Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 24/11/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

کوردستان دوور لە سیلەی چاوی جەهانگیر

08/11/2017 | 13:45:42
alibodaqii2
عەلی بداغی

ئەسما جەهانگیر، ڕێپۆرتێری شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە کۆمیتەی سێهەمی کۆڕە گشتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گیرا، یەکەم ڕاپۆرتی خۆی لەو بەرپرسایەتییەدا پێشێکش کرد. لەو ڕاپۆرتەدا کە تایبەت بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ کراوە، عاسمە جەهانگیر نیگەرانیی! خۆی لە بەردەوامیی ئێعدامەکان لە ئێران دەربڕیوە. لەو ڕاپۆرتەدا باس لە نیگەرانییەکانی! نابراو سەبارەت بە بەردەوامیی ئەشکەنجەدانی بەندکراوان، ڕاوەدوونانی چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، گرتنی سەرەڕۆیانەی خەڵک لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە و تێیدا هاتووە کە ئێستاش ئازادیی ڕادەربڕین پێشێل دەکرێ و مافی ڕۆژنامەنووسان و هەروەها ژنان پشتگوێ دەخرێ.

لە وردەکاریی زیاتری ئەو ڕاپۆرتەدا ئەوەش هاتووە کە بنەماڵەی چەند کارمەندێکی بی بی سی لە تاران خراونەتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ناچار بە وازهێنان لە هاوکاریی ئەو کاناڵەی ڕاگەیاندن بکەن، هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە لەو شەش مانگەدا ١٤ چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر کراون. باس لە پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەی ئێرانی و هاووڵاتیی وڵاتێکی دیکەن_یەک لەوان کە ناوی هێنا نازەنین زاغەری_ وێڕای ئاماژەی سەرپێی بە پێشێلکرانی مافی کەمە ئاینییەکان _وەک بەهاییەکان کە ناوی بردن_ چەند تەوەری دیکەی ڕاپۆرتەکەی خاتوو ئەسما جەهانگیر بوون.

ڕێپۆرتێری شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران هەروەها دەسخۆشیی لە وادە و بەڵێنییەکانی حەسەن ڕوحانی، سەرکۆماری ئێران لە پێوەندی لەگەڵ مافی ژناندا کرد و بێ ئەوەی بڵێ کە کام وادە و بەڵێنی ناوبراو وەدی هاتوە و کامە گۆڕان و چاکسازیی دڵخۆشکەر لە دۆخی ژناندا ڕووی داوە، بە خشکەش گوتویەتی کە سەرەڕای ئەو دەسپێشخەرییەی! حەسەن ڕوحانی هێشتا بەشی زۆری مافی ژنان وەدی نەهاتوە و ئاماژەی بە حیجابی زۆرەملێ کردوە، وەک بێبەشییەکی گرینگی ژنانی ئێران لە مافەکانیان.

لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم ڕاپۆرتەی ئەسما جەهانگیر کاردانەوەی نوێنەری ئێران لەو کۆرە و دەزگای قەزایی ڕێژیم لە تارانی لێکەوتەوە و بە بڕیاری سیاسی و یەکلایەنەی شوڕای مافی مرۆڤ بۆ دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامییان ناو برد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند قسەیەک هەڵدەگرێ کە ئێمەش بیکەین:

کۆماری ئیسلامی لە مێژووی ٣٨ ساڵەی خۆیدا بە وڵاتێکی نادێموکڕاتیک و پێشێلکەری مافی مرۆڤ ناسراوە، هیچ ساڵێک نەبووە ئەو ڕێژیمە لەلایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووکان _کە ئێستا چەند ساڵێکە پێکهاتەکەی بە شۆڕا گۆڕاوە_ ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی شورای یەکیەتیی ئورووپا و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکانی دیکەی داکۆکاری مافی مرۆڤەوە سەبارەت بە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران مەحکوم نەکرێ؛ هەر ئەوەش کە لە چەند قۆناغدا و لەلایەن کۆمیسیۆن و شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە بەردەوامی ڕێپۆرتنێری تایبەتیی بۆ دیاری کراوە، دەریدەخا کە رێژیمێکی تا سر ئێسقان دژی بەها مرۆییەکانە. هاوکات دیاریکردنی ڕێپۆرتێری تایبەتیش بۆ ئەوەیە گوشاری زیاتر بخرێتە سەر ئەو ڕێژیمە تا لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە دیاریکراوەکاندا چاکسازی لە قانوونەکانیدا بکا و ناچار بە ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و بەها ئینسانییەکان بن. ئەوەی کە ئەمجارەیان خاتوو ئەسما جەهانگیر بە خۆشبینییەوە باس لە هاوکاریکردن و بە دەنگەوەهاتنی کۆماری ئیسلامی دەکا ناتوانێ لە جێی خۆیدا بێ، چونکی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران سەرەڕای گۆڕینی دەوڵەتەکان و دروشمەکانی حەسەن ڕوحانیدا هیچ بەلای باشیدا نەشکاوەتەوە.

