Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 24/11/2017 |کاتژمێر:
کوردستان

خه‌ڵکی کوردستان به‌ هانای هاونیشتمانیانی بوومەلەرزە لێدراویانەوە دەچن

14/11/2017 | 02:22:16
emdadrasani

دوابەدوای کارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی شەوی ٢١ی خەزەڵوەر کە خەسارێکی گەورەی بە خەڵکی پارێزگای کرماشان بەتایبەتی شاری سەرپێڵی زەهاو و دەوروبەری ئەو شارە گەیاند، خەڵکی خەمخۆر و دڵسۆزی شارو ناوچەکانی دیکە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەوپەڕی هاوخەمیی ودڵگرانییەوە دەستیان دایە هەڵمەتی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ خەڵکانی لێقەوماوی ئەو دەڤەرەو بەهانای هاونیشتمانیانی بوومەلەرزە لێدراویانەوە ڕویشتن.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە شارو شارۆچکەو گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەستی “کوردستان وکورد” ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گەیشتووە، لە یەکەم کات وساتی بڵاوبوونەوەی هەاڵی خەسارگەیاندنی بوومەلەرزە بە خەڵکی کورد لە پارێزگای کرماشان ،هاونیشتمانیانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەخۆ ڕێکخستن لە گرووپ و کەمپەینی یاریدەدەر و خۆبەخش، هەروەزی یارمەتی گەیاندنیان بە لێقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزە، لە شارو گوندەکانی پارێزگای کرماشان بەڕێوەبرد و هەر بەردەوامە.
خەڵکی خەمخۆری ڕۆۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بانگهێشتی چالاکانی مەدەنی و سیاسی تاکوو ئێستا لە هیچ چەشنە خزمەتگوزارییەک بۆ هاونیشتمانیانی بوومەلەرزەلێدراوایان دەریغییان نەکردووە.
شایانی باسە دەیان گرووپ و کۆڕی خزمەتگوزاریی لە شارو وناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دابین‌کردنی پێداویستییەکانی خەڵکی زیان پێگەیشتووی پارێزگای کرماشان پێکهاتووە.
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە دوای ئەوەی ڕاگەیاندرا کە بریندارانی کارەساتی بوومەلەرزە پێویستییان بە خوێنە ، خەڵکی شارەکانی ڕوانسەر و نۆدشە و سنە و مەریوان و سەقز و بانە و بۆکان ومەهاباد روویان کردە بنکە تەندروستییەکان، بۆ بەخشینی جۆرەخوێنی پێویست.
هەروەها بەشێک لە شۆفێران و وەرزێڕانی ناوچەی لەیلاخ پتر لە (٥٠٠تن) خواردەمەنییان گەیاندووتە پارێزگای کرماشان و ئەو هەڵمەتە مرۆڤدۆستانەو کوردانە لە زۆربەی شارەو ناوچەکانی کوردستان هێشتاکە هەر درێژەی هەیە.
لە پێوەندی لەگەڵ یارمەتی‌دان بە خەڵکانی لێقەوماوی سەرپێڵی زەهاو و قەسری شیرین کۆمەڵێک لە خێرخوازان و چالاکی مەدەنی ڕایانگەیاندووە کە خەڵکی کوردستان یارمەتییەکانی خۆیان بە شوێنی باوەڕپێکراو بسپێرن و لە زۆر شوێن ناوەندە حکوومییەکان لە جیاتی ئاسانکاریی، تەنگ وچەڵەمەیان خستووتە سەرڕێ خەڵکانی خۆبەخش.
شیاوی باسە هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ هاونیشتمانیانی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەوامە.