Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 24/11/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

باشووری کوردستان و کاتالۆنیا دوو هەرێمی چاو پڕ لە هیوا

07/11/2017 | 12:42:09
razamahamadmanini
رەزا محەمەدئەمینی

لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە دوای کۆتایی شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی و هەڵوەشانەوەی سیستەممی کۆنۆڵیالیزمدا، دەیان وڵاتی سەربەخۆ لە دایک بوون و ئێستا نیزیکەی دووسەت وڵاتی سەربەخۆ لەسەر گۆی زەوی هەیە؛ هەر لە وڵاتە بچووکەکانی دونیا کە پانتاییان بەقەدەر ناوچە و دەڤەرێکی کوردستان نابێ وەک (سان‌مارینۆ، ماڵت، لیختن ئیشتاین، لوگزامبورگ، مۆناکۆ و ماڵدیو) هەتا وڵاتە زەبەلاحەکانی وەک فێدراسیۆنی ڕووسیە، ئامریکا، چین، هیندوستان و کانادا کە ڕووبەرێکی زۆری جیهانیان داگرتوە.

لەو بەینەدا زۆر نەتەوەی وەک کورد و کاتالۆنەکان لەسەر گۆی زەوی ماون کە سەربەخۆ نین و بەبێ ویستی‌ خۆیان بە وڵاتی دیکەوە لکێندراون و سەرەڕای خەبات و تێکۆشانێکی دەیان و بگرە سەدان ساڵەش نەیانتوانیوە و داگیرکەران نەیانهێشتووە نیری یەخسیری لە مل داڕنن. هەر لەو ماوەیەشدا، باشووری کوردستان و ئەیالەتی کاتالۆنیا لە ڕێگای دێموکراتیکی سەندووقەکان و دەنگی دەنگدەران ویستیان وەک دوو نەتەوە کە چیتر نایانەوێ لە ژێر چەتر و ئاڵای نەتەوەیەکی دیکەدا بن، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەڵام هەرکامەیان بە شێوەیەک لەگەڵ دژکردوەوی نەرێنی دەسەڵاتی ناوەندی و وڵاتانی دەورووبەر بەرەوڕوو بوون و وەدیهاتنی هیوای سەربەخۆییان، لانیکەم بۆ ماوەیەک وەدوا کەوت.

بەڵام بۆ کورد لە باشووری کوردستان و کاتالۆنەکان لە ئیسپانیا، سەرەڕای بوونی زۆر فاکتەر و پێوەرەکانی نەتەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، نەیانتوانی لەو هەلومەرجەدا بەو ئاواتە بگەن، پرسیارێکە کە دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە مێژوویی، جوغرافیایی و نێوخۆیی و دەرەکییەکان وڵامی بدرێتەوە. هەم نەتەوەی کورد بە گشتی و هەم کاتالۆنەکان لەمێژ ساڵە بۆ سەربەخۆیی خەبات دەکەن. بۆ ئێمەی کورد شاراوە نییە و پێویست بە نموونە هێنانەوەش ناکا کە بڵێین لەپاش گەیشتن بە قۆناغی شوناسی نەتەوەیی و لە کەمتر لە دوو سەدەی ڕابردوو بەملاوە، دەیان شۆرشی نەتەوەیی گەورە و بچووکمان بە دژی داگیرکەران و بۆ سەربەخۆیی وەرێ خستووە و بەداخەوە هیچیان بەئاکام نەگەیشتوون. دیارە لەباری جوغرافیاییەوە، ئەگەر کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش نەکرابا و وەک قەوارەیەکی لێکدانەبڕاو تەنیا کێشەی سەربەخۆیی لەگەڵ یەکێک لە دراوسێ داگیرکەرەکانیدا هەبووبا، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو هۆکارە سروشتی و ئابووری و رێزەی حەشیمەت پانتایی کوردستان بە ئەگەری زۆر ئاواتی سەربەخۆیی کورد زۆر زووتر وەدی دەهات، چونکە ئێستا کورد تەنیا لەگەل دوژمنێک بەرەوڕوو نییە و لەڕاستیدا نەتەوەتەکی دابەشکراوە کە لەگەڵ چوار دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر لە کێشە دایە. ئەو دەسەڵاتانەش جگە لەوەی لە کورد و شۆڕشە یەک ‌لە دوای ‌یەکەکانی بۆ دژایەتی و وەک  ئامرازی زەخت و گوشار بۆسەر یەکتر کەڵکیان لێ وەرگرتوە، هەروەک لە ڕابردوو و لەو ماوەیەدا نیشانیان‌ دا، سەرەڕای هەرچەشنە ناکۆکییەکی نێوانیان، لە سۆنگەی سیاسەتی نەگۆڕی دژایەتی لەگەڵ سەربەخۆیی بەشەکانی کوردستان، یەک دەگرنەوە و هاوهەڵوێست بەگژ نەتەوەی کورد و دامەزراندنی دەسەڵاتی سەربەخۆی کورددا دێنەوە. ئەمە یەکێک لەو دیاردە نەرێنییانەیە کە نەتەوەی کورد لە زۆربەی نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە بە نەتەوەی کاتالۆنیاشەوە جیا دەکاتەوە.

