پزیشکانی مەحموود ساڵحی لە نامەیەکدا داوایان لە بەرپرسانی قەزایی کرد بەهۆی خراپیی بارودۆخی جەستەیی ناوبراو دەبێ دەستبەجێی بۆ نەخۆشخانە بگواسترێتەوە.
بەپێی هەواڵەکان کۆمیتەی داکۆکی لە مەحموود ساڵحی، لە بەیاننامەیەکدا، نووسیوویانە: “پزیشکانی چارەسەری مەحموود ساڵحی لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی و بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری سەقز، وێڕای هوشداریدان سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، بە هۆی ئەوەی کە ناوبراو تووشی چەند جۆر نەخۆشیی هەناوی هاتووە، دەبێ دەستبەجێ بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران یان تەورێز بگواسترێتەوە”.
هەروەها لەو بەیاننامەیدا هاتووە: ” بەداخەوە بەرپرسانی دەزگای قەزایی سەبارەت بەو داواکارییە هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنیان لە خۆیان نیشان نەداوە و مەحموود ساڵحی سەرەڕای بارودۆخی نالەباری جەستەیی هێشتا لە زیندان ڕاگیراوە و هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ قەناعەت پێهێنانی ناوەندەکانی ئەمنیەتی و قەزایی بێ ئاکام ماوەتەوە”.
ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە کە بۆ چارەسەری پزیشکی بە دەست و پێی بەستراوە بۆ نەخۆشخانە گوازرابوویەوە، سەرەڕای هۆشداری پزیشکەکان بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سەقز گەرێندرایەوە.
ئەو چالاکە کرێکارییه، سەرەڕای نەخۆشی دڵ بە هۆی کێشەی گورچیلە دەبێ حەفتەی دوو جار دیالیز بکرێ. ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەر، ئەو چالاکە کرێکارییە بەپێی حوکمی دادگای سنە بە قووڵبەستی لە نەخۆشخانە دیالیز کراوە و بۆ تێپەڕاندنی ساڵێک حوکمی زیندانی تەعزیری بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە.
ئەو چالاکە کرێکارییە بەپێی بڕیاری دادگای شاری سنە لە کاتی گۆڕینی خوێن لە نەخۆشخانە دەسبەسەر و بۆ ماوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەی بۆ زیندان ناوەندیی شاری سەقز گواسترابوویەوە.