڵاتی داگیرکەر وەرگرێ و نابێتە گوێرایەڵی و چەکی بۆ لە شان ناکا و سەردانەواندن بە عەیبە و عار دەزانێ و بە «نا» گوتن لە بەرامبەر ویست و داوای داگیرکەری زۆرداردا دەوەستێتەوە، ئەو هەر هەمان ناسیونالیزمە کە ئەو بەبێ پەروەردەی زانستی و بەشداریکردن لە کۆر وکۆبوونەوەکان فێری بووە، بەڵام لە ناخی خۆیدا بە خودئاگایی پێی گەیشتوە. سەرەڕای ئەمەش نابێ ڕۆڵی ڕووناکبیران و ڕاگەیاندن و حیزبەکان بە کەم بگرین چ لە بەرەی ناسیونالیزم و چ لە بەرەی دژ بە ناسیونالیزمدا.

لە کاتێکدا کە هەر چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان بە چاوی شوینیستی دەڕواننە خەڵک و خاکی کوردستان و وەک بەشێکی کلۆنی لە کوردستانی بن دەسەڵاتی خۆیان دەروانن و بەردەوام لە هەوڵی بەتاڵانبردنی سامانی کوردستانن و دانیشتووانی قەڵاچۆ دەکەن و لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانە ناپرینگێننەوە؛ ئەویش لە کاتێکدا کۆمەڵگای جیهانی لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانیان قڕوقپ دانیشتوون و نابەرپرسانە چاو لە دۆخی کوردستان دەکەن و؛ لەو کاتەدا کە کورد هەمیسان وەک جاران بە تاقی تەنیایە، تاکە رێگەی بەردەمان هەر دەتوانێ بەهێزترکردنی هەستی نەتەوایەتیمان بێ.

دۆخی ئێستا کوردستان لە هەموو بەشەکاندا پێمان دەڵێن لە هەر بەشێک لە کوردستان بەپێی سروشتی خەبات و ژینگەی سیاسیی خۆی؛ حیزبەکانی پێویستە لە ژێر چەترێکی یەکگرتووانەی بەرفراواندا پتر هەوڵ بۆ بەخشینی شوناسێکی نوێ بە تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردستان و خەباتی ئەو نەتەوەیە ببەخشن. ئەو شوناسە بە پشتبەستوو بە پاشخانی خەباتی دەیان ساڵە و بە ڕێکخستنی کۆمەڵگە لە نێوخۆی وڵاتدا و، بە وەگەڕخستنی لۆبییەکی بەهێز لە کۆڕ و کۆمەڵەی نێونەتەوەییدا دەتوانێ ئاراستەیەکی دی بە خەباتی کورد بدا.

( لە ژمارەی ٧١٤ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)