کاتالۆنەکانیش ئەوە 303 ساڵە وڵاتەکەیان لەلایەن ئیسپانییەکانەوە داگیر کراوە و لەو ماوەیەدا سەرەڕای هەوڵی زۆری ئیسپانیا بۆ تواندنەوەی ئەو نەتەوەیە، کاتالۆنیا کەم و زۆر بۆ سەربەخۆیی جەنگاوە و خەبات و بەربەرەکانی کردوە. دواجار لە ساڵی ١٩٤٠ واتە ٧٧ ساڵ لەمەوبەر خەباتی چەکداری کاتالۆنیا لەلایەن دیکتاتۆڕی ئەوکات ژێنێڕال فرانکۆ بە شێوەیەکی بێبەزەییانە سەرکوت کرا و سەرۆکی سەربەخۆییخوازان، «لوئیس کامپانچ» لە ١٥ی ئۆکتۆبری هەمان ساڵ لە حالێکدا دروشمی بژی سەربەخۆیی کاتالۆنیای دەدا لە بارسێلۆن تیرباران کرا.

بەڵام جگە لە فاکتەری جوغرافی و مێژووییەکان بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو  و ئێستاشی لەگەڵ بێ دوو هۆکاری «نێوخۆیی» و «دەرەکی» دەور و ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لەسەر خەباتی نەتەوە ژێردەستەکان بۆ سەربەخۆیی. دەکرێ لەو ڕوانگەیەوە ڕاپرسیی سەربەخۆیی کوردستان و کاتالۆنیا شەن‌ و کەو بکەین.

لە کوردستان ئەوە بۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵ دەچێ دەسەڵاتی ئەو بەشە لە کوردستان لە دەستی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و دەوڵەتی هەڵقوڵاوە لەو هێزانە دایە و توانیویانە سەرەڕای ناکۆکیی زۆر کە تەنانەت شەڕی نێوخۆیی لێکەوتەوە، رێکخراوە بەڕیوەبەریی و مەدەنیی و حکوومەتییەکان دامەزرێنن و قەوارە و هەیکەلی دەوڵەت بونیات بنێن. بەڵام بەداخەوە ئەو ئەزموونە لە بەڕێوەبەریی وڵات هەر لەسەرەتاوە لەلایەک بەهۆی ناشەفافیەت لە بواری ئابووری و پەرەسەندنی گەندەڵی و لەو چەند ساڵەشدا پاش هێرشی دڕندانەی داعش و لێکەوتە نەرێنییەکانی  و هەروەها په‌راوێزخرانی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی فێدڕالەوە، تووشی قەیرانی زۆر و جاڕزکەر بوو و کۆمەڵانی هەژاری خەڵکیشی دوچاری تەنگەشەی ئابووری کرد. لەلایەکی دیکەش حیزب و ڕێکخراوە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان به‌ وه‌خت نەیانتوانیوه‌ به‌سه‌ر کێشە و ناکۆکییه‌کانی خۆیاندا زاڵ بن، به‌ڵام بەو حاڵەش و بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو خاڵە لاوازانەی باس کران، گومان لەوەدا نییە ڕاپرسییه‌که‌ی سەربەخۆیی هەرێم لاپەڕەیەکی مێژوویی و زێڕینە لە باشووری کوردستان و لەجێی خویدا بوو و ئەگەر لە دواساتەکان و لەگەرمەی هێرشی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی‌ و پاسدارانی کۆماری ئیسلامیدا هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ شەڕەکانی «پردێ» و «مەخموور» بەرگرییان بکردایە، لەوانەبوو ڕێڕەوی ڕووداوەکان بگۆڕدرێ و کورد نەک هەر نیوەی خاکی ئازادکراوی کوردستانی لەکیس نەدابا، بگرە بە گوڕو تینێکی زۆرترەوە، ڕاپرسییه‌که‌ی لە داهاتوودا بکردبایە «ئەمری واقع» و دونیای دەرەوەشی ملکێشی ویستە ڕەواکەی خۆی کردبا.

دژایەتیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و داخستنی سنوورە ئاسمانی و پاشان زەمینییەکان و هاودەنگی و هاوهەڵوێستی لەگەڵ بەغدا و هەڕەشە وگوڕەشەی زۆر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەک ورەی سیاسی و سەربازی دەوڵەتی بەغدای بەرز کردەوە و لەلایەکی دیکەش دژایه‌تیی دنیای دەرەوە لەگەڵ سەربەخۆیی باشووری کوردستان و بێدەنگ بوون لەئاست گەلەکۆمەگی ناوچەیی بۆ بەچۆکداهێنانی ئیرادەی نەتەوەی کورد وای کرد سوپای عێراق و حەشدی شه‌عبی سەر بە کۆماری ئیسلامی و دەیان و بگرە سەدان پاسدار و فەرماندەی سپای پاسداران، بە کەڵکوەرگرین لە پێشکەوتووترین چەکوچۆڵی ئامریکایی، هێرش بکەنە سەر شار و ناوچەکانی کوردستان و داگیری بکەن.

ئەو گەلەکۆمەگییە دەرەکییە بە دژی نەتەوەی کورد نیشانی ‌دا که‌ بەداخەوە کورد لەو سەردەمەشدا پشت‌ و پەنای هەر چیاکانە. بەڵام ئەگەر نەتەوەی کورد لەئاست ناوچە و دونیای دەرەوەدا ناجوامێرانە بەتەنیا مایەوە و داگیرکەرانی کوردستان بە گەلەکۆمەگی بەکردەوە پرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستانیان هەتا ماوەیەکی نادیار «لەبار»برد، ئەوە کەلێنی نێوماڵی کوردی بوو کە بەستێنی ئەو «شکان و نسکۆ»یەیان فراهەم کرد و قەرەبووکردنەوەی ئەو نسکۆیەش بێگومان به‌نده‌ بە یەکگرتوویی نێو ماڵی کورد و خۆپاراستن لە زیانی زیاتر.

لە کاتالۆنیاش ئەوە بۆ ٤١ ساڵ دەچێ ئەو ناوچەیە کەم ‌و زۆر خۆبەڕێوەبەریی نێوخۆییان هەیە و توانیویانە کاریگەریی بەرچاویان لە گەشەسەندنی ئابووری خۆیان و ئیسپانیادا هەبێ. خەڵکی ئەو هەرێمە لە یەکەمی ئۆکتۆبری ڕابردوودا سەرەڕای هێرشی پۆلیسی ئیسپانیا و سه‌رکوتی دەنگدەران لە ڕاپرسییەکی میلیۆنیدا بە لە سەدا نەوەدی دەنگەکان بۆ بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بریاری جوودابوونەوەیان لە ئیسپانیا دا و پارلمانی ئەو هەرێمەش لە ڕۆژی هەینی پێنجی ڕەزبەر یه‌کلایه‌نه‌ سەربەخۆیی کاتالۆنیای ڕاگەیاند.

بەڵام هەروەک چاوەڕوان دەکرا، دەوڵەتی ناوەندی بە پشتبەستن بە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە (برگەی١٥٥) دەوڵەتی ناوچەیی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و دەستی بەسەر بنکە و ئیدارە ناوچەییەکاندا گرت و پاش بانگهێشتیان بۆ دادگا، دەزگای دادی ئیسپانیا دادگاییکردنی کاربەدەستانی دەوڵەتی کاتالۆنیای لە ڕۆژی پێنجشەممە یازدەی ڕەزبەر بە تاوانی ئەنجامدانی ڕاپرسی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی له‌و هەرێمەی دەست پێکرد. ئەوە لەحالێک دایە سەرۆکی کاتالۆنیا لە ولاتی بێلژیکە و ئامادەی خۆڕادەست کردنەوە نەبووە.

