هاووڵاتییەکی کورد کە حوکمی ئێعدامی بۆ بڕابوویەوە، لە زیندانی ناوەندیی شاری ئیلام ئێعدام کرا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵووەر، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی”عەلیڕەزا سادقی” لە زیندانی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێ کرا.
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایە بە سەردا سەپاندوو، لەلایەن بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکان ئێعدام کرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە، ئەو هاووڵاتییە دوو ساڵ پێش بە هۆی شەڕ و کێشە کەسێکی بە ناوی بێهروز یەکڕووی لە گۆڕەپانی بە ناو “ئیمام”ی شاری ئیلام بە چەقۆ کوشتبوو.
بەپێی ئاماری سەرچاوە هەواڵدەرییەکان لە ماوەی مانگی ژانوویە هەتا کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتوبر ٦٢ کەس بە تاوانی جۆراوجۆر لە ئێران ئێعدام کراون.
ئانتۆنیۆ گۆتریش، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەی بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕایگەیاندووە: بەشێکی زۆر لە ئێعدام و دەسبەسەرکراوەکانی ئێران لە کوردەکانی ئەو وڵاتە بووە.