Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 24/11/2017 |کاتژمێر:
ئەدەب

کەرکووک

07/11/2017 | 11:59:36
karkukkkk
ڕامان سۆفی سوڵتانی

دامە دەستی. بێ ئەوەی چاوی لێ بکا، بێ ئەوەی سەر هەڵبڕێ، لێی وەرگرتم. بە قوونەکەی دەستی برد پشتی پێ خوراند.

گوتم: چەقۆ تیژەکەت پێ ماوە؟

_ ئا، بۆ؟

_بۆم دادە! نووکی ئەو قەڵەمەم بۆ دادە!

دەستێکی فەندەکەکەی لە باخەڵی دەرهێنا و دەستەکەی دیکەشی لە جگەرەکەی دەگەڕا.

_دیتت؟

زانیم چی لە مێشکی دایە. زوو گوتم : ئەو دیو؟

_ئم. کەرکووکی دەڵێم

_ ئەی نەیبینم؟

_ چ ببینی. هەرچی کەسم مردبا هەر ئەوەندەم خەفەت ڕە دڵی دەنیشت. بری دە بری خودای مردبام و ئەو ڕۆژەم بە چاوان نەدیتبا.

پێموابێ جگەرەکەی بوو لە گیرفانی پاتۆڵەکەیدا کەوتبووە بەردەستی. بە لەرزە لەرزی سەر قامکەکانی زوو زوو رێکی دەگوشی.

_ پەککوو لەو ماڵوێرانییە، پەکوو… قەت سەڵام لێ ڕانەبوو

_ شەنگاڵیشت زانی؟

دەستی لەو شتەی کە پێم وابوو پاکەتی جگەرەکەیەتی بەردا. چاوی بە مۆلەق وەستا

_ شەنگاڵ چی؟

_ دەی شەنگاڵیش

سەری بەردابۆوە و لێوەکانی دەلەرزی. چەقۆ دەسک کەڵەشاخەکەی زوو زوو بە دمی قەڵەمەکەمدا دەهێنا.

ماشێنێک لە دوورەوە بەرەو ماڵان دەهات. بەو ئیوارە ڕووناکە چراکانی داگیرساندبوو. قوڵپی گریانێک ئەوکمی ئاخنیبوو. نەمدەزانی چۆن بیڕەوێنمەوە پێم نەزانێ.

گوتم: ئەو سەگبابە بەو ڕۆژی ڕوونە ئەو گڵۆپە زەقانە چیە لە چاوی ئێمەی گرتوە؟

دووکەڵی جگەرەکەی لە کونە لووتیەوە لوولی دەکرد و گێژی دەخواردە نێو گەرووی

_خۆ دیوتە؟ ئەوجاریش نەکرا .

_چ ناکرێ نا…

_ پەککو لەو بێ کەسییە. کێ ئەو میللەتە سەر بە هەشەی تەلیسم کردۆ…؟

گوتم: قەڵەمەکەت نەهێشت هەمووییت تاشی

بۆی ڕاداشتم

_ها بیگرە! لای بە لا

ئەهەیەکم بۆ کرد بە پێکەنینەوە گوتم : نامهەوێ، بۆخۆت. پشتتی پێ بخورێنە

هەستا سەرپێ و پاتۆڵەکەی تەکاند. چاوی لە گڵۆپی ئەو ماشێنە هەڵنەدەگرت کە خەریک بوو بەرەو ڕوومان دەهات.

گوتم : بەو نوێژی نیوڕۆیە ئەوە گڵۆپانە…

پەڕییە نێو قسەکەم. بە دەنگێکی گڕەوە

_ قەت دیوتە؟ سەر لە نوێ دەبێ لە ئەی ڕەقیبی هەوەڵێڕا پێدا بێینەوە؟

ئیدی دایە پڕمەی گریان.

ڕامان سۆفی سوڵتانی

(لە ئەکاونتی فەیسبووکی ناوبراو وەرگیراوە)

( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)