خاتوو ئەسما جەهانگیر باشتر لە هەموو کەس دەزانێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەوەی موریس کاپیتورن، ڕێپۆرتنێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران لە ساڵی ١٣٧٥ سەردانی ئەو وڵاتەی کردوە، پتر لە ٢١ ساڵە ڕێگای بە هیچ چاوەدێرێکی نێونەتەوەیی نەداوە پێ بنێنە خاکی ئەو وڵاتە. بێ گومان وەڵامی ئەرێی کۆماری ئیسلامی بە داوای سەردانی خاتوو ئەسما لە ئێران بۆ تاوتوێی رەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە نیزیکەوە دەتوانێ نیشانەیەک بۆ دڵخۆشبوونی بەڕێزیان بێ، شتێک کە سەرەڕای داوای بەردوامی ئەحمەد شەهید و لە ئێستاشدا خاتوو ئەسما جەهانگیر وەڵامی «نا»ی پێ دراوەتەوە.

قسەیەکی، دی کە لەسەر ئەم ڕاپۆرتە هەیە بیکەین پشتگوێخستنی مافی نەتەوە نافارسەکان و یەک لەوان کوردە، کە ئەگەرچی لە پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا پشکی شێریان پێ دەبڕێ، کەچی ئەم ڕاپۆرتەدا بە یەک وشەش بەلایدا نەچووە. باسەکە لێرەدایە کە گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ بنەماڵەی چەند کارمەندی تۆڕی میدیایی بی بی سی، یان بێبەشی لە مافی مەرەخەسی و هەبوونی پارێزەر بۆ زیندانییەک کە هاوکات تەبەعەی وڵاتێکی ئورووپایە_ نازەنین زاغەری_ دەبێتە کەڵکەڵەی خاتوو ئەسما و ناویا دێنێ، کەچی چاوی لە ٩١ ڕۆژ مانگرتنی محەممەد نەزەری نوقاندوە کە ٢٤ ساڵە لە زیندان دایە بێ ئەوەی تاقە ڕۆژێک مەرەخەسیی بدرێتێ و بێ ئەوەی لە دادگایەکی عادڵانەدا محاکەمە کرابێ.

خاتوو ئەسما دەڵێ ئەو ڕاپۆرتەی تایبەتە بە بازنەی زەمەنیی ٦ مانگی یەکەمی ٢٠١٧ و لەودا کە باس لە گرتنی چالاکانی مەدەنی و هەڵسووراوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکا، دەڵێ لەو ماوەیەدا ١٤ چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گیراون و ژمارەیەکیان دادگایی و سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە. تۆ بڵێی خاتوو ئەسما نەیزانیبێ کە هەر لەو شەش مانگەی بەڕێزیان باسی دەکا هەرنەبێ ١٥٥ کەس لە کوردستان بێ بڕیاری دادگا و سەرەڕۆیانە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و زیندانی کراون، یان بڵێی ١٤ لە ئاستی ئێراندا لە ١٥٥ لە بەشی کوردستان زیاتر بێ، یان دەنا چونکی ئەم گیراوانە کوردن لە ئامارەکاندا بە حسێب نایەن؟

هەر بۆ بەرچاوڕوونی خاتوو ئەسما جەهانگیر پێویستە بڵێین کە لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا زیاتر لە ٣٢٧ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕووی داوە.

لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا ٧٩ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری و رەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەوەندە کەسە ٣٧ کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و ٤٢ کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار بوون. هەر لە ماوەی ئەم شهش مانگەدا ١٥٥ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ١٦ کەس لەوان حوکمی ساڵێک تا ١٥ ساڵ (سەرجەم ٧٧٩ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە و بەندکراوێکی کوردیش سزای ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە. هەروەها لە ماوەی شهش مانگی یهکهمی ئهمساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا ٣٨ بەندکراوی کورد کە بە تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی سڕکەر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا لەدار دراون؛ تازە ئەوانە بەشێک لەو پێشێلکارییە سیستماتیکەی مافی مرۆڤ لە کوردستانن کە ناوەندەکانی سەربەخۆی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ توانیویانە بە دێکۆمێنتی بکەن.

بێگومان کار و تێکۆشانی ئەسما جەهانگیر و ڕاپۆرتهکانی گرینگ و جێی بایهخن، بهڵام ئهگهر بەڕێزیان دهیهوێ ڕاپۆرتهکانی گشتگیر و پڕ بە بەری دۆخی ڕەوشی مرۆڤ له ئێران بن، پێویستە زیاتر لهوه خۆی به پرسی پێشێلکردنی مافی نهتهوهکان له ئێران ماندوو بکا و چاوهدێریی زیاتر بخاته سهر ئهو بهشه له چالاکییهکانی؛ بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانێ پێوەندیی لەگەڵ ناوەندەکانی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ له کوردستان هەبێ تا ڕاستی و دروستیی هەموو خاڵ و حاڵەتانەی بۆ ڕوون بێتەوە.

 ( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)