کاتالۆنیا لە ئاستی نێوخۆیی و لە نێو پارلمانی ئەو هەرێمەدا یەکدەست نییە و نەیارانی سەربەخۆیی ئەو هەریمە کە زۆربەیان ئیسپانیۆلی زمانن لەگەڵ جوودابوونەوە لە ئیسپانیادا نەبوون و نین. هەروەها کاتالۆنیا بە پێچەوانەی کوردستان کە ‌هێزی پێشمەرگەی بۆ پاراستنی هەریمەکەی هەیە، هێزی چەکداری نییە و تەنانەت لەو ماوەیەدا پۆلیسی ناوچەییش لە کێشمەکێشی دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی خۆبەڕێوەبەردا، بێلایەنی ڕاگەیاند! هەربۆیەش پاس هەڵوەشانەوەی پاڕلەمان و دەوڵەتی ناوچەیی لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە هیچ بەربەرەکانییەک جگە لە خۆپێشاندانی خەڵکی و ناڕەزایەتی جەماوەری بەرچاو نەکەوت.

لەئاستی دەرەوەش هەموو وڵاتانی ئورووپایی و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دژایه‌تیی سەربەخۆیی کاتالۆنیایان کرد و دەنگی خەڵکی ئەو هەرێمەیان پشتگوێ خست. دەوڵەتی تورکیە و عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش زۆر بە تووندی ئیدانەی سەربەخۆیی کاتالۆنیایان کرد! و نیشانیان دا نەک لەگەڵ مافی سەربەخۆیی کوردەکان، بەڵکوو دژی هەرچەشنە بزووتنەوەیەکی مافخوازانەن.

دژایەتی دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیا لەلایەک و لەلایەکی دیکە موخالیفەتی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ سەربەخۆیی کاتالۆنیا نیشانی ‌دا، پشتبەستن بە برگەکانی مافی مرۆڤ و پەسندکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەپێوەندی لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەڵان، بۆ سەربەخۆیی نەتەوە ژێردەستەکانی وەک نەتەوەی کورد و کاتالۆن، ئەگەر پێویستە، بەڵام زامنی سەرخستنی ئەو مافە نییە و ئەوەی دەتوانێ پاڵنەر و پشتیوان و زامنی بێ «هێزە» و هەتا هێزت نەبێ دەنگی سندووقەکانی دەنگدان؛ دەنگ نادەنەوە.

کاتالۆنەکان لە ٢١ دێسامبری داهاتوودا دەچنەوه‌ سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەگەر خەڵکی کاتالۆنیا دەنگی بەگوڕ بە حیزب و لایەنە سەربەخۆییخوازەکان بدەن، ئەوا بەڵانسی سیاسی لەو ناوچەیە و لە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بۆ لای کاتالۆنیادا دەشکێتەوە و خەڵکی ئەو وڵاتە دەتوانن دیسان دەنگی سەربەخۆییخوازی خۆیان بەرز بکەنەوە. دیارە لەوەها حاڵەتێکدا هەر هیچ نەبێ، کاتالۆنیا دەتوانێ، سیستەمی فێدێڕالیزم بەسەر مادریددا بسەپێنی، کە ئەوەش دەسکەوتێکی گەورەیە.

لە باشووری کوردستانیش بەلەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە، بەتایبەت هەڵوێستی نویی ئامریکا لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و درێژەی  پەلهاویشتنی بەهێزی ئەو ڕێژیمە بۆ نیو عێراق و وڵاتانی ناوچە، دەبێ چاوەڕوانی ڕووداوگەلێک بین کە دەتوانن، قەرەبووی بەشێک لەو شکان و نسکۆیەی بکەنەوە کە کورد لەو بەشە لە کوردستان تووشی بووە. بێگومان دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان، لەسەرووی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی دەیانەوێ شەڕو ئاژاوەی نێوخۆیی لە باشووری کوردستان هەڵاییسێننەوە و ئەو دەسکەوتانەش کە بە ڕاپه‌ڕینی کۆمەڵانی خەڵکی باشوور لە ساڵی ٩١ەوە چەسپاون، بسڕنەوە. هەر بۆیەش دوورکەوتنەوە لە «دەردەکورد»، واتە ناکۆکی و دووبەرەکی و پشتی یەکبەردان و یەکریزی نێو ماڵی کورد دەتوانێ کاریگەرترین چەک بێ بۆ پاراستنی باشووری کوردستان و لە داهاتوودا گەڕاندنەوەی بەشەداگیرکراوەکانی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە شکاننەهاتووی ئەو بەشە لە کوردستان.

ناوچە ئاوسانی ڕووداوی چاوەڕوان نەکراوە و کوردستان بە گشتی ناوه‌ند و چه‌قی ئەو ڕووداوانەیە، ئه‌وه‌ش وریایی و وشیاری و لەسەرخەت بوونی هەموو کۆمەڵانی خەڵک و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دەوێ.

